د. ئارەزوو نەستانی: کێشەی گەورەی پرسی مافی مرۆڤ لە یاسای نێودەوڵەتیدا نەبوونی زەمانەتی جێبەجێکردن و سزادانی لایەنی پێشێلکارە
وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی خۆسەپێنی خۆی بە جینایەتخوڵقێنی لە کوردستان دەست پێ کرد. بناغەی دەسەڵاتەکەی بە کوشتاری بە کۆمەڵ لە کوردستان و ئێعدامی زیندانییانی سیاسی و جیابیران و سەپاندنی کەشی سەرکوت قایم کرد. سیاسەتە دژی مافی مرۆڤییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەموو ماوەی تەمەنی ئەو ڕێژیمەدا درێژەی بووە. هەربۆیەش بە بەردەوامی لەلایەن ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤەوە مەحکووم کراوە. هەر لەو ماوەیەشدا جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتەری شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە کۆبوونەوەیەکی شوڕادا باسی لە کۆمەڵکوژییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەیەی ٦٠ لە ناوچە ئیتنیکییەکان ئێران کرد و ئەو کارەی بە ژێنۆساید و هەروەها کوشتاری زیندانییانی سیاسی و تاوانی دژە مرۆڤایەتی ناو بردوە. بۆ تاوتوێکردنی زیاتری ئەم بابەتە وتووێژێکمان لەگەڵ بەڕێز د. ئارزەوو نەستانی، مافناس، مامۆستای زانکۆ و ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهێناوە.
خاتوو ئارەزوو زۆر سپاس بۆ بەشداریتان سەرەتا لەم پرسیارەڕا وتووێژەکەمان دەست پێ دەکەم. جاوید ڕەحمان لە ماوەی ڕابردوودا باسی لەوە کرد کۆمەڵکوژییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەیەی ٦٠ لە ناوچە ئیتنیکییەکان ئێران دەکرێ ژێنۆساید بووبێ و کوشتاری زیندانییانی سیاسی تاوانی دژە مرۆڤایەتی بووە. گرینگی و بایەخی ئەو باسە لە چیدا دەبینن؟
ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا وەک گەورەترین ناڕەزایەتیی پاش شۆڕشی ٥٧، چ لە ئاستی ناوخۆی ئێراندا و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لێکەوتە و کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتەوە. هەرچەند قورسایی ئەو بزووتنەوەیە زیاتر لە ناوچە پەراوێزییەکانی ئێران و بەتایبەت لە کوردستان و بەلووچستان بوو، بەڵام لە گشتییەتی خۆیدا توانی سیستەمی سیاسی لە ئێراندا بەشێوەیەکی جیددی تووشی ئاڵەنگاری بکاتەوە. گشتگیری و بەرفراوانی ڕاپەڕینەکە لە لایەک و سەرکوتی سیستماتیک و توندی دەسەڵات لە لایەکی دیکەوە پرسیاری گەورەی لە سەر مەشروعیەتی ڕێژیم دروست کردوە کە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا وێنەی نەبووە. ئەوەی لە ناوخۆ و دەرەوە مەشروعیەت دەداتە ڕێژیمێکی سیاسی، بەرپرسیار بوونێتی بەرامبەر بەهاکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و دەروەست بوون بەرامبەر بەرپرسیارەتییە نێودەوڵەتییەکان کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا دانیان پێدانراوە.
