کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەزا بەبرنژاد پاش ئازادبوونی بۆ جارێکی دیکە دەسبەسەر کرایەوە

12:00 - 19 جۆزەردان 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣، ڕەزا بەبرنژاد، برای مێهدی بەبرنژاد لە شەهیدانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە قووچان، ٥ ڕۆژ پاش ئازادکرانی کاتیی بە دانانی بارمتە، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

پێشتر ڕۆژی شەممە ١٢ی جۆزەردان ڕەزا بەبرنژاد بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٣١ی بانەمەڕ ناوبراو بە هۆی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکێک لە ماڵپەڕی ئینستاگرامیی خۆیدا سەبارەت بە مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی و شاندەکەی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە قووچان دەسبەسەر کرابوو.

هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردبوو.

ناوبراو پێشتریش ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرابوو.

ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ مێهدی بەبرنژاد هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی شاری قووچان و برای ڕەزا بەبرنژاد لە کاتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم  گیانی لەدەست دا.

ئیتلاعاتی ڕێژیم پاش سێ ڕۆژ لە کوشتنی ناوبراو بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو، تەرمەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردبووەوە.

ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ناوبراو بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی تایبەتی ئەمنییەتی لە گوندی "شارک" سەر بە شاری قووچان بەڕێوە چوو.