کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

د. بابان ئەلیاسی: دەستبەسەرکردن یان حەزفکردنی سەرانی ڕێژیم بەشێکە لە ستراتێژیی لایەنە توندڕەوەکانی ئێران بە مەبەستی پاراستنی کۆنترۆڵی سیستمی سیاسی

18:13 - 16 جۆزەردان 2724

وتووێژ: شەهرام سوبحانی

ئاماژە: مەرگی ئیبراهیمی ڕەئیسی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران و ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەەرەوی ڕێژیم لە دوو حەتووی‌ ڕابردوودا بووە هۆی کاردانەوەیەکی بەربڵاو لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا کە گرینگترینیان خۆشی و شادی دەربڕینی خەڵکی نێوخۆ و دەرەوی ئێران بوو، هەروەها بووە هۆی ورووژاندنی چەندین پرسیاری جۆراوجۆر وەکوو: مردنی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران چ کاریگەرییەکی لەسەر سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران دەبێت؟، ئایا مردنی گوماناوی ڕەئیسی دەتوانێت ببێتە هۆی ئاژاوەگێڕی و دوو دەستی نێوان سەرانی سیستەم؟، ئایا بڕیار وابوو ڕەئیسی ببێتە جێگرەوەی خامنەیی؟ ئایا بەڵگەنامەیەک هەیە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە مەرگی ڕەئیسی ڕووداوێک نەبووە، بەڵکوو بەرنامەیەکی لەپێش داڕێژراو بووە؟، هۆکاری لەنێوبردن و دەستبەسەرکردنی ئەندامانی نیزام لەماڵی خۆیاندا، لەوان ڕەفسەنجانی، خاتەمی، مووسەوی و ... هتد چییە؟ کە بۆ وڵامدانەوەیان داوامان لە زۆر بەڕێز د. بابان ئەلیاسی، چالاکی سیاسی و کارناسی نێودەوڵەتی کردوە تا لەم بارەوە زانیاری زیاترمان پێ بدا.

دوکتور بابان سەرەتا بەم پرسیارە دەچینە نێو باسەکەمان، بە بڕوای بەڕێزتان مردنی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران چ کاریگەرییەکی لەسەر سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران دەبێت؟

