کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نوێنەری حیزب لەگەڵ ئەندام پارلەمانی فێدراڵ لە ئوسترالیا

11:32 - 2 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی هەینی ١ی پووشپەڕ (٢١ ی ژوئنی ٢٠٢٤)، سەلاح پوورئەسەد بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە ئوسترالیا لە شاری بریزبن لەگەڵ گراهام پیریت نوێنەری پارلەمانی فێدراڵی ئوسترالیا لە حیزبی کاری دەسەڵاتدار و بەرپرسی مافی مرۆڤی پارلەمان کۆ بووەوە.

لە و کۆبوونەوەیەدا سەلاح پوورئەسەد ئاماژەی بە کار و کردەوە تیروریستییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لە سەرەتای دامەزرانییەوە کرد کە جگە لە سەرکوتی بێبەزەییانەی گەلانی ئێران بە تایبەت دوو نەتەوەی کورد و بەلووچ، کۆشتاری بە کۆمەڵی گەلی کورد، ئێعدام و تێروری هەڵسووڕاوانی سیاسی لە دەرەوەی وڵات بە دەستی دەزگای ئیتلاعات و سپای پاسداران و تێروری ئاشکرای ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەت تێروری دوکتور عبدالڕەحمان قاسملوو کرد کە لە ئاکامی ساتوسەودای ئێران و ئوتریش قاتڵەکان نێردرانەوە ئێران. سەودای سەرسووڕهێنەری تێروریست حەمید نووری لەگەڵ دوو هاووڵاتیی سویدی بەبارمتەگیراو لە ئێران کۆمەڵگای پێشکەوتوو و گەلانی ئێرانی تووشی ڕاچڵەکان کرد و باوەڕ بە دروشمی دێموکراسی کەوتە ژێر پرسیاری زیاتر.

گراهام پیریت وێڕای بەداخبوون لەو کارەساتانە ڕایگەیاند کە ئێمە بە هاووڵاتییانی خۆمان ڕاگەیاندووە کە نەچنە ئێران، چونکە هەمیشە ترسی بەبارمتەگیرانیان لە سەرە و نامانهەوێ بچینە ساتوسەودایەکەوە کە ئێران بە سەرماندا بسەپێنێ.

پاشان سەلاح پوورئەسەد ئامارێکی دروستی بە پشتبەستن بە ئاماری باوەڕپێکراو لەسەر کوشتاری خەڵکی کورد، ئیعدامکراوەکان و گیراوە سیاسییەکان و کۆڵبەران پێشکەش کرد.

گراهام پیریت وێڕای وەرگرتنی زانیارییەکان بەڵێنی دا کە ڕاپۆرتێک لەو بارەیەوە پێشکەشی وەزیری دەرەوە بکات.

پاشان باسی بڕیاری دەوڵەتی کانادا کرا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سپای پاسدارانی خستۆتە لیستی تێرورەوە، هەر بۆیە سەلاح پوورئەسەد داوای کرد کە ئێستا زۆرینەی پارلەمان بە تایبەت حیزبی لیبراڵ و سەوزەکانیش پشتی هەر بڕیارێک سەبارەت بە ناسینی سوپای پاسداران بگرن کە بخرێتە لیستی تێرورەوە. هەر بۆیە گەلی کورد و هەموو گەلانی ئێران چاوەڕوانن  دەوڵەتی ئوسترالیا هەنگاوێکی لەم چەشنە بهاوێژێ.

لە کۆتاییدا گراهام پیریت قەولی دا جارێکی دیکە ئەو مەسەلەیە بێنێتەوە بەر باس.