کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەبروزۆری هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر کۆڵبەران

11:22 - 19 پووشپەڕ 2724

هێزە چەکدارە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی لە زەبروزۆری توندوتیژانە و کوشندە دژ بە کۆڵبەرانی کوردستان کەڵک وەردەگرن.

بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤ هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی دڕندانە لەگەڵ کۆڵبەرەکان هەڵسوکەوت دەکەن و لە بەرامبەریشدا کۆڵبەران ناتوانن لە ڕێگەی یاسایی و دادپەروەرانەوە بەرەنگاری ئەم پێشێلکارییانە ببنەوە.

لایەنە پێوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامی هیچکات وڵامی سکاڵای بنەماڵەی کۆڵبەرانی قوربانییان نەداوەتەوە و تەنانەت پلەی بکوژانی کۆڵبەرەکانیان بەرزتر کردووەتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەی چاوەدێری مافی مرۆڤدا بە ئاماژەدان بەوەی کە کۆماری ئیسلامی پێشینەیەکی دوور و درێژی لە توندوتیژی و سەرکوتکردن لە کوردستاندا هەیە هاتووە کە، ڕێژەی بەرچاوی بێکاری و هەژاری لەم ناوچانەدا بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵک ڕوو بکەن لە کۆڵبەری.

ناهید نەقشبەندی توێژەری چاوەدێری مافی مرۆڤ لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی لە زەبروزۆری توندوتیژانە و کوشەندە دژ بە کۆڵبەران کەڵک وەردەگرێت و ئەمەش یەکێکی دیکە لە سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامییە بۆ سەر خەڵکی کوردستان.

ناوبراو زیادی کردووە کە کۆمەڵگای کوردستان لە بواری کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە خراوەتە پەراوێزەوە و دەبێت کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەرفەتی کار لەم ناوچانەدا بڕەخسێنن تاکوو خەڵکی ئەو ناوچانە پێویست نەبێت کە بۆ داهات و بژیوی ژیانیان کۆڵبەری بکەن.