سەرەتا دەبێ ئاماژە بەوە بکەم کە ململانەیەکی ناوخۆیی لە ئێراندا هەیە فرە لایەنە و ڕەهەندی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئایدۆلۆژی لەخۆ دەگرێت. ئەم ململانێی کە لەنێوان لایەنە جیاوازەکانی ناو سیستەمی سیاسی ئێران، حکوومەت و گروپە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان و ئاڵنگاری ئابوورییە، هەم بە هۆی سیاسەتی ناوخۆیی و هەم بە هۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان توندتر بوونەتەوە. کەچی هەتا ئێستا هۆکاری مردنی ئیبراهیمی ڕەئیسی ڕوون نییە و زانینیشی لەوانەیە زەحمەت بێت، چونکە ڕێژیم نایەوێ هۆکارەکەی ئاشکرا بێت. هێندێک چاوەدێر گومان دەکەن کە پیلانی ناو باڵەکانی ڕێژیمە و هێندێکیش دەیدەنە پاڵ ئیسرائیل و، ڕێژیمیش خۆی تا ئێستا، هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ کێشەی فەنی. ڕێژیم نایەوێ هۆکاری مردنەکەی ڕوون بکاتەوە، چونکە ئەوە دەتوانێت ببێتە هۆی نائارامی و ناسەقامگیری زیاتر لە وڵاتدا. هۆکاری کوژرانی هەرچی بێت، کوژرانی سەرۆککۆمار و وەزیری خارجەکەی، زەبرێکی گەورەیە لە کۆماری ئیسلامی و پێگەی ڕێژیم لاوازتر دەکات. ئەم ڕووداوە چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی دەرەوەش لاوازی ڕێژیم دەردەخات. لە پەیوەندی لەگەڵ دۆزینەوەی جێنشین بۆ سەرۆککۆمار، ئێستا ڕێژیم نەک تەنها دەبێت جێنشین بۆ ڕەئیسی بدۆزێتەوە، بەڵکوو دەبێت لەبیری جێنشینیش بۆ خامنەیی بێت. لە بەر ئەوەی مکانیزمەکانی هەڵبژرادن لە ئێران دێموکراتیک نین، ڕێژیم ناچارە دەست بۆ ڕێگای ئەندازەیاری کردنی هەڵبژاردنەکان بکات، ئەویش بە دۆزینەوەی کاندیدای دڵخوازی ڕێژیم لەنێو بازنەی تەنگی لایانگرانی خۆی. لە ئەندازەیاریکردنی هەڵبژاردن، ڕێژیم ئەزموونی هەیە، بەتایبەت کاتی هێنانی "ئەحمەدی نژاد"، کە حکوومەتی تووشی قەیرانی جیددی کرد. بۆیە لە هێنانی جێنشین بۆ ڕەئیسی، ئەو ئەگەرە هەیە کە ڕێژیم نەتوانێ بە باشی مودیریەتی بکا و لە ناو باڵە جیاوازەکانی ڕێژیم دووبەرەکێیەکان قووڵتر ببنەوە. لە پەیوەندی نێوانی حکوومەت و گەلانی ئێران لە سەردەمی ڕەئیسی، ئەم وڵاتە لەگەڵ گەورەترین قەیرانی وجوودی ڕووبەڕوو بوەوە. ئەویش دوای شەهید بوونی "ژینا ئەمینی" بوو. هەر چەند بە بەکارهێنانی توندوتێژی لە ڕادەبەدەر، ناڕەزایەتییەکان سەرکوت کران، بەڵام هۆکارەکانی ئەو ناڕەزایەتییانە هێشتا لە جێی خۆیانن. ئێران لەم ساڵانەی دواییدا چەندین شەپۆلی ناڕەزایی بەخۆیەوە بینیوە، وەک بزووتنەوەی "سەوز" لە ساڵی ٢٠٠٩، هەروەها خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە لە ساڵانی ٢٠١٧-٢٠١٨ و ٢٠١٩-٢٠٢٠، کە بەهۆی ناڕەزایەتییە ئابوورییەکان و سەرکوتی سیاسی و داخوازییەکان و ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان بوو. وەڵامی حکومەت بۆ ئەم ناڕەزایەتییانە زۆر جار توند بووە. پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دەرەوەش، وایکردوە کە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی ئەمریکا سەپێنراون، ئابووری ئێرانی پەکخستووە و هەناردەکردنی نەوتی سنووردار کردوە و دەست ڕاگەیشتن بە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی سنووردارە و، بووەتە هۆی هەڵاوسان و بێکاری. خراپ بەڕێوەبردنی ئابووری و گەندەڵی ئەم کێشانەی گەورەتر کردوە و ناڕەزایی گشتیی بەرفراوانی لێکەوتۆتەوە. مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆشایی دەستبەجێی سەرکردایەتی دروست دەکات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی ئەو وەک سەرۆککۆمار و