حەسەن حاتەمی: لە شەڕی بەرفراوانی حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیلدا ئەگەری تێوەگەلانی کۆماری ئیسلامیی زۆرە
وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: گرژییەکانی ئیسرائیل و حیزبۆڵلای لوبنان لە ناوچەکە هەر ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنن و ئەم گرژییانە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕیکی گەورەی لە ناوچەکەدا بەهێز کردوە کە دەتوانێ کاریگەری زۆری لەسەر داهاتووی سیاسیی ئێران و ناوچەکەش هەبێت. لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ کاک حەسەن حاتەمی، چاودێری سیاسی باس لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژەڤی ئێران و ناوچە دەکەین.
کاک حەسەن وەک دەبینین گرژییەکانی ئیسرائیل و حیزبۆڵڵا لەم ماوەدا پەرەی سەندووە بە بڕوای بەڕێزتان ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕێکی دیکە لە ناوچەکە ئارادایە؟
وەزعییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتیی و شەڕی پڕ خوێن و پڕ تێچوو و تەژی لە ڕووداوگەلی زۆر ناخۆش، بەتایبەتی لە دوای کارەساتی ٧ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٢٣دا، وەزعێکی وای خۆڵقاندووە، کە هەرئان و ساتێکی ئیمکانی کارەساتی زۆر لەوە گەورەتر لەو ناوچە ئاڵۆز و پڕ کێشەیە هەیە، کە ئەگەری شەڕی بەفراوانی نێوان حیزبوڵڵای لوبنان بیخوێنەوە سپای پاسدارانی دووهەمی کۆماری ئیسلامی ئێران- و ئیسرائیل یەک لەوانە چونکە دامەزرانی حیزبوڵڵا و پەرەگرتن و بەرفراوانی لە لوبنان بە یارمەتی و هەوڵدانی ڕاستەخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی بیری ئازادکردنی فەلەستین و لەنێوبردنی ئیسراییل دا، لە گەرمەی شەڕی ١٤ ساڵەی نێۆخۆیی ئەو وڵاتە و لە ساڵی ١٣٦٢ (١٩٨٣) وە بوو بە گرینگترین و نیزیکترین خاڵ بۆ کێشەی ئیسراییل و فەلەستین لە چوارچێوەی شەڕی عەرەبەکان و ئیسڕاییل دا.
سەرهەڵدانی ئەو شەڕە دەتوانێ ببێتە هۆی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیشی تێوە بگلێ؟
کۆماری ئیسلامی ئێران بەپێی وڵامی پرسیاریی یەکەم، بەردەوام کەم و زۆر دوور و نیزیک لەو شەڕەدا بەشدار بووە و هەیە. قسەکانی حەسەن نەسرۆڵڵا لەو بوارەدا، کە هەموو کەل و پەلە پێداویستییەکانی ڕێکخراوە تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕانەی کە لە زنجیرەی «مقاومت» و قەرەبووی هەموو تێچووەکانی لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل دا، بە تایبەتی شەڕی ٣٣ ڕۆژەی ٢٠٠٦دا، تەنانەت خزمایەتیی پێکهێنان لە ڕێگەی ژیانی هاوبەشی کچان و ژنان ئێرانی ئیسلامی و حیزبوڵڵای لوبنان و پێچەوانەکەی لە لایەک و چەک و چۆڵی نیزامی و لۆجستیکی و بارهێنان و پەروردەی «ئەولادەکانی شەڕی بیری قاسم سولیمانی و سپای قودس» لەلایەکی دیکە، لە ئەگەری شەڕی بەرفراوانی حیزبوڵڵای لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل، تێوەگەلانی پتری کۆماری ئیسلامیی هەیە، کە نەتەنیا خۆی بەڵکوو هەموو گرووپە پڕۆکسی (نیابەتی)یەکانی کە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیەتی و بە ناوی «هلال شیعە» دەناسرێن لەو شەڕە دەگلێن.
ئایا گۆڕانکاریی نوێ لە ڕۆژهەلاتی ناوەراست لە ئارادایە؟ و ئەم گۆرانکارییە چەندە دەتوانێ بە قازانجی نەتەوەی کورد بێت؟
هەروەک دوای کارەساتی ١١ی سێپتامبری ٢٠٠١ بەشێک لە سیمای جیهان و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕا، کارەساتی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ لە هێرشکردن بۆ ئیسراییل و قەتڵ و عام و کوشتاری بە کۆمەڵ و بارمتەگریی و تێکدانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە هۆی «پیمان ابراهیم» بەرەو ڕەوتی گەورەتری ئاشتی نێوان عەرەب و ئیسرائیل دەچوو کە لەوانە بوو بە کەمترین تێچوو دەوڵەتی لانیکەم دیفاکتۆی فەلەستینیشی لێ دروست بێ، بەرەو ئاقارێکی زۆر ناخۆش و شەڕ و وێرانی چووە. ئەو ڕووداوە کە پتر لە ٩ مانگ تێپەڕاندە و و تراژیدییەکی مرۆیی و وێرانی لێکەوتۆتەوە. گۆڕانکارییەکی زۆر پێویستی لەسەر میزەکانی بڕیارداندا، داناوە و لە ژوورە فیکرییەکانی ئەمنییەتی ناوچەیی و جیهان باسەکانیان گەرمە. نەتەوەی کورد بەداخەوە لە سەدەی ٢٠ دا و لەگەرمەی شەڕی جیهانی یەکەم بە جۆرێک دابەشکرا، کە ماددەکانی ٦٢، ٦٣ و ٦٤ ی پەیمانی سێڤریش ئیمکانی پێکهێنانی کیانێکی نە تەنیا سەربەخۆ بەڵکوو خۆجێیشی بۆ نەڕەخسا. ئەو نەتەوە دابەشکراو و ماف پێشێلکراوە، پتر لەشەڕەکانی جیهانی و یا ناوچەیی کە دەسەڵاتی ناوەندیی لاواز بوون، توانای هەوڵدان و تێکۆشانی بەرجەستەتر و بەدەستکەوتتر بووە. بۆ وێنە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی و دروستبوونی حیزب و ڕێکخراوەکان پتر لەنێو کوردان و خەباتی دەیان ساڵەی کورد و کوردستانییەکان لە دامەزرانی کۆماری کوردستان، هەتا پێکهاتنی حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان و ئازادیی ڕێژەیی و بەڕێوەبەریی خۆجێی لە ڕۆژئاوا، تا ئێستا ئەو بەرهەمانە بوون کە وەدەست هاتوون. لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانیش کە بۆ ماوەیەکی کورت ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی مەدەنی ئازاد کرا. بەڵام بەداخەوە لە یەکەم بەهاری ئازادیدا، کە خوێناوی کرا، ململانێی ئازادی و گەیشتن بە مافەکان لە بەرامبەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران درێژەی هەیە. کەوابوو هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێک کە دەسەڵاتی ناوەندی کە نیشتیمانی کوردانی تێدایە، لاواز بێ یا جۆرێک دێموکراسی و بەفەرمیی ناسینی مافەکان بە کردەوە ئیجرا کرێن، سوودی گەلی کوردی تێدا دەبێ.
لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ئەگەری دروستبوونی فەزایەکی سیاسی و مەیدانی چۆن دەتوانن ئەو هەلە بقۆزنەوە بۆ نێوخۆیی وڵات؟
لەنێوخۆی وڵات بەگشتیی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی لە خەرمانانی ١٤٠١ و شۆڕشی ژینا لە درێژەی خەباتی پتر لە ٤٠ ساڵە بە ڕەهەندی جۆراوجۆردا، بەرەو بزووتنەوی شۆڕشگێڕی هەنگاوی نا و هەموو گەلانی لە ئێران بەشێوەی ڕێژەیی، بۆ نەویستنی ڕێژیمی دیکتاتۆری ئاخۆندی، سپایی، مافیایی، ئەمنییەتی زۆر بوێرانە و بە دروشمی "ژن، ،ژیان، ئازادی" لە کوردستان بەرەو هەموو ناوچەکانی جوغرافیای ئێران و بەشێکی زۆر لە جیهان چوو، کە ڕێژیمی هەتا لێواری نەمان برد. ئەو پتانسیلە سەرەڕای سەرکوتی بێ بەزییانە لە هەناوی کۆمەڵگەکان لە ئێران بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە جۆرێک هەر هەیە. نیشانەکانی ئەو وەزعیەتە لە چوار جار لە بە ناو «انتخابات»تەکانی ڕێژیم بە باشی ڕەنگیان داوەتەوە، کە لە ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٣دا، وەلی موتڵەقەی فەقیهی دووهەم (عەلیی خامنەیی) ناچار بە پاشەکشە و جۆرێک لە «نرمش قهرمانە» بردوە. لەو بەستێنەدا، یەکێک لەگرینگترنیان شوێنەکانی جێی متمانەی گەلی کورد و کوردستانییەکان ناوەندی هاوکاریی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وڵامی کۆمەڵگەی مەدەنی و ماف ویستان و کەرامەتخوازانی مرۆیی کە لە «قتل سیاسی حاکمیەتی» ژینا کچە کوردی بە مەهسا کراو، لە تاران بە یارمەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لاوەکان، ژنان و کچان و نەسڵی نوێی (زێد) بوێر و چاونەترس کە بە هاتنە مەیدان، مێژوویەکی نوێیان تۆمار کرد، بە ڕوودانی هەر ئەگەرێک، زۆرترین ئامادەیی لەنێوخۆ دروست دەبێ، بەو مەرجەی هەم یەکگرتوویەکی پتەوی کورد و کوردستانی، لەلایەک و یەکڕێزی نەتەوەکانی نافارس و فارس بە هەست بە بەرپرسایەتی تاکوو کۆی دیکتاتۆر نەویستان و مافخوازتەوەرکان لە دنیای کلیک (کرتە) کان، لەلایەکی دیکە، هاوپێوەندی و هاوخەباتی بەرفراوان دەتوانێ لەنێوخۆ و دەرەوە جێبەجێ بێ.
ئەو شەڕە چەندە کاریگەری لەسەر بارودۆخی سیاسی، ئابووری، و ... کۆماری ئیسلامی دەبێت؟
چ ئەو شەڕەی لەسەرەوە باسی کرا و چ شەڕی ڕووسییە و ئۆکراین، کە کۆماری ئیسلامی بە شێویەک خۆی تێوەگلاندوە و هەر شەڕ و تێکهەڵچوونێکی دیکە، کاریگەرییەکی فرەی لەسەر وەزعییەتی، ئابووری، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و فەرههنگیی گەلانی پێکهاتەی ئێران و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەبێ. هەرچەند بەداخەوە وەلی فەقیهی یەکەم (بە ئایەتۆڵڵاکراوی مەزهەبی، خومەینی) بە دەنەدانی هەڵایسانی شەڕی ئێران و عێراق و ٨ ساڵ لەو شەڕە کە ٦ ساڵ و نێوی درێژی دروشمی زۆر نادروستی «شەڕ شەڕ هەتا تەواوبوونی فیتنە لە عالەم» بوو، کە بە خواردنەوەی «جامی ژەهر »ە، بەناوبانگ ئاگر بەست کرا. وەلی موتڵەقەی فەقیهی دووهەمی بە ئایەتۆڵڵای سیاسی کراو، عەلیی خامنەییش بە دروشمی «محور مقاومت» و پەرەپێدان بە شێعەگەریی لە جیهان لەژێر بیری «تمدن اسلامی»، بەردەوام لە شەڕی نهێنی و ئاشکرا دایە و بەرهەمەکەشی، هەڵاوسانی پتر لە ٥٠٪ ی، وەزعی شپرزەی ئابووریی گەلانی ئێران، بوونی بە میلیۆنان موعتاد، دابەزین پووڵی نەتەوەیی بۆ نزمێکی سەر سووڕهێنەر، زۆرترین قاچاغی ماددە هۆشبەرەکان و دروستکاری حەبە مەترسیدارەکانی جۆری دووهەمی هۆشبەری، سەرکوتی بەردەوامی ژنان لە شەقامەکان و گوشاری زۆر بۆ زیندانییە سیاسییەکان و چوونە سەری زۆری گیان لێئەستێندراوکان لە گرتووخانەکان و وڵامدەرنەبوون لە ژیانی کۆڵەمەرگی گەلان لە ئێران و گیان و ژیانی مرۆڤەکان بە هێند نەگرتن لە بەر بیری مەزنیی خوازیی و بناژۆیی(بنیادگرایی) کە بناخەکەی لە سەر شەڕ و ئاژاوەیە، کە ڕێژیم بەردەوام هەوڵی بۆ دەدا و بە قەوڵی ڕەفسەنجانی: ئێران بە ڕادەی یەک قاڕە ئیمکاناتی هەیە … بەڵام ناکارامەترین دەسەڵاتی هەیە و وەزعی ناسەقامگیر و کارەسات بارە.
کاک حەسەن زۆر سپاس بۆ بەشداریت و ماندووش نەبی
سپاس ئێوەش ماندوو نەبن.