کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێپێوانێکی بەرین بەبۆنەی ٣٥ـەمین ساڵی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە سوید

15:28 - 30 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣هەتاوی، ڕێپێوانێکی بەرین بەبۆنەی ٣٥ـەمین ساڵی تێرۆری شەهید دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە شاری ستۆکهۆڵم پێتەختی وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.

ئەو ڕێپێوانە بە بەشداریی سەدان کەس لە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب و لایەنگرانی ئاشتی و ئازادیی گەلی کورد لە یەکێک لە پارکەکانی شاری ستۆکهۆڵم بەنێوی "هوملە گۆردێن"ـەوە بە وتنەوەی دروشم بە زمانەکانی کوردی و فارسی و سویدی بۆ مەحکوومکردنی دەزگای تێرۆری کۆماری ئیسلامی بەرەو گۆڕەپانی "سێرگێل تۆری" دەستی پێکرد.

بەرنامەکانی تایبەت بە یادