کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداری لە کۆڕی ناساندنی کتێبی د. هومایون عەلیزادە کرد

18:04 - 16 جۆزەردان 2724

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی جۆزەردان (٤ی ژوئەنی ٢٠٢٤)لەسەر بانگهێشتی فەرمیی د.هومایون عەلیزادە دیپلۆماتکار و چالاکی مافی مرۆڤ و ئاکادیمیای دیپلۆماسی لە شاری ڤییەن، محەممەد فەقێ عەلی نوێنەری بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆڕی ناساندنی کتێبێکی د. عەلیزادەدا بەشداری کرد.

ئەو کتێبەی د. عەلیزادەدا ئاماژەیە بە هاوکاریی پەنابەرە سیاسییە کوردەکان کە لە سەرەتای ساڵەکەنی ٩٠ی زاینییەوە لە وڵاتی تورکیە ڕێگایان لێ گیرابوو  و هەروەها باس لە پێکهێنانی ڕێکخراوەیەکی مافی مرۆڤ تایبەتی بۆ هاوکاریکردنی بریندارەکانی شۆڕشی ژینا کە  لەو نێوانەشدا بەشی هەرە زۆریان کوردەکان بوون، کە بە هاوکاری و پشتیوانیی ئەو توانیویانە بگەنە چەند وڵاتێکی ئورووپایی و چارەسەری پزشکی وەرگرن و داوای پەنابەری بکەن.

هەروەها بەپێی لێدوانی دوکتۆر عەلیزادە لەگەڵ بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات، بەشێکی٣٠ لاپەڕەیی ئەم کتێبە تەرخان کراوە بۆ جەریانی تێرۆرکردنی ڕێبەری گەلەکەمان دوکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو، لە شاری ڤییەن و د.عەلیزادە ڕایگەیاندووە کە لەو ٣٠ لاپەڕەیەدا هەندێک شتم هێناوەتە بەر باس، کە تا ئێستا لە هیچ جێگایەک باس نەکراوە.

شایانی باسە بە هۆی ئەوەی کە عەلیزادە ئەوکات لە وەزارەتی نێوخۆی ئوتریشدا کارمەند بوو و هەروەها ئەو ئێوارەیە کە ڕێبەری شەهید د. قاسملوو تێرۆر دەکرێت پێشتر دانیشتنێکیان پێکەوە هەبووە ئاگاداری هەندێک بابەت و وردەکاریی تێرۆری دکتۆر قاسملوویە.

هەروەها د.عەلیزادە یەکێک لە دۆستەکانی ڕێبەری شەهید د. قاسملوو بوو و لە ساڵەکانی ٧٠ زایینییەوە لە وڵاتی ئۆتریش نیشتەجێیە و دوکتۆرای زانستە سیاسیەکانی لەم وڵاتە وەرگرتووە و یەکێک لە دەرچووانی ئاکادێمیای دیپلۆماسیی شاری ڤییەنە و وەک کارمەندێکی حکوومەتی و هەروەها دیپلۆماتکارێکی نێونەتەوەی لە زۆر بواری مافی مرۆڤ و لێکۆلینەوەکانی جینایەتی دژە مرۆڤیدا لە وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیا و ئورووپادا بەشداریی کردووە.

نوێنەری بەشی پەیوەندییەکانی حزبی دێموکرات وێرای پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە دوکتۆر عەلیزادە بۆ نووسینی ئەو کتێبە، سپاسی خۆشی بۆ هەموو ئەو هاوکاریانەی کە بە ڕۆڵەکانی گەلی کوردی کردوە پێشکەش کرد و بەم جۆرە ڕیزی لە کار  تێکۆشانەکانی ناوبراو گرت.