کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی نوێ یان هەر پەیامە کۆنەکە!

14:24 - 29 پووشپەڕ 2724

شەماڵ تەرغیبی

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش ئەوەیکە مەسعود پزیشکیان کرایە سەرکۆماری نوێی ڕێژیم، ناوبراو وتارێکی بە ناوی "پەیامی من بۆ جیهانی نوێ" لە ڕۆژنامەی کەمترناسراوی "تهران تایمز"دا بڵاو کردەوە و تێیدا هەوڵی داوە بەرچاوڕوونییەک بدات بە دەستەوە سەبارەت بە سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکی دەوڵەتەکەی و پلانەکانی بۆ داهاتوو کە جێگەی تێڕامانن!

ئەوەیکە ناوبراو باسی لێوە کردووە لەڕاستیدا بریتییە لە وێناکردنێکی ئاڵۆز، خەیاڵی و دوور لە لۆژیک کە بە هەندێ وشە و چەمکی قەبەقەبە جوانکاری بۆ کردووە؛ بۆ نموونە داکۆکی لە سیاسەتگەلێک کردووە کە دەوڵەتی پێشوو و دەوڵەتەکانی پێشووتریش ئەنجامیان دەدا و دواجار دەردەکەوت کە ڕێگەی هەڵەیان بڕیوە و هەر خەڵکی لێقەوماوی ئێران بوون کە زەرەرمەند دەبوون.

پزیشکیان بە شاگەشکەییەوە باس لە قەراردادی ٢٥ ساڵە لەگەڵ چین دەکات و پێداگرە لەسەر بەردەوامیی و ئووسوولی‌بوونی ئەو قەراردادە؛ هەروەها ناوبراو ڕووسیە بە هاوپەیمان و هاوبەشێکی ستراتێژیک و بایەخدار بۆ ئێران دەناسێنێ و باس لەوە دەکات کە لە هەوڵدایە ئاشتی لە نێوان ڕووسیە و ئۆکراین بێنێتە کایەوە! پێکەنیناویتر لەمانەش حەماس و حیزبوڵا و سووریە بە دۆست و هاوپەیمانی ناوچە ناو دەبات کە ئەم سێکوچکە لانیکەم لە چەند ساڵی ڕابردوودا خۆیان سەرچاوە و ماکەی بشێوی و ئاڵۆزی و خوێن و قەتڵ و کوشتار بوون. ئەمەش لەکاتێکدایە کە تەنانەت ئەگەر نەچینە نێواخن و نێوەڕۆکی پێوەندییەکانی نێوان ئێران و چین و ڕووسیە و سووریە و باقی گرووپە میلیشیاییەکانی سەر بە تاران، خۆ هەموو عەقڵێکی سەلیم ئەوە دەزانێ کە هەر ئەو ڕووسیە و چینە لە هەستیارترین کاتەکاندا پشتی کۆماری ئیسلامییان چۆڵ کرد و تەنانەت لە گرفتە ناوچەیی و جیهانییەکانیش و لە کاتی دانی بڕیار، دژ بە تاران وەستانەوە! نموونەشی دەتوانێ بڕیارەکانی شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت کە دوو هاوپەیمانە ستراتیژییەکەی تاران تێیدا نەخش و دەوریان هەبوو؛ کەواتە ئەم پێداهەڵکوتنانە نەتەنیا ناچنە خانەی سیاسی‌بوونی سەرکۆمارە نوێیەکەی ڕێژیم بەڵكوو دەکرێ وەک خۆشیرین‌کردنێک بۆ پێکەن و مۆسکۆ لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە بۆ نیشاندانی خۆشخزمەتییەک بە ڕێبەرەکەی واتە خامنەیی لێک بدرێتەوە. بە دیوێکی تریدا ئەم پێداهەڵکوتنە دانی پەیامێکە بۆ خامنەیی کە دەڵێ خەمت نەبێ من هەر ئەو کەسەم کە دەتهەویست؛ گوێڕایەڵ و جێبەجێکاری بڕیار!

جودا لەوە، نابێ لە بیرمان بچێ کە پزیشکیان پۆپۆلیستییانە باس لە چارەسەرکردنی قەیرانی ڕووسیە و ئۆکراین دەکات لەحاڵێکدا یان نازانێ یان لەبیری چووەتەوە کە ئێران بە پانەوە بە دانی چەکوچۆڵ و دڕۆنی خۆتەقێن بە ڕووسیە بە کردەوە چووەتە نێو شەڕی ئۆکراین و ڕووسیە کە لە ڕاستیدا شەڕی ڕووسیە و ئورووپایە و بیهەوێ یان نا ئێستە ئەو پاڵپشتی بەردەوامیی ئاگری شەڕەکەیە؛ خۆ ئەگەر وەها گریمانە بکەین ئەوەی دەوترێ ناڕاستن و ئێران هیچ ڕۆڵێکی لەم شەڕەدا نییە بەڵام وادیارە هێشتا پزیشکیان نەیزانیوە کە تەنانەت یەک وڵاتی ڕۆژاواییش پیرۆزبایی بە دەسەڵات گەیشتنەکەی لێ نەکردووە! کەواتە بە پێی چ پێوەرێک دەیهەوێ ئاشتی لە نێوان ڕووسیە و ئۆکرایندا جێگیر بکات؟

ئەمانە تەنیا چەند نموونەی بچووکن لەو بەناو وتارەی پزیشکیان کە فڕیان بەسەر ڕاستییەوە نییە و دەری دەخات کە ناوبراو بەپێی نوسخەیەکی لەپێشدا هەڵپێچراو خەریکی یاریکردن بە هەست و شعوری خەڵکە؛ هەڵبەت ئەو خەڵکەی کە بێئەزمون یان کەمئەزموونن و هێشتا تۆزقاڵێک هیوایان بە دەسەڵاتی ویلایەتی هەیە و ڕەنگە پزیشکیان و ئەربابەکەی بتوانن بۆ ماوەیەکی تریش دنیایەکی ڕەنگاڵەیان بۆ وێنا بکەن تا لە خەون و خەیاڵدا بژین بەڵام دواجار بۆ ئەوانیش ڕوون دەبێتەوە کە دنیا و جیهانی نوێی پزیشکیان هەر ئەو دنیا و جیهانە ڕەش‌داگیرساوەی سەردەمی ڕەییسی و ڕوحانی و ئەحمەدی نژاد و خاتەمی و ڕەفسەنجانییە کە هەموویان لەژێر ئەمر و بڕیاری جەنابی وەلی فەقیه ژیان و کاریان کرد. جا بۆیە ئەوە "پەیامێکی نوێ بۆ جیهانێکی نوێ"  نەبوو کە دای بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ بێگەرد و خەوش نیشاندانی سیاسەتی نێوخۆیی ڕێژیم و بەیعەت تازەکردنەوەیەک لەگەڵ ڕێبەرەکەی.