کاریگەرییەکانی لە ناو فراکسیۆنی کۆنەپارێزەکانی دامەزراوەی سیاسی ئێراندا. ئەم چۆڵایی دەسەڵاتە پێگەی ڕێژیمی لاواز کردوە. هەر چەند ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان لەم ماوەیە زۆر لاوازە، بەڵام پێشبینی سەرهەڵدانەوەیشی ئاسان نییە و دەتوانێ لە هەر ئان و ساتێ ڕووبداتەوە. ئەوە ڕاستە لەماوەی نێوان مردنی ڕەئیسی تا هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ، بۆشاییەکی سەرۆکایەتی لە ئێران دروست دەبێت، بەڵام بە حوکمی ئەوەی لە ئێران دەسەڵاتی سەرۆککۆمار زۆر سنووردارە و خامنەیی خۆی هەمە کارەیە، مردنی سەرۆککۆمار کاریگەری بەرچاوی لە سەر دۆخی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران نابێت. جیا لەوە، لە زۆر بوارەوە ئیبراهیمی ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، کەسایەتییەکی سیاسیی ناکارامە و لاواز بوو. بەگشتی مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، کاریگەری لەسەر دیمەنی سیاسی و پەیکەری کۆمەڵایەتی و سەقامگیری ئابووری و پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئاسایشی ناوخۆی ئێران نابێت. سروشت و ڕادەی ئەم دەرئەنجامانە تا ڕادەیەکی زۆر بەندە بە وەڵامدانەوەی دەستبەجێی سیاسی و سەرهەڵدانی سەرکردایەتی نوێ و کاردانەوەی کوتلە جۆراوجۆرەکانی ناو سیستەمی سیاسی ئاڵۆزی ئێران. دەرئەنجامەکانی مردنی ڕەئیسی لە سەر سیاسەتی دەرەوە و دانوستانە نێودەوڵەتییەکان کاریگەری وەهای نابێت. لەوانەیە تاکتیکی ڕێژیم لە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەڵوێستی بەپێی بەرژەوەندییەکانی بگۆڕێ، بەڵام لەبەر ئەوەی کە هێڵی گشتی ئەو پڕۆژە ئەتۆمییەی ئێران، لەژێر چاوەدێری عەلی خامنەیی خۆی دایە، هەڵوێستی جێنشینی ڕەئیسی ناتوانێ لە دیاریکردنی ئاراستەی ئەم دانوستانانەدا زۆر گرینگ بێت. سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ئەکتەرە سیاسییەکانی ناوچەکە، لەوانە سعودیە، ئیسرائیل، تورکیە و ... بە دوور دەزانم کە گۆڕانکاری بنەڕەتی بە سەردا بێت، چونکە هەر لایەنێک هەوڵ دەدا هەژموونی خۆی بسەپێنێ. ئەگەری ئەوەش هەیە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە ناچار ستراتێژییەکانیان بەرامبەر ئێران هەڵسەنگێننەوە، بەتایبەتی ئەگەر سەرکردەیەکی توندڕەوتر لە جێگەی ڕەئیسی دەستبەکار بێت. چین و ڕووسیەش بەردەوام دەبن لەگەڵ ئێران بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان. ئەگەر پێویست بێت واز لە ئێران دێنن. چونکە بە دوای بەرژەوەندین نەک هاوپەیمانی لەگەڵ ئێران. ڕەئیسی وەک سەرۆککۆمار، زۆر مەیلی بەرەو بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دژبەری ڕۆژئاوا بوو. لە ئاستی ناوخۆیی، توندڕەوەکان کە پابەندترن بە پاراستنی بناغە ئایدۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامی و بەرەنگاربوونەوەی نفوزی ڕۆژئاوا دەکەن، زاڵن بەسەر دامەزراوەکانی وەک شوورای نیگابان و دەسەڵاتی دادوەریدا. دەکرێ بگوترێ کە لە ناوخۆی ئێران دەسەڵات یەکدەست بوەتەوە و ئیدی چەمکی دێموکراتی مانای خۆی لە دەست داوە و، ئێران بەرەو سیستەمێکی تێوکراسی (مەزهەبی) دەچێت. هەتا ئەم ڕێژیمە هەبێ لە سەر سیاسەتی دەستێوەردان و پەرەدان بە قووڵایی ئیستراتێژیکی ئیسلامی سیاسی شیعە بەردەوام دەبێت. بەو مانایە، لە پشتیوانی کردنی گروپە تێرۆریستییەکان و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان، بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ بەردەوام دەبێت و، وەک هۆکاری گرژی لە ناوچەکە دەمێنێتەوە.