هاوسۆزی بەربڵاوی ڕای گشتی لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی پارێزەری مافی مرۆڤی بەرەوڕووی بەرپرسیارەتی کردۆتەوە سەبارەت بەو پێشێلکارییە فراوانەی لە ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا ئەنجام دران و لەڕێگەی سۆشیال میدیا و هێڵەکانی ئینترنێتەوە گەیشتنە چوارگۆشەی جیهان. لەلایەکی دیکەوە و هاوکات لەگەڵ خۆپێشاندانەکان لە ناوخۆی ئێراندا، ڕەوەندی ئێرانی لە زۆربەی وڵاتانی جیهان چالاکی و ئاکسیۆنی گەورە و بەرچاوی ئەنجامدا و دەتوانین بڵێین نەخشی لۆبی دژی کۆماری ئیسلامی گێڕا. هەموو ئەوانە لە پەنای سروشتی کۆماری ئیسلامی وەک ڕێژیمێکی لاسار لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، وێنایەکی لە دەسەڵات لە ئێراندا دروست کردوە کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەرەو گرتنە بەری میکانیزمێک بۆ کۆنتڕۆڵی ئەو ڕێژیمە پاڵ پێوەناوە. دانانی ڕیپۆرتەرێکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا هەوڵێکە بەو ئاراستەیەدا. ڕاپۆرتەکە کە بەرهەمی لێکۆڵینەوەی چەند ساڵەی جاوید ڕەحمانە، باس لە پێشێلی بەربڵاو و سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە دەیەی ٦٠دا دەکا و ئیدعا دەکا کە تاوانی دژەمرۆیی و تاوانی ژینۆساید دژی زیندانیانی سیاسی و بەهاییەکان و هەروەها ناوچە ئیتنیکییەکان کراوە. ئەو دوو تاوانە بە تاوانە هەرە مەترسیدارەکانی پێشێلکەری مافەکانی مرۆڤ ئەژمار دەکرێن و لە چوارچێوەی سەڵاحیەتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا پێناسە کراون. گرینگیی هەوڵەکانی لە شێوەی ئەو ڕاپۆرتە لەوە دایە کە لە لایەک ڕای گشتیی نێودەوڵەتی وشیار دەکاتەوە لەو تاوانانەی ئەنجام دراون و یارمەتی ئەوە دەدا کە هەوڵەکانی گۆشەگیر کردنی کۆماری ئیسلامی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا خێراتر بکرێن و لەلایەکی دیکەو ئەو نیگەرانییە لای تاوانباران دروست دەکا کە ڕووبەڕووی سزا ببنەوە.
بە نیسبەت ئێرانەوە چ شتێک ڕووی داوە کە ئەمڕۆ "جاوید ڕەحمان" لە "ژنێڤ" داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی دەکا لەهەمبەر ئەم جینایەتانەی کۆماری ئیسلامیدا ڕێوشوێنی تایبەت بگرنە بەر؟
جاوید ڕەحمان ڕیپۆرتەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ لە ئێراندا، دامەزراوەیەکە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا و دەبێ سەرنج بدەینە ئەو واقعیەتە کە سیاسەت دیوەکەی تری یاسای نێودەوڵەتییە و ناتوانرێ کاریگەریی ڕووداوە سیاسییەکان لە دۆخە یاساییەکان بسڕدرێتەوە. ڕاپۆرتی ئەوساڵی جاوید ڕەحمان ڕەنگدانەوەی ئەو بارودۆخەی بە سەرەوەیە کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەو کەلێن و دوورکەوتنەوەی نێوان خەڵک و دەسەڵات هاتۆتە ئاراوە. مەبەستم ئەوەیە جەخت لەوە بکەمەوە کە تەنیا لە چوارچێوەی ڕێوشوێنەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەگشتی یاسای نێودەوڵەتیدا ناتوانین تێگەیشتنی تەواومان لەسەر ئەو ڕاپۆرتە هەبێ و زەمینەی سیاسیی ڕاپۆرتەکە لەبەرچاو نەگرین. هەروەک لە ڕاپۆرتەکەی جاوید ڕەحماندا باسکراوە پێشێلکاریی بەربڵاوی مافی مرۆڤ لە ساڵەکانی سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە دەستی پێکردوە و تا ئێستاش درێژەی هەیە، واتە ئەو پێشێلکارییانە بە فەرمانی حکومی و ئیداری و بەشێوەی پلانمەند ئەنجام دراون و ئەنجام دەدرێن، واتە پەیوەندی بە گرژی و هەڵچوون لە قۆناغێکی دیاریکراودا نییە و بۆتە بەشێک لە سروشت و نەریتی دەسەڵات. جاوید ڕەحمان لە ڕاپۆرتەکەیدا کە پێشکەشی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکانی کردوە ئاماژە بەوە دەکا کە هێزی کوشندە دژی خۆپێشاندەران بەکار هاتووە کە لە دوای ڕووداوی کوشتنی "ژینا ئەمینی" ڕاپەڕیون و هێزە ئەمنییەکان پێچەوانەی ئەوەی دەسەڵاتی ئێران بانگەشەی بۆ دەکات بەپێی پێویست و تەنیا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە هێزیان بەکارهێناوە، واتە هێزی