کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سێدارەدانی ٥٣ زیندانی کورد لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا

10:07 - 27 پووشپەڕ 2724

ئاژانسی مافی مرۆڤی کوردپا لە ڕاپۆرتێکی ئاماریدا ڕێژەی ئیعدامەکانی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی بڵاو کردووەتەوە.

 

بەپێی ئامارەکانی کوردپا، لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا، بە گشتی ٢٥١ کەس لە سەرانسەری ئێران لە سێدارە دراون و لەو ژمارەیە ٥٣ کەسیان هاووڵاتی کورد بوون کە ٨ کەسیان زیندانی سیاسی و ئایینی بوونە.

 

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، چوار زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی مۆحێن مەزلوم، وەفا ئازەربار، پێژمان فاتحی و محەممەد فەرامەرزی بە تۆمەتی سیخوڕی لە سێدارە دراون و دوای ئێعدام تەرمەکانیان بە بێسەروشوێن کران.

هەروەها بەندکراوێکی دیکە بە ناوی ڕامین سەعادەت لە زیندانی میاندواو بە تۆمەتی قەتل  لەلایەن ڕێژیمەوە لە سێدارە دراوە، کە لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە.

 

بەپێی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا، بە گشتی پێنج هەزار و ٩٤٩ حوکمی ئێعدام لە ئێران جێبەجێ کراون و لەو ژمارەیەش ٦٥٥ حاڵەت لە کوردستان جێبەجێ کراون.

لە لایەکی دیکەوە، لە کۆی گشتیی ٦٥٥ لەسێدارەدان لە کوردستان لە ١٢ ساڵی ڕابردوودا، ٢٨ لەسێدارەدانیان پەیوەندییان بە تۆمەتی "سیاسی"ەوە هەبووە.