کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا: کوژران و برینداربوونی ٧٤ کۆڵبەر، بەندکردنی ١٨٨ چالاکی سیاسی و ئێعدامی ٣١ بەندیی کورد

02:27 - 5 پووشپەڕ 2724

لە سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا: کوژران و برینداربوونی ٧٤ کۆڵبەر، بەندکردنی ١٨٨ چالاکی سیاسی و ئێعدامی ٣١ بەندیی کورد

(ڕاپۆرتی بەشێک لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی دەزگای قەزایی، هێزە چەکدارەکان و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە وەرزی بەهاری ١٤٠٣ هەتاویدا)

 

وەرزی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣ لە کاتێکدا تێپەڕی کە بەپێی ئەو داتا و زانیار‌یانەی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لای خۆی تۆماری کردوون، تەنیا لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ساڵدا زیاتر لە ٣٥٠ حاڵەتی پێشێلکردنی زبری مافی مرۆڤ لە کوردستان ڕووی داوە.

لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا ٧٤ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی. لەو ٧٤ کۆڵبەرە ٢٥ کەسیان کوژراون و ٤٩ کۆڵبەریش بریندار بوون. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە کە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا ٣٥ کۆڵبەر و کاسبکار ناوچە سنوورییەکانیان کوژرابوون و بریندار بوون، ئەو ئامارە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دوو هیندەی ساڵی ڕابردوو، و ئاماری کوژراوەکانیش چوار هیندەی پار بووە. هێزە ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەک لە خشتەکانیشدا بە ڕێکەوت و ناو ئاماژەیان پێ کراوە، لە ماوەی سێ مانگی بەهاردا سەرەڕۆیانە لە نێوشاری کرماشان، سەحنە و تیکاب بە دەستڕێژ و بە گومانی پێبوونی باری قاچاغ کاسبکارێکیان کوشتوە و ٥ کەسیشیان بریندار کردوە.

کوژران و برینداربوونی ٧٤ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە وەرزی بەهاری ئەمساڵ لە حاڵێک‌دایە کە لە ساڵی ڕابردوو (١٤٠٢)یشدا

٤١٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست دا و بریندار بوون. لەو ٤١٠ قوربانییەی ساڵی ڕابردوو ٤٦ کەسیان کوژرابوون و هەروەها ٣٦٤ کەسیش بریندار ببوون.

هەر لە ماوەی ئەم سێ مانگەی سەرەتای ساڵدا ١٨٨ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. ژمارەیەک لەوان دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان تا کاتی دادگاییکرانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و ٣٩ کەس لەوان حوکمی ٢ مانگ تا ٢١ ساڵ زیندان سەرجەم ١٣١٥ مانگ ( ١٠٩ ساڵ و ٧ مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە.

دەسبەسەرکرانی ١٨٨ کەس لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ساڵ لەحاڵێک‌دایە کە ساڵی ڕابردووش (١٤٠٢) هەرنەبێ ٩٦٠ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون. لەو ٩٦٠ کەسە کە بەشی هەرەزۆریان لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینا بوون، لانیکەم ٢٤٢ کەسیان دادگایی و سەرجەم سزای ٧٣٠ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپابوو.

لە ماوەی سێ مانگی بەهاری ١٤٠٣دا لانیکەم ٣١ بەندکراوی کورد ئێعدام کراون کە پێشتر بە تاوانی کوشتن بە ئانقەست یان تاوانەکانی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو، هەروەها دوو کەس لەوان زیندانیی سیاسی_عەقیدەتی بوون کە بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی پاش ١٥ ساڵ مانەوە لە زیندان لەدار دران. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە کە لە ماوەی سێ مانگی بەهاری ساڵی ڕابردوودا ٢١ بەندکراوی کورد ئێعدام کرابوون، دەبینین کە لە ساڵی نوێدا ئاماری ئێعدامەکان لە چاو ساڵی ساڵی ڕابردوو لەو ماوە هاوشێوە زەمەنییەدا سەتا ٤٠ زیادی کردوە.

شایانی باسە کە ئاماری ئێعدامەکان لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ڕابردوو (١٤٠٢)یشدا لانیکەم ١٣٢ کەس بوو کە ‌به‌پێی ڕێژه‌ی حه‌شیمه‌تی کورد له‌ ئێران و ئاماری ئێعدامه‌کان له‌و وڵاته‌ له‌و بوارەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤیشدا، کورد هه‌ر به‌شی شێری به‌رکه‌وتبوو.

لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ئه‌مساڵدا تەقینەوەی مینە لەکارنەخراوەکان لە کوردستان زیاتر لە ٢٥ قوربانیی لێ‌کەوتۆتەوە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی ١٠ کەس لەوانی ئاشکرا کردوە. لەو ١٠ قوربانییەی تەقینەوەی مین کە ناویان ئاشکرا کراوە ٤ کەسیان گیانیان لەدەست داوە و ٦ کەسەکەی دیکەش بریندار و نقوستان بوون. ژمارەی قوربانییانی مینە لەکارنەخراوەکان لە ساڵی ١٤٠٢دا لانیکەم ٥٠ کەس بوو کە "چاونیوز ناو و ناسناوی ٢٢ کەس لەوانی ئاشکرا کردبوو.

تێبینی: ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایدەگەیەنێ ئەو ئامار و زانیارییانەی لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران بڵاوی کردۆتەوە تەنیا ئەو بەشە لەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هەواڵ و زانیارییەکان بە ئاشکرا بە میدیایی کراون و لە لایەن سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە ئاماژەیان دراوەتێ، ئەگینا ئەو ناوەندە پێی وایە کە ئاماری ورد و دروستی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەهۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر زیاتر لەو ئامارەیە کە ده‌خرێته‌ به‌رچاو.