كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ئەمریكا و كانادا، وێڕای فێدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە كانادا، بە بۆنەی ٣٥ـەمین ساڵیادی شەهیدکرانی قاسملوو و هاوڕێیانی بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.
لەو بەیاننامیەدا تیرۆری دوکتور قاسملوو نەک نەیتوانی پرسی ڕەوای کورد بتوێنێتەوە، بەڵكوو پتر ناوەڕۆكی دژە كوردی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە هەمبەر گەلەكەمان دەرخست. هەنووکە لە هەموو کات پتر خوێنی بە ناحەق ڕژاوی شەهید قاسملوو بووەتە ڕێرەوی خەباتی نەپساوەی خەڵکی کوردستان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، ئازادی و دێموکراسی.
لە درێژەدا هاتووە لە كاتێكدا یادی ئەو سەركردە تێكۆشەرە دەكەینەوە كە ڕۆڵەكانی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و گەلانی ئێران بە وتنەوەی دروشمی ''ژن، ژیان، ئازادی'' و ''قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە'' دۆست و دوژمنیان دڵنیا كردووەتەوە كە ئەو ئامانجانەی دوکتور قاسملوو هەموو ژیانی لە پێناویانیدا خەباتی كرد، هەروا ویستی خەڵكی كوردستان و گەلانی بێبەش لە ئازادی ئێرانە.
نوێنەرایەتی كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ئامریکا و كانادا، وێرای فێدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە كانادا، لەگەڵ ناردنی سڵاو بۆ گیانی دوکتور قاسملووی زانا و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان، هاوکات پشتیوانی و بەشداریی چروپڕی خۆی لە هەموو کۆڕ، سیمینار و ئەو ڕێپێوانانە دەربڕیوە کە لە دەرەوەی وڵات بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەری شەهیدانی ڤییەن بەڕێوە دەچن.