کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری هەیئەتی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پارلەمانی سوید

14:18 - 12 جۆزەردان 2724

ڕۆژی هەینی ١١ی جۆزەردان (٣١ی مەی ٢٠٢٤) هەیئەتی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە بەڕێزان حەمید تەیموری بەرپرسی پێوەندییەکان و هاوڕێ موژدە عەزیزی هاوکاری ئەم بەشە بە مەبەستی دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ نوێنەری پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی مودرات واتە حیزبی دەسەڵاتدار لە سوید خاتوو مارگارێتا سێدرفڵت چوونە پارلەمانی سوید و لەگەڵ ناوبراو کۆ بوونەوە.

بەڕێزان حەمید تەیموری و موژدە عەزیزی بە کورتی باسێکیان لەسەر هەلومەرجی ئەم دواییانەی ئێران و کەوتنەخوارەوەی هلیکۆپتێری ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران و هاوکارەکانی و گرتن و کوشتنی کۆڵبەران و مامۆستایان و ڕۆژنامەوانان و گۆرانیبێژانی کوردستان بە تایبەتی پێشکەش کرد.

تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکە کە لەلایەن هاوڕێیانی حیزبییەوە باس کرا لەسەر دۆخی حیزب و کەمپەکانی حیزب و هەڕەشەکانی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ئەوان و دەستدرێژیکردن بۆ سەر باشوری کوردستان و عێراق و ناوچەکە بوو.

تەوەرێکی تری باسەکە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر وڵاتی سوید لەو دواییانەدا و ئاشکراکردنی سیخوڕەکانی ئێران لە سوید و کێشەنانەوە لەو وڵاتەدا بوو. نوێنەری مودێراتەکانی سوید، خاتوو مارگارێتا باسی لەوە کرد کە زۆر بە نیگەرانییەوە دەڕواننە هەڕەشەکانی ڕێژێمی ئێران بۆ سەر کوردەکان بەگشتی و خواستی خۆی بۆ ئاڵوگۆڕی تازە لە ناوچەکەدا دەردەبڕی.  بەڕێزیان لە وتەکانیدا، جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕێک پێکبهێندرێ زۆر گرینگە کە ئەو باسانە لە وڵاتانی تریش بێنە بەر باس و بگەنە ناو پارلەمانی ئورووپا.

کۆبوونەوکە لە جەوێکی دۆستانەدا، و بە هیوای پێوەندیی پتەوتر لە داهاتوودا، دوای کاتژمێرێک کۆتای پێهات.