کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چێشتی خۆش لە ئەنگۆرێ‌را دیارە

00:58 - 24 پووشپەڕ 2724

مەنسوور مروەتی

دوو حەوتوو لە بەناو هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی نوێ لە کۆماری ئیسلامیدا تێپەڕێ.

ئەم بەناو هەڵبژاردنە سەرەڕای ئامارسازییەکانی کۆماری ئیسلامی هەم کەمترین بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بوو، هەم تاکە پیاوی ئایینیی نێو کاندیدا پاڵێوراوەکان یەک لە پێنجی دەنگە سووتاوەکانیشی نەهێنایەوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە خەڵک هیچ باوەڕ و متمانەیەکیان بەم سیستمە نەماوە و لە ئاڵوگوڕ لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە هیوابراو بوون. دوای ٤٥ ساڵ کۆی نیزامی کۆماری ئیسلامی بە هەموو لق و پۆپەکانییەوە لەلایەن خەڵکەوە تاقی کراونەتەوە و دوای چل و پێنج ساڵ دۆخی خەڵک بەم ڕۆژە گەیشتوە کە دەیبینن.

لە چەند هەڵبژاردنی ڕابردوودا خەڵکی ئێران نەچوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بەڕوونی ئەو پەیامەیان بە هەموو لایەک دا کە ئەم ڕێژیمە لە لایەن خەڵکەوە شەرعیەتی نییە و بە حکوومەت و نوێنگەی ئیرادەی خۆیانی نازانن.

دەسەڵاتدارانی ڕێژیم و لە سەرووی هەموویانەوە عەلی خامنەیی زیاتر لە هەمووان ئەو پەیامەی وەرگرت. ئەو و ڕێژیمەکەی کە لە دوای کوژرانی برایمی ڕەئیسی هەوڵیان دەدا چەندی بکرێ کارێک بکەن خەڵک بهێننە سەر سندووقەکان و بە دنیا بڵێن خەڵک ئەم نیزامەیان دەوێ، چوونەوە سەر قەوانە کۆنەکەیان. وەڕێخستنی دووبارەی لەبەریەک‌ڕاگرتنی ئیسلاح‌خواز و ئوسووڵگەرا ئەو سیناریۆیە بوو کە ڕێژیم پەنای بۆ بردەوە و کاندیدای ئیسلاح‌خوازەکان سەرکەوت. هەرچەندە ئەم سەرکەوتنەش بە کەمترین ئاستی بەشداریی خەڵک و سەتا ٢٥ی دەنگی ئەوانە بوو کە دەنگیان دا، بەڵام ئایا ئەم کاندیدایەی ئیسلاح‌خوازەکان کە خۆی لەوانی دیکە پێ باشتر و بەرحەقتر بوو بۆ سەرکۆماری، پاشی دوو حەوتووە چیی لێ دەخوێنرێتەوە.

لێدوان و ڕەفتارەکانی ئەم دوو حەوتوویە سەرکۆماری نوێ پێمان دەڵێ مەسعوودی پزشکیان لەجیاتی ئەوەی باس لە ئاڵوگۆڕ و گۆڕینی دۆخی خەڵک و وڵات بکا، زیاتر هەوڵ دەدا گوێڕایەڵیی خۆی بۆ عەلی خامنەیی بسەلمێنێ. ئەو پێش هەڵبژاردنەکان و لە کاتی وتار و مونازرەکاندا بەردەوام پاساوی بۆ کردەوەکانی خامنەیی دەهێنایەوە و گوێڕایەڵیی خۆی بۆ ناوبراو لە ئەگەری سەرکەوتندا دووپات دەکردەوە. دوای هەڵبژاردنیش لە سەرگۆڕی خومەینی و لە وتارەکەیدا گوتی ئەگەر ڕێبەر نەبایە ناوی ئەو لە سندووقەکان نەدەهاتە دەرێ. دواتریش کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی و چاوپێکەوتنی خۆی لەگەڵ میدیاکانی لەبەر چاوپێکەتن و دیدار لەگەڵ خامنەیی هەڵوەشاندەوە.

نەهێشتنی فیلترینگ یەکێک لەو بابەتانە بوو کە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا لە لایەن کاندیداکان و یەک لەوان پزشکیانەوە باسی لێوە دەکرا. پزشکیان دەیگوت ئەگەر ببێتە سەرکۆمار فیلترینگ لا دەبا، کەچی هەر چەند ڕۆژ دوای هەڵبژاردن یەکێک لە ڕاوێژکارانی ناوبراو ڕایگەیاند پزشکیان قەت بەڵێنیی وای نەداوە!

بابەتێکی گرینگی دیکە کە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە چارەنووسی خەڵکی ئێران و  سیاسەتی نێودەوڵەتیی ئێرانەوە هەیە، بابەتی پشتیوانی و تەیارکردنی گرووپە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی دەوروبەردایە. ئەم گرووپانە کە بەرچاوترینیان حەماس لە فەلستین و حیزبوڵڵای لوبنان، حووسیەکانی یەمەن و گرووپە جۆربەجۆرەکانی لە سووریە و عێراقن و لە لایەن ئێرانەوە و بە سامانی گشتیی ئەو وڵاتە کۆک وپۆشتە و تەیار دەکرێن و، لە ڕاستیدا یەکێک لە سەرەکیترین بارگرانیەکانی سەر خەڵکی ئێرانن. کۆماری ئیسلامی لە جیاتی ئەوەی ئەو پارەیە بۆ خەڵکی خۆی و ئاوەدانی وڵات خەرج بکا، بە لێشاو بۆ ئەو گرووپانەی دەنێرێ و لەو ڕێگایەشەوە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ لە کاروباری ئەو وڵاتانەدا دەکا. لە لایەکی دیکەشەوە لە ڕوانگەی نێودەوڵەتییەوە یەکێک لە سەرەکیترین کێشەکانی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ دنیا، تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە لە ڕێگای ئەم گرووپانەوەیە. بەڵام پزشكیان ڕایگەیاند کە سیاسەتی دەوڵەتەکەی ئەو لەهەمبەر بەرەی بەناو مقاومەت بە هەمان ڕێچکەی پێشوودا دەڕوات. لەم بوارەدا نامەی مەسعوودی پزشکیان بۆ حەسەن نەسروڵڵا، سەرۆکی حیزبوڵڵا و ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی دەفتەری سیاسی حەماسسەرینی خاترجەمیی لە بن سەری خەڵکی ئێران نا و دەرکەوت کە ئەمیش لە جیاتی ئەوەی خەمی خەڵک و وڵاتەکەی بخوا، پتر لە خەمی ئەو گرووپانەدایە. پزشکیان لە جوابی نامەی پیرۆزبایی حەسەن نەسروڵڵادا ڕایگەیاند بە هەموو توانایانەوە و بە شێوەیەکی هەمەلایەنە پشتیوانی لە گرووپەکانی بەرەی مقاومەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن. هەروەها لە وەڵامی ئیسماعیل هەنیەشدا ڕێک بە زمانێک کە زمانی سپای پاسدارانە گوتی، تا داگیرکردنی ئۆرشەلیم واتە ئازادکردنی قودس بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیتان لێ دەکەین.

کورد دەڵێ "چێشتی خۆش لە ئەنگۆرێ‌ڕا دیارە". ئەمە و چەند بابەتێکی دیکە کە لەم ڕۆژانە و لە زمانی سەرکۆماری تازەوە باس دەکرێن پێمان دەڵێ کە خەریکە دەمامکەکان لە ڕوخساری پزشکیانیش دەکەونە خوارێ و جارێکی دیکەش ئەو بۆچوونەی پشتڕاست کردەوە کە هەتا کۆماری ئیسلامیی ئێران مابێت هیچ ئاڵوگۆڕێک بە بەرژەوەندیی خەڵکی ئەم وڵاتەدا ڕوو نادات.