پێت وایە مردنی گوماناوی ڕەئیسی دەتوانێت ببێتە هۆی ئاژاوەگێڕی و دوو دەستی نێوان سەرانی سیستەم؟

مردنی ڕەئیسی دەتوانێ لانیکەم تا هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ، ببێتە هۆی نادڵنیایی ئابووری و کاریگەری لەسەر بازاڕەکان و متمانەی وەبەرهێنەران و بەهای تمەنی ئێرانی بدات. ئەم ناسەقامگیرییە دەتوانێت کێشە ئابوورییەکانی ئێستا، وەک هەڵاوسان و بێکاری گەورەتر بکات. بەڵام دەکرێت سەقامگیریی نیسبی دروست ببێت ئەگەر سەرکردەیەکی بەتوانا سەرهەڵبدات یان ناسەقامگیری درێژخایەن ئەگەر ململانێی باڵەکانی ناو ڕێژیم بەردەوام بێت. ئەم ئەگەری دووهەمە زۆر بەهێزترە، چونکە ڕێژیم کۆمەڵێک کێشەی چارەسەر نەکراوی ناوخۆیی و دەرەکی هەیە، کە گرێدراوە بە سروشت و ماهییەتی ڕێژیمەوە. ئایدیاڵە دامەزرێنەرەکانی شۆڕشی ئیسلامی، وەکوو هەستی دژە ڕۆژئاوایی و پێشخستنی مۆدێلێکی ناوازەی حوکمڕانی ئیسلامی و خستنە ژێر پرسیاری نەزمی جیهانی، زۆرجار لەگەڵ پێداویستییە پڕاگماتیکییەکان بۆ پەیوەندی‌کردن لەگەڵ ئابووری جیهانی و کۆمەڵگەی دیپلۆماسی بەریەک دەکەون. ئەم گرژییە لە مشتوومڕەکانی سیاسەتی دەرەوە و چاکسازییەکانی ناوخۆدا بەرچاو دەکەون. لە نێوان هێزە جیاوازەکان لە ئێران ململانێی جیددی هەیە. دەرئەنجامی ململانە ناوخۆییەکان دەتوانێ کاریگەریی بەرچاوی هەبێت لەسەر ئاراستەی داهاتووی ئێران، پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی و بارودۆخی بژێویی هاووڵاتیانی. سروشتی دینامیکی ئەم ململانێ ناوخۆییانە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئێران لە کاتێکدا کە ڕێڕەوی خۆی بەرەو پێشەوە دەڕوات، بەردەوام ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ دەبێتەوە و دەبێ دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم بکا.

ئایا بڕیار وابوو ڕەئیسی ببێتە جێگرەوەی خامنەیی؟
بە ئاشکرا ڕانەگەیاندرا بوو کە ڕەئیسی ببێتە جێنشینی خامنەیی، بەڵام یەکێک لە بژاردەکان بوو. ڕەئیسی کەسایەتییەکی سەرەکی لە نێو بناغەخوازانی ئێراندا بوو. زۆر جار وەک جێنشینێکی پۆتانسێلی عەلی خامنەیی ڕێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامی سەیر دەکرا. هێندێک لە چاوەدێران بە دووری نازانن کە خامنەیی و دەورووبەرەکەی دەستیان لە حەزف کردنی ڕەئیسی و وەزیری خارجەکەی هەبوو بێت. هۆکاری ئەم گریمانە دەگەڕێننوە بۆ ئەوەی کە ڕەئیسی و وەزیری خارجەکەی زۆر ڕادیکاڵانە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا هەڵسووکەوتیان دەکرد و ئەمەش لەگەڵ بۆچوونی خامنەیی و دەورووبەرەکەی کە زۆرتر سیاسەتی عەمەلی و پڕاگماتیکیان پەیڕەوی دەکرد، ناتەبایی هەبوو. لایەنگرانی ئەم بۆچوونە پێیان وایە کە خامنەیی نایەوێت دوای خۆی، ئەوەی بە سەر "ئەحمەدی خومەینی" و "هاشمی" هات، بە سەر موجتەبای کوڕی و دەورووبەرەکەی بێت. بۆیە دوور نییە کە خامنەیی بۆ ئەوەی ئەم مەترسییە دروست نەبێت، بە جۆرێک لە سیاسەتەکانی ئێران ئاڵوگۆڕ دروست بکا و بەرامبەر بە ڕۆژئاوا نەرمی بنوێنێت. بە جۆرێک لای ڕۆژئاواییەکان مەقبووڵییەت دروست بکات و دوای مردن خامنەیی، هەم موجتەبا پارێزراو بێت، هەم حکوومەتەکەش. ئەوە لە کاتێکدایە کە پێش مردنی ڕەئیسی، دەگوترێ کە ئێران و ئەمریکا بۆ جاری یەکەم لە وڵاتی عەمان وتووێژی ڕاستەوخۆیان هەبووە.

ئایا بەڵگەنامەیەک هەیە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە مەرگی ڕەئیسی ڕووداوێک نەبووە، بەڵکوو بەرنامەیەکی لەپێش داڕێژراو بووە؟

وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد، لێکۆڵینەوەی کۆتایی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بڵاو نەکراوەتەوە. هیچ لایەنێکی دیکەش بە بەڵگەوە هۆکاری مردنەکەی ڕوون نەکردۆتەوە. ئەوەی هەتا ئێستا دەگوترێ تەنها بۆچوون و شیکردنەوەیە بۆ ڕووداوەکە.

پێتان وایە هۆکاری لەنێوبردن و دەستبەسەرکردنی ئەندامانی نیزام لەماڵی خۆیاندا، لەوان ڕەفسەنجانی، خاتەمی، مووسەوی و ... هتد چییە؟

دیمەنی سیاسی لە ئێران ئاڵۆزە و بە ئاڵۆزییەکانی نێوان ڕێفۆرمخوازان، کۆنەپەرستان و توندڕەوەکانی ناو دامەزراوەی کۆماری ئیسلامی تایبەتمەندە. گرتن و دەستبەسەرکردنی کەسایەتییە دیارەکانی وەک "محەممەد خاتەمی"، "ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی" و "میرحوسێن مووسەوی"، ڕەنگدانەوەی ئەم ململانێ ناوخۆیی و ململانێی دەسەڵاتەیە، کە عەلی خامنەیی دەسەڵاتێکی بەرچاوی بەسەر هەموو لقەکانی حکوومەت و سەربازی، لەوانەش سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و میدیاکاندا هەیە. خامنەیی مەجالی هیچ چاکسازیەکی سیاسی، پێشخستنی ئازادییە مەدەنییەکان، و باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوا نادا، یان لە نێوان لایەنگرانیدا، سیاسەتی خودی و ناخودی دەگرێتە پێش. ئەمەش ناڕەزایەتی لەنێو سەرانی ڕێژیم دروست دەکا، بەتایبەت لە نێو سەرۆککۆمارکانی پێشوو ئەم دۆخە زۆر دیار و بەرچاوە. دەستبەسەرکردنی ئەو کەسایەتییانە یان حەزفکردنیان، بەشێکە لە ستراتێژێکی بەرفراوانتر لەلایەن لایەنە توندڕەوەکانی ئێرانەوە بۆ پاراستنی کۆنترۆڵی سیستمی سیاسی جێبەجێ دەکرێ. ڕێژیم تاکتیکی جۆراوجۆر بەکار دەهێنێت، لەوانە گرتن لە ماڵەوە، قەدەغەکردنی میدیا و گۆشەگیری یاسایی، بۆ سەرکوتکردنی ناکۆکی و بێلایەنکردنی کاریگەریی دژبەرەکانی نێو دەسەڵات. ئامانج لێی پێشگرتنە لە هەر جۆرە تەحەدایەکی بەرچاو بۆ قەوارە ئایدیۆلۆژی و سیاسی کە شۆڕشی ئیسلامی دامەزراندووە، بەمەش بەردەوامیی پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێستا مسۆگەر بکرێت.

کاک بابان سپاس بۆ بەشداری کردنتان لەم دیمانەیەدا

سپاس ئێوەش ماندوو نەبن.