کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێوەستبوونی ٨ بەندکراوی بەندیخانەی قزڵحەسار بە هەڵمەتی نا بۆ لەسێدارەدان

13:52 - 15 جۆزەردان 2724

مانگرتن لە خواردنی هاوبەشی ژمارەیەک لە بەندکراوانی بەندیخانەکانی ئێڤین، سەقز، شیراز، خوڕماوا و قزڵحەسار لە ڕۆژەکانی سێشەممەدا بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە لەسێدارەدانەکان، بەپێوەستبوونی ٨ بەندکراوی دیکە بەردەوام دەبێت.

بەپێی زانیارییەکان ئەم ٨ بەندکراوە عەقیدەتی سیاسییە لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج کە لەژێر مەترسیی لەسێدارەداندان بە هەڵمەتی نا بۆ لە سێدارەدان پەیوەست بوون و لە ئێستادا لە بارودۆخێکی نامرۆڤانەدا لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا هێڵراونەتەوە.

پێشتریش ١٠ ڕێکخراوی کرێکاری و کۆمەڵایەتی ڕایانگەیاندبوو کە بۆ پشتیوانیکردن لەم هەوڵە هاوبەشەی بەندکراوان، بەم هەڵمەتەوە پیوەست دەبن.

لەم پێوەندییەدا شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوەکانی سەندیکای مامۆستایانی ئێران و ١٠ ڕێکخراوی کرێکاری و کۆمەڵایەتی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بە بانگێشتکردنی هێزە سیاسییە ئازادیخوازەکان ڕایانگەیاندبوو کە بە سێشەممەکانی ناڕەزایەتی بە لەسێدارەدان پەیوەست بوون.

سەرەتا ١٠ بەندکراو لە بەندیخانەی قزڵحەسار ڕێکەوەتی ١٠ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو ڕایانگەیاندبوو کە لە ناڕەزایەتییەکی حەفتانە بە دژی دەرکردنی حوکم و ئەنجامی لەسێدارەکان، ڕۆژانی سێشەممە وەکوو سێشەممە ڕەشەکان مان لە خواردن دەگرن.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان لە جیهاندا، باسی لە ڕێژەی بەرچاو و پەرەسەندنی لەسێدارەدانەکان لە ئێراندا کردبوو کە بەپێی داتاکانی ئەو ڕێکخراوە زیاتر لە ٧٤لەسەدی لەسێدارەدانەکانی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام دراوە و هەر ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئاماری لەسێداردانەکانی جیهان بچێتە سەرەوە.