کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا/ بەڕێوەچوونی سێمینارێک بەبۆنەی ٣٥ـەمین ساڵڕۆژی تێرۆری د. قاسملوو بۆ بەڕێز کاک خالید عەزیزی

18:26 - 18 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی پووشپەڕ، سێمینارێک لە ڤێرجینیای ئەمریکا بۆ بەڕێز کاک خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەبۆنەی ٣٥ ساڵەی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بیدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

ڕەحیم ڕەشیدی کۆڕگێڕی سێمینارەکە بەخێرھاتنی بەڕێز کاک خالید عەزیزی و نوێنەری ڕێکخراو و حیزبە کوردستانییەکان و ئەو ھاوڕێیانەی کرد کە لە کاناداوە ھاتبوون و بەشادرییان لەم سێمینارەدا کردبوو.

 پاشان کاک خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەوردی باسی کەسایەتیی شەھید دوکتور قاسملوو و دووربینی و تێگەیشتنی لە زانستی سیاسی و شێوازی سیاسەتکردنی ئەو ڕێبەرە نەتەوەییە کرد و دواتر ئاماژەی بە تێگەیشتنی ڕێبەری زانامان لە بواری دیپلۆماسییەوە کرد و باسی لەوە کرد دوکتور قاسملوو پلانی ھەبووە ئەو پێوەندییە لە سەر داوای چەند سێناتۆرێکی ئەمریکایی لە سەردانی بۆ ئەمریکا بخاتە بواری جێبەجیکردنەوە کە بەداخەوە ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران ئەو دەرفەتەی نەدا و ئەو ڕێبەرە مەزنەی تێرۆر کرد.

لە بەشی دووهەمدا، کاک خالید باسێکی لەسەر شۆڕشی ژینا و گوشار و زەختی کۆماری ئیسلامی بۆ  سەر خەڵکی کوردستان و مووشەکبارانی حیزب کرد و ئەو ھەڵوێستانەی کۆماری ئیسلامیی بە ھۆی بوونی خۆشەویستیی حیزب و ڕێبەری مەزنمان دوکتور قاسملوو و ئاگایی نەتەوەیی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان زانی و ئاماژەی بەوە کرد کە خەڵکی کوردستان ھیچکات بۆ وەدیھێنانی مافەکانی خۆیان تەسلیمی ڕێژیمی کۆنەپەرستی ئێران نەبوون.

کاک خالید لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە وەک حیزبی دێموکرات بەڵێنیمان داوە کە لە ھیچ ھەلومەرجێکدا بیر لە جیابوونەوە نەکەینەوە و یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ئەو حیزبە بپارێزن.

لایەنە بەشداربووەکان لەم سێمینارە بریتین بوون لە:

كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران نوێنەرایەتیی ئەمریكا

 كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فێدراڵ  كۆمیتەی ئەمریكا

ڕێكخراوی ١١ی ئەیلوول، لقی حەوتی پارتی دێموكراتی كوردستان لە ئەمریكا و كانادا

كۆمیتەی ڕێكخستنی یەكیەتیی نیشتمانی كوردستان لە ئەمریكا

ئەنجومەنی سووریای دێموكرات نوێنەرایەتیی ئەمریكا

كۆنفێدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی

نوێنەرایەتیی كۆنفێدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی لە ئەمریكا و كانادا

فێدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی لە كانادا

ئاڤا توودەی