لە درێژەی دەسبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکان و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە، چەند هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی پاوە، بۆکان و سایین قەڵا دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو''، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری پاوە بە ناوەکانی زانا سەعیدی، ئارش ئیبراهیمی، شوان ئەحمەدی و مێقداد بەلەبزانی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لەم شارە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
هەروەها، ڕۆژی پێنجشەممە ٣١جۆزەردان، هاووڵاتییەکی بەساڵاچوو بە ناسنامەی "ئیسماعیل پوورعەبدوڵڵا"، خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ١ی پووشپەڕ، ئارام ئوستادی، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سایین قەڵا، بە هۆی هێرشی هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم، دەسبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردانە بەبێ بەڵگەی یاسایی و هاوکات لەگەڵ نواندنی توندوتیژی بووە و هەوڵەکانی بنەماڵەکان بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی منداڵەکانیان تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.
هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییه کوردانه لەبەر دەستدا نییه .