کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوی تێپه‌ڕینی ٥٥ ڕۆژ له‌ ده‌سبه‌سه‌ركردنی كه‌ماڵ لوتفی هێشتا چاره‌نووسی ناڕوونه‌

10:19 - 16 جۆزەردان 2724

 به‌ تێپه‌ڕبوونی ٥٥ ڕۆژ له‌ ده‌سبه‌سه‌ركردنی كه‌ماڵ لوتفی باوكی شه‌هید ڕه‌زا لوتفی یه‌كێک له‌ شه‌هیده‌كانی بزوتنەوەی ''ژن، ژیان، ئازادی'' لە دێولان، ئەو هاووڵاتییە بە بڕیاری دەسبەسەربوونی کاتییەوە و بەبێ هه‌بوونی مافی پارێزەر، خزمەتگوزاریی پزیشکی و چاوپێكه‌وتن لەگەڵ بنەماڵەكه‌ی، لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو لە زیندانی کامێراندا ڕاگیراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە دوایین بارودۆخی ئەم هاووڵاتییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌  کەماڵ لوتفی لە کۆتاییه‌كانی مانگی بانه‌مه‌ڕ دوای نزیکەی مانگێک دەسبەسەربوون لە یه‌كێک گرتنگەکانی ئیتلاعات لە پارێزگای سنه‌، بۆ زیندانی کامێران ڕاگوێزراوه‌ته‌وه‌.

هەروەها بە بڕیاری دادستانی گشتیی کامێران لە مافی هه‌بوونی پارێزەر و پێوەندیگرتن و چاوپێكه‌وین له‌گه‌ڵ بنەماڵەكه‌ی بێبەش کراوە و تا ئێستایش به‌و دۆخه‌ هەڵپەسێردراوه‌ لە زینداندا ڕاگیراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەكی نزیک له‌ ناوبراو، کەماڵ لوتفی نەخۆشیی پێستی هه‌یه‌، بەڵام تا ئێستا لە مافی وەرگرتنی دەرمانەکان و خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە و ئەمەیش بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانیی بنەماڵەکەی لە ئاست دۆخی تەندروستیی ئەم هاووڵاتییەدا.

کەماڵ لوتفی له‌ ٢١ی خاكه‌لێوه‌دا دوای بانگکرانی بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم له‌ شاری قوروە دەسبەسەر کرا و بۆ یه‌كێک له‌ گرتنگەکانی ئیتلاعاتی ئه‌و پاڕێزگایه‌ ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە پێشتر بە تۆمەتی ''پڕۆپاگاندە دژی ڕێژیم، سووکایەتیکردن بە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران'' سەرجەم بە حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بۆ دەرکرابوو.

کەماڵ لوتفی یەکەم جار ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ لە شەقامێکی دێولاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕه‌وانه‌ی زیندانی كامێران كرا.