کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزب لە کۆنفرانسی کۆنفێدراسیۆنی ڕەوندی کوردستانی لە دۆسیلدۆرفی ئاڵمان

11:20 - 19 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی پووشپەڕ، دووهەمین کۆنفرانسی ڕەوندی کوردانی دۆسیلدۆرف و دەوروبەری بە بەشداریی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە شاری بۆخومی ئاڵمان بەڕێوە چوو و وەفدێكی كۆمیتەی حیزب لە وڵاتی ئاڵمان بە سەرپەرستی سوڵتان دێمە بەشدار بوون.

کۆنفرانسەکە سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد و پاشان کورتە باسێک لەسەر ئەرکی کۆنفێدراسیۆن و هەروەها یەکبوون و یەکدڵیی کوردان لەلایەن ئیسماعیل کامل سەرۆکی ڕەوەندی کورد لە ئورووپا  پێشکەش کرا.

پاشان ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکانی یەکساڵەی کۆنفدراسیون لەلایەن عەبدوڵڵا جوندی پێشکەش بە ئامادەبووان کرا، لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا چەندین وتار و ڕاوبۆچوون لەلایەن بەشداربووانەوە ئاراستە کرا و لە سەرجەم باسەکاندا جەخت لە پێویستیی یەکدەنگی و یەکگرتوویی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان کرایەوە .

دواتر بۆ ئەوەی کەشوهەوای کۆنفرانسەکە جوانتر بکرێت هەردوو هونەرمەندی ڕۆژاوا زوبێر ساڵح و جەمیلە پیری، چەند بەرهەمێکی هونەریی جوانیان پێشکەش کرد.

پاشان وەک دوابڕگە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی دەستەی نوێی ناوەند کرایەوە و لە پرۆسەیەکی دێموکراتیکدا دەستەی نوێ هەڵبژێردران، کە بریتین لە: عەبدوڵڵا جوندی، گولستان عەرناس، کوردستان عەل، گوهار مێمۆ، جان کورد، یوسرا زوبێر، ئێرش ئەحمەد .