کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی زیندانییەکی پێشووی سیاسی و چالاکی مەدەنی لە شاری سنە

15:10 - 30 پووشپەڕ 2724

"عەلی اللە وەیسی"، زیندانیی پێشووی سیاسی و چالاکی مەدەنیی کورد، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە شاری سنە دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕ، عەلی اللە وەیسی، زیندانیی سیاسی و چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لەم شارە دەسبەسەر کرا و بەبێ بەڵگەی یاسایی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا .

ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠١ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە شاری سنە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژی نیزام، "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و دامەزراندنی کەمپەینی سەهیۆنیستیی کوردستان" بە دوو ساڵ بەندکران مەحکووم کرابوو.  دواتر ئەم حوکمە لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنە گۆڕدرا بۆ پێنج مانگ زیندانیکردن و ٤ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو.

شایانی باسە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتەکان بۆ سەر عەلی الله وەیسی لەبەر دەستدا نییە.