کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ خۆپیشاندانێک دژی دیپلۆمات تێرۆریستێکی ڕێژیمی ئێران لە ئاڵمان بەڕێوە چوو

11:37 - 9 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی پووشپەر بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران هاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵێک لە چالاکوانانی سیاسی، سەبارەت بە دەرکەوتنی سید حوسێن مووسەویان دیپلۆمات تێرۆریستی کۆماری ئێسلامیی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان، لە ناوەندی شاری هامبۆرگ خۆپیشاندانێکیان بەڕێوە برد.

خۆپیشاندەران ناڕەزایەتی و تووڕەیی خۆیان لە هەڵسوکەوتی وڵاتانی ڕۆژاوایی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەربڕی و ئاماژەیان بەوە کرد کە لە دوای شۆڕشی ''ژن، ژیان، ئازادی'' بە نهێنی لەگەڵ ئەو سیستمە دیکتاتۆر و تێرۆریستەدا چاوپێکەوتن و وتووێژ دەکەن.

شایانی باسە سەید حوسێن مووسەویان لە ساڵی ۱۳۶۹ تا ۱۳۷۶ باڵوێزی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی ئاڵمان بووە و لەم ماوەیەدا ۲۲ کەس لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە ئورووپا تێرۆر کران کە تێرۆری دوکتورعەبدولڕەحمانی قاسملوو و دوکتور سادقی شەرەفکەندی لەم بڕگەدا ڕووی داوە.

لە دوای تیرۆری دوکتور شەرەفکەندی و دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر لە دادگاییەکی درێژخایەندا کۆماری ئیسلامی وەک یەکێک بکەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستیە ناسێندرا.