کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێک بۆ نوێنەرایەتیی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانیەکان لە ڤییەن

12:39 - 19 جۆزەردان 2724

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی جۆزەردان(٥ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، لە ناوەندی بەڕێوەبەریی مەنتقەی ٩ی شاری ڤییەن سێمینارێک  بۆ نوێنەرایەتی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانیەکان گیرا.

ئامادەکارانی ئەم سێمینارە، هەریەک لە خاتوو سایە ئەحمەد بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی ناوچەی ٩ی ڤییەن لە حیزبی سۆسیال دیمۆکراتی ئوتریش و هەروەها کەنعان گینگۆر بەڕیوەبەری  دامەزراوەی (think difference) بیری جیاواز و یەکێک لە کۆمەڵناسە بە ناوبانگەکانی ئاڵمانی زمان لە وڵاتی ئاڵمان، کە ماوەی چەند ساڵێکە لە ئوتریش دەژیت و ڕاوێژکاری حکوومەتی ئوتریش و حیزبە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە بۆ کاری گونجان و بەیەکەوەژیان هەروەها لێکۆلینەوەی زانستی لەو بوارانەدا دەکات، ئامادەکاری بۆ کرابوو و لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەی ٩ی ڤییەن بەڕێوەچوو.

بەشداران، بێجگە لە بانگهێشتی نوێنەرایەتیی زۆربەی حیزب و ڕێکخراوەکان، بەشێک لە سیاسییە بە ڕەگەز کوردەکانی ئەندامی حیزبە سیاسییەکان وڵاتی ئوتریشیش بانگهێشت کرابوون، لەوانە بە تایبەتی لە حیزبی سۆسیال دیمۆکرات و حیزبی سەوزی ئوتریش.

لە سەرەتادا خاتوو سایە ئەحمەد بەڕێوەبەری ناوچەی ٩ی ڤییەن بە هەردوو زمانی کوردی و ئاڵمانی بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد و پاشان کەنعان گینگۆر باسێکی کورتی لە سەر کوردەکان لە تاراوگە پێشکەش کرد.

لە پانێلێکداهەر یەک لە بەڕێزان بێریوان ئەسلان ئەندام پارلەمان لە حیزبی سەوزی ئوتریش و دانا شەدەڵە بەرپرسی مەڵبەندی کوردی لە ڤییەن، محەممەد فەقێ عەلی بەشی پەیوەندیە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئوتریش و هەروەها سولێمان مەحموود بەرپرسی ڕێکخراوی کولتوری کوردی لە وڵاتی ئوتریش بەشدار بوون و باسەکانی خۆیان پێشکەش کرد.

لەدوای ئەم پانێلە لە دەستەی بچووکدا چەند پرسیارێک کە لەلایەن بەڕێوەبەرانەوە  ئامادەکرابوو هێنرانە بەرباس و بۆ ماوەی کاتژمێر و نیوێک باسیان لەسەر کرا و ئاڵوگۆڕی نەزەریان لەسەر کرا، ئەوە بەو مەبەستە بوو کە بەربەستەکانی سەر ڕێگای زیاتر تێکەڵبوونی کۆمەڵگەی کوری لە تاراوگە دەستنیشان بکرێن و تا دەکرێ ئەم بەربەستانە کەم بکرێنەوە کە هەر هەموو دەستەکان بە شێوەیەکی کراوە لەم ئاڵوگۆڕی نەزەراتەدا بەشدارییان کرد و پاشان لەلایەن ئەندامێکی دەستەکەوە، کۆی باسەکان پێشکەش بە کۆڕی گشتیی سێمینارەکە کرا.

شایانی باسە، کە نوینەرایەتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بە فەرمی بانگهێشتی ئەو سێمینارە کرابوو، کە لە پانێل و باسەکاندا چالاکانە بەشداری بوو.

محەممەد فەقێ عەلی، باسی لە سیاسەتەکانی حیزب کرد و لە وتارەکەیدا گوتی بە شەهامەتەوە دەڵێم کە لەوانەیە تەنیا حیزبێک بین، کە  لە لایەک حیزب وەک ئامراز سەیر دەکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراوی نەتەوەیی و نەک حیزب وەک ئامانج هەروەها ئەو شانازیەشمان هەیە، کە لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستانیدا خۆمان بە دژبەری هیچ حیزبێکی کوردستانی نازانین، دەستی هاوکاری و پشتیوانی بۆ هەموو لایەنە کوردستانیەکان درێژ دەکەین بە مەرجێک، سەربەخۆیی سیاسی و بڕیاردانمان نەکەوێتە ژێر پرسیار و ئاستەنگ.

حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، وەک حیزبێکی نەتەوەیی بە هەست بە بەرپرسایەتیکردن بەرانبەر ئەم پرسە گرینگە زۆر قازانج و بەرژەوەدنی حیزبی دەکاتە قوربانی بۆ ئەوەی بووژانەوەیکی نەتەوەییمان ئەگەر لە بەشەکانی دیکەش بێت، سەر بگرێت و زیاتر بەهێز بێ و ببێتە گۆشەیەکی ئەرێنی لە هزر و بیری نەتەوەیی گەلەکەماندا.

ئێمە کوردستانین و کوردستانیش بیر دەکەینەوە بەڵام هیچ کاتێ بەربەست نین لە پێکەوە ژیان لەگەڵ گەل و وڵات و کەمینەکانی دەوروبەرمان، کورد ئەوەی زۆر دەمێکە نیشان داوە، کە تۆلێرانسی نیسبەت بە نەتەوەکانی زاڵ بە سەر پارچەکانی کوردستاندا زۆر زیاتر. هەر بۆ نمونە ئەو هەموو غەدر و ماڵوێرانی و کوشت و کوشتارە کە لە کورد کراوە، لە کاتێکدا کوردیش دەیتوانی دەست بە ڕەشەکوژی و تۆڵەسەندنەوە بکات بە ڵام تا ئێستاش لە هیچ یەک لە پارچەکانی کوردستان کورد دەستدرێژی نەکردۆتە سەر هیچکام لە نەتەوەکانی جیا لە کورد بە تایبەتی چەوسێنەرانی، چون بۆ کورد پاراستنی بەها مرۆڤییەکان هەر لە سەرەتاوە گرینگیی تایبەتی هەبووە.