لەڕادەبەدەریان بەکارهێناوە بە ئامانجی کوشتنی خۆپێشاندەران و بە ئاراستەی کۆتایی هێنان بە ناڕەزایەتییەکان کە پێچەوانەی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانە. هەروەها بەکارهێنانی هێز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە فەرمان و بڕیاری دەسەڵاتی باڵا بووە، بۆ نموونە سپای پاسداران خۆپێشاندەران بە داردەستی دوژمنی دەرەکی ناو دێنێ کە ئەوەش دەستی هێزە ئەمنییەکانی لە دەست بردن بۆ چەک ئاوەڵاتر کردوە. لە کاتێکدا خۆپێشاندەران چەکیان پێ نەبووە و بەشێوەیەکی ئاشتیانە ناڕەزایەتییەکانیان دەربڕیوە. ڕاپۆرتەکە بەو ئەنجامە دەگا کە تاوانەکانی کوشتن و بریندارکردن و ئەشکەنجەدان لەو ناڕەزایەتییانەدا دەچنە چوارچێوەی تاوانی دژە مرۆیی. ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ لە ژمارەیەکی بەرچاو لە بەڵگەنامە و ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیدا جەختیان لێکراوەتەوە، بۆ نموونە: ڕێککەوتننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و هەروەها ڕێککەوتننامەی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان بەوردی ئەرکی دەوڵەتانی لە ڕێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ دەستنیشان کردوە و ئێرانیش یەک لەو وڵاتانەیە کە ئەو ڕێککەوتننامەیەی ئیمزا کردوە و پابەندیی خۆی بە جێبەجێ کردنی ڕاگەیاندوە. سەرەڕای هەموو ئەوانە کێشەی گەورەی پرسی مافی مرۆڤ لە یاسای نێودەوڵەتیدا نەبوونی زەمانەتی جێبەجێ کردن و ئۆرگانی تایبەتمەندی نێودەوڵەتییە بۆ سەپاندنی ئەو مافانە یان سزادانی لایەنی پێشێلکار. بەتایبەت کاتێک پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە دژی خەڵکەکەی خۆی ئەنجام دەدرێت، لەو حاڵەتەدا دەوڵەت بانگەشەی ئەوە دەکا کە پرسەکە ناوخۆییە و لە چوارچێوەی سەروەری و حاکمیەتی دەوڵەت دایە کە بەپێی میساقی نەتەوەیەکگرتووەکان دەبێ ڕێزی لێ بگیرێ. لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک دەرفەت و مەجال هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکاریی بەربڵاوی مافی مرۆڤ لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا. دامەزرانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هەنگاوێک بوو بۆ دەرهێنانی پرسی پێشێلی مافەکانی مرۆڤ لە پرسێکی نێوخۆییەوە بۆ پرسێکی نێودەوڵەتی. هەندێ جار پێشێلکاریی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ هەڵوێستی ئەنجومەنی ئاسایشی لێکەوتۆتەوە لەژێر ناوی هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. بۆ نموونە: دانانی هێڵی دژەفڕین لە عێراق بۆ پاراستنی کورد و شیعەکان لە دەسەڵاتی بەعس بە یەکەم دەستێوەردانی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دادەنرێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکاریی بەرفراوانی مافەکانی مرۆڤ. هەروەها دەستێوەردانی سەربازی لە کۆزۆڤۆ لە ١٩٩٩ لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلکاریی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ. جاوید ڕەحمان بە بەڵگەمەند کردنی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی دژی گەلانی ناڕازیی ئێران و سەلماندنی ئەوەی تاوانی مەترسیداری دژەمرۆیی و تەنانەت ژینۆساید لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەنجام دراون و هەروەها ئاگاداربوون لە لاوازیی پێگەی ڕێژیم لە ناوخۆ و دەرەوە، هەوڵ دەدا لە لایەک سەرنجی ڕای گشتی بۆ تاوانەکان ڕابکێشێ و تێچووی ئەو پێشێلکارییانە بەرێتە سەر و لەلایەکی دیکەوە زەرفییەتە دادوەرییەکانی وەک دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و سەڵاحیەتی جیهانیی قەزایی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ دادگایی کردن و سزادانی تاوانباران بخاتەڕوو. هەر بۆ ئەو مەبەستە لە ڕاپۆرتەکەیدا سەرنجی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ بۆ دادگای حەمیدی نووری و هەروەها دادگای خەڵکیی ئابان ڕادەکێشێ.
بۆچی کورد و بزووتنەوەی سیاسیی کورد هەتا ئێستا نەیتوانیوە پەروەندەی ئەو جینایەتانەی کۆماری ئیسلامی لە دادگایەکی نێونەتەوەییدا وەگەڕ بخات؟
بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانێ لەو زەرفیەتە یاساییانە کەڵک وەرگرێ بۆ بەرپرسیار کردنی کۆماری ئیسلامی یان بەرپرسان و ڕێبەرانی بەشدار و بڕیاردەر لەو تاوانانەدا، پێویستە تێگەیشتنێکی دروستی هەم لە دەرفەتە دادوەرییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەم لە پێگەی یاسایی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە یاسای نێودەوڵەتیدا هەبێ و هەروەها تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بەشێوەیەکی بەڵگەمەند کۆبکاتەوە. کەموکووڕی لە نەزمی نێودەوڵەتیدا و باڵادەستیی نەخش و ڕۆڵی دەوڵەت لە داڕشتن و جێبەجێ کردنی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بوونەتە هۆی ئەوەی یاریکەرانی نادەوڵەتی و یەک لەوان بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان بکەونە پەراوێزی ڕووداوەکانەوە و دەنگیان نەبیسترێ یان بە زەحمەت ببیسترێ. کە دەڵێم نەبیسترێ مەبەستم ئەوەیە تەعامولی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کوردیان بەسەردا دابەش کراوە و یەک لەوان ئێران لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە سیاسی، ئابووری و ئایدۆلۆژییەکانە نەک لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە بەهاکانی مافی مرۆڤ.
ئەو باس و گۆڕانکارییانە چ ئەرکێک دەخاتە سەر شانی وڵاتان و ڕێکخراوە جیهانییەکان؟
هەروەک لە وەڵامی پرسیاری پێشتر ئاماژەم پێکرد، ئەگەر قەرارە ئەو هەوڵانەی لەلایەن دامەزراوە فەرمییە نێودەوڵەتییەکانی وەک ڕیپۆرتەری تایبەتی مافی مرۆڤ بۆ ئێران دەدرێن دەرەنجامێکی لێبکەوێتەوە، ئەوا پێویستە زەرفیەتەکانی یاسای نیودەوڵەتی بخرێنە گەڕ. لەکاتێکدا پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بلۆکبەندییە سیاسییەکان کاریگەریی بێ ئەملا و ئەولایان هەیە لە سەر ئاراستەی هەوڵ و دەرەنجامەکان. مەبەستم ئەوەیە ئەگەر یاسا بە تەنیا حوکم بکا و بەدەر بێ لەو باندۆرە سیاسییانەی ئاماژەمان پێکردن، هیوای دادخوازی و سزادانی پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ بەدی دەکرێ. جاوید ڕەحمان لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێ تاوانەکانی دژەمرۆیی و ژینۆساید دژی ناوچە ئیتنیکییەکان کراوە، ڕێچکەی باوی نێودەوڵەتی لە حاڵەتی هاوشێوەدا ڕوودانی ئەو تاوانانە بە مەترسی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەزانێ وەک ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیاری ١٩٧٣ی ساڵی ٢٠١١، دەستێوەردانی مرۆڤ دۆستانەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی قەزافی لە یەمەن پەسند کرد. بەڵام ئەو دۆخە بە کردەوە کاتێک ڕوو دەدا کە مەشروعیەتی ڕێژیمی سیاسی لە ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بە شێوەی بەرچاو درزی تێکەوتبێ.
سەبارەت بە ئێران سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ تەریک کەوتنەوەی نێودەوڵەتی بەرەوڕوو بۆتەوە، وەک دەوڵەتێکی نابەرپرس لەئاست بەرپرسیارەتییە نێودەوڵەتییەکان دەرکەوتووە و زۆربەی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤی پێشێل کردوە و هەروەها بە دنەدانی گروپە جیهادییە توندڕەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بنەمای دەستێوەرنەدان لەکاروباری ناوخۆیی وڵاتان وەک بنەمایەکی جێگرتووی یاسای نێودەوڵەتی پێشێل کردوە، تا ئێستاشی لەگەڵ بێ قەناعەتێکی نێودەوڵەتی بۆ هێنانەڕۆژەڤی ئەو پرسانە لە گۆڕێ نییە کە بتوانێ ڕێژیم ڕووبەڕووی بەرپرسیارەتی بکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە بەهۆی ئەو جەمسەربەندییەی کە لە ئەنجومەنی ئاسایش وەک تاقە ئۆرگانی جێبەجێ کردنی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە، ئەنجومەنی ئاسایش لە پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا بە سەر دوو بەرەی ناکۆک و دژیەکدا دابەش بووە و بە کردەوە هەر چەشنە هەوڵێکی بۆ پەنابردن بۆ فەسڵی حەوتەمی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان نەزۆک کردوە. ئەستەمە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر سزادانی کۆماری ئیسلامی بەپێی ئەو میساقە ڕێک بکەوێ، وەک ئەوەی بەرامبەر ڕێژیمی سەددام کرا لە ساڵی ١٩٩١ بۆ پاراستنی کورد.
بزووتنەوەی سیاسیی کورد چۆن دەتوانێ ئەمە بکا بە دەرفەت بۆ دادخوازی و کردنەوەیەکی بەرەیەکی دیکەی خەبات دژی کۆماری ئیسلامی؟
پرسی کورد لە ئێراندا پرسێکی سیاسی و یاساییە، هەر بۆیە پێویستە لە هەر دوو ڕەهەندەکەوە بۆ بەدیهێنانی مافەکانی خەبات بکا. ئەوەندەی بزووتنەوەی کورد گرینگی بە لایەنی سیاسیی پرسی کورد داوە، لایەنەی یاسایی تا ڕادەیەکی زۆر پشتگوێ خستوە. کاتێک باس لە ڕەهەندی یاسایی پرسی کورد دەکەم مەبەستم ئەوەیە مافی نەتەوەیی خۆی لە خۆیدا پڕەنسیپێکی دانپیانراوی نێودەوڵەتییە کە لە ژمارەیەک لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکاندا جەختی لە سەر کراوەتەوە و تەنانەت وەک عورفێکی نێودەوڵەتی سیفەتی ئیلزامی وەرگرتوە و بەپێی یاسای نێودەوڵەتی هیچ دەوڵەتێک ناتوانێ نکۆڵی لێ بکا. لە لایەکی دیکەوە کورد دەتوانێ بە سەلماندنی ڕەفتاری ڕەگەزپەرستانەی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان لە ڕێگەی بەڵگاندنیان بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پشتیوانییەکی یاسایی بۆ پرسەکەی دەستەبەر بکا. کەواتە کورد دەبێ هەموو دەرفەت و لەمپەرەکانی دادخوازی لە پرسی پێشێلی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستاندا لەبەر چاو بێ و تیمێک پارێزەری شارەزا بە شێوەیەکی پڕۆفێشناڵ بکەوێتە کار بەردەوام بۆ بەڵگاندنی تاوانەکان ڕێژیم لە کوردستان و گەیاندنیان بەو سیستەمە دادوەرییانەی سەڵاحیەتێکی جیهانی بۆ تاوانە مەترسیدارەکانی پێشێلی مافەکانی مرۆڤ قەبووڵ کردوە، جا چ دادگا نێودەوڵەتییەکان بێ یان دادگای ئەو وڵاتانەی ئەو سەڵاحیەتەیان قەبووڵ کردوە. کەیسی حەمیدی نووری نموونەیەکی سەرکەوتوویە لەو بوارەدا و دەتوانێ یارمەتیمان بکا بۆ دۆزینەوەی دەرفەتەکان.
خاتوو ئارەزوو سپاس بۆ بەشداریت و ماندوو نەبی
سپاس ئێوەش ماندوو نەبن.