کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ بەشداریی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆبوونەوەی هەڕەشەی وڵاتانی دیکتاتۆری لە دژبەرەکانیان

11:10 - 19 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی پووشپەڕ، مستەفا قازیزادە  بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتی ئاڵمان، لە سەر بانگهێشتی فەرمیی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان بەشداریی کۆبوونەوەیەکی چەند لایەنی فراکسیۆنەکانی پارلەمانی کرد.

لەو کۆبووەنەوەیەدا جگە لە نوێنەرانی فراکسیۆنەکانی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان و حیزبی دێموکرات ئازادی ئاڵمان، نوێنەرانی کەمایەتی تەبەت و ئۆیغورەکانی چین، ڕێکخراوەیەک لە هۆنگ کۆنگ، ڕێکخراوی پەنابەرانی ئێرانی لە ئاڵمان، چاودێری مافی مرۆڤی بێلاڕووس، کەسانی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتی ئازەبایجان بەشدار بوون.

ئەو کۆبوونەوە ڕاوێژکارییە تەرخان کرابوو بە هەڕەشەکانی وڵاتانی دیکتاتۆری لە سەر دژبەرەکانیان و ڕەخنەگرانیان کە  لە وڵاتی ئاڵمان دەژین. چەندین وڵات وەک ئێران، ئازەربایجان و ڕوسیە و چین هەوڵ دەدەن بە هەڕەشە و تەنانەت کوشتن دژبەرانیان سەرکوت و بێدەنگ بکەن.

 خاڵێکی گرینگی ئەو دیالۆگە تەرخان کرا بە ڕاوێژ لەگەڵ بەشداران بۆ چارەسەرکردنی ئەو دیاردە دژە ئینسانییە و پاراستنی ئازادی و گیانی کەسانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتانە لە ئاڵمان.

مستەفا قازیزادە سەرنجی کۆبوونەوەکەی بۆ هەڵسوکەوتە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕاکێشا و ئاماژەی بە تێرۆری نەمر دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە شاری ڤییەن و نەمر دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە شاری بێرلین کرد.

ناوبراو  ئاماژەی بە ڕێژیمی ئێران و سپای پاسداران کرد کە لە ڕێگای بەکرێگیراوانیان لە حیزبوڵڵا و گرووپە ئیسلامییەکانی دیکە، ئازادیخوازان لە ئاڵمان و ئورووپا دەکوژن. نابراو باسی لەوە کرد کە ئێران تۆڕێکی تێرۆریستیی لە ئورووپا پێک هێناوە و ڕوونی کردەوە کە ڕێکخراوگەلێکی بە دیمەن مەدەنی وەک مزگەوتی شین لە شاری هامبورگ مۆڵگەی ئەو تێرۆریستانەن و لەژێر چاوەدێری ڕاستەوخۆی خامنەییدا بەڕێوە دەچن.

 مستەفا قازیزادە باسی لەوەش کرد کە کاربەدەستانی دەوڵەتی ئاڵمان ئاگادارن کە ١٦٠ بەکرێگیراوی سپای پاسداران لەگەڵ باڵوێزخانە و سێ کۆنسولگەریی ئێران هەڕەشەی جۆراجۆر بۆ سەر دژبەران بەڕێوە دەبەن.