کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزەکانی ئێران لە سنووری نەوسوود کوژرا

10:25 - 17 جۆزەردان 2724

کۆڵبەرێکی لاو خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی هەژیر مەحموودپوور لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری نەوسوود سەر بە پارێزگای کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژرا.

بەپێی ''هەنگاو''، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی جۆزەردان  کۆڵبەرێکی لاو خەڵکی گوندی "پووینە" سەر بە شاری جوانڕۆ، بەهۆی سەختی برینەکانی لە نەخۆشخانەی قودسی شاری پاوە گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەژیر مەحموودپوور شەوی ڕابردوو لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە سەختی بریندار ببوو و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواسترابوو.

ڕۆژی ڕابردووش، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی سەڵاح خەڵکی گوندی هەلۆژان سەر بە شاری سەوڵاوایە لەکاتی کۆڵبەریدا و لە یەکێک لە ناوچە سنووریەکانی مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بە سەختی بریندار کراوە.

بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، لە مانگی مەی ئەمساڵ لانیکەم ٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراون.