کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگکران و دەسبەسەریی چالاکانی مەدەنی لە سەردەشت

12:30 - 21 پووشپەڕ 2724

لە درێژەی گوشارە ئەمنییەتی و دۆسییەسازییەکان لە دژی هاووڵاتییانی کورد، شەپۆلێکی بانگکران و دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە سەردەشت دەستی پێ کردووە و لەو پێوەندییەدا چەند هاووڵاتی دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندەی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، ماوەیەکە لە شاری سەردەشت و ناوچەکانی دەورووبەری شەپۆلێکی بانگکردنی کەسوکاری پێشمەرگە و دەسبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لەو شارە دەستی پێ کردووە.

لەو پێوەندییەدا دوو هاووڵاتی بەناوەکانی شاهۆ حەسەنزادە و مۆبین ئیبراهیم‌پوور خەڵکی گوندی ''گۆڵێ'' بەتاوانی بەشداری لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵ، ماوەی دوو ڕۆژە لەلایەن ئیتلاعاتی سەردەشتەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شاری ورمێ ڕاگوێزراون.

هەر لەو پێوەندییەدا پۆلێکی دیکە لە لاوانی هەڵسووڕی سەردەشت و ڕەبەت ڕۆژی دەنگدان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشتەوە بە بارمتە گیراون و دوای هەڕەشە و تۆقاندن، ڕاپێچی بنکەی دەنگدان کراون.