کاک مستەفا هیجری بەرپرسی ناوەندەی بەڕێوەبەری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی یادی ٣٥ ساڵەی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕییانی لە لاپەڕەی ''ئیکس''ی خۆیدا وێڕای ئەمەگناسی بۆ گیانی شەهیدان، ڕێژیمی ئێرانی مەحکووم کردەوە.
بەڕێز هیجری نووسیوویەتی: ''ئەمڕۆ ١٣ی جوولای، ٣٥ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، عەبدوڵڵا قادری ئازەر و دوکتور فازڵ ڕەسووڵە. لەم بۆنەدا، جارێکی دیکە ئەمەگناسیمان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڤییەن دووپات دەکەینەوە. نەفرەت و شەرمەزاری بۆ ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران.''
٣٥ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاویدا، بەرانبەر به ١٣ی جوولای ١٩٨٩ی زایینی، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، یەکێک لە ڕێبەرانی ناوداری بزووتنەوەی سیاسیی کورد و سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، لهسەر مێزی وتووێژ لەلایەن دیپلۆمات تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئۆتریش هاوڕێ لەگەڵ دوو کەس لە هاوڕێیانی، بەر دەستڕێژ دران و تیرۆر کران.
تێرۆری دەوڵەتیی دوکتور قاسملوو بە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەو ڕووداوانەیە کە بە تێپەڕینی ساڵەکان هەروا زیاتر ئاوڕی لێ دەدرێتەوە و سەرەڕای ئاخاوتنی دەیان کەسایەتی لەسەر دۆسیەی دوکتور قاسملوو لەم دواییانەدا ڕێکخراوی ئاشتی داواکاریی خۆی بۆ وەگەڕخستنەوەی دۆسییەی تێرۆری دوکتور قاسملوو بە کۆکردنەوەی زیاتر لە ٣ هەزار واژۆ، پێشکەشی پارلەمانی سویس کرد.