کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ٣٥ ساڵەی تێرۆری شەهیدانی ڤییەن لە بریتانیا بەرز ڕاگیرا

10:54 - 24 پووشپەڕ 2724

بەبۆنەی ٣٥ـەمین ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتور قاسملوو ڕێبەری ناوداری کورد و هاوڕێیانی، بە ئامادەبوونی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموكرات و جەماوەرێكی زۆری كوردانی دانیشتووی وڵاتی بریتانیا، ڕۆژی شەممە ٢٣ی پووشپەڕ، خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەکی بەرین بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندان و گردبوونەوەکە لە دوو بڕگەی جیاواز واتە لە بەردەم هەردوو باڵوێزخانەی ئێران و ئۆتریش لە شاری لەندەن بەڕێوە چوو.

بڕگەی یەكەمی خۆپیشاندانەکە بە ئامادەبوونی ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکرات لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە لەندەن بە هەڵگرتنی وێنە و پلاکاردی تایبەت بە دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی و وتنەوەی دروشم لە دژی کۆماری ئیسلامی و مەحکوومکردنی ئەو تێرۆرە بەڕێوە چوو.

دواتر بەشداربووان بە ڕێپێوان و بە وتنەوەی دروشم لە دژی ڕێژیمی ئێران و مەحكوومكردنی تێرۆری دوكتور قاسملوو و هاوڕێیانی بەرەو باڵوێزخانەی وڵاتی ئوتریش وەڕێ كەوتن.

دواتر بڕگەی دووەمی گردبوونەوەكە لە بەردەم باڵوێزخانەی ئوتریش بە چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی كورد و كوردستان دەستی پێكرد.

لە بڕگەیەكی دیكەی گردبوونەوەكەدا پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەری حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران لەلایەن هاوڕێ كاوە مودەرەسی بەرپرسی كۆمیتەی حیزب لە بریتانیا بە زمانی ئینگلیزی خوێندرایەوە و پاشان لەلایەن هاوڕێ نەجمەدین ئەكبەری بە زمانی كوردیی خوێندرایەوە.

نێوئاخنی گردبوونەوەکە بە سروود و پەخشان و شێعری شۆڕشگیڕیی و وتنەوەی دروشم دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران و پەیمان نوێكردنەوە لەگەڵ ئامانج و ڕێبازی حیزبی دێموکرات و دوکتور قاسملووی شەهید پێک هاتبوو.

جێگەی ئاماژەیە گردبوونەوەکە بە پێشکەشکاریی دوو هاوڕێی ئەندامی حیزبی دێمۆکرات شەریف فەلاح و هادی عەزیزی بەڕێوە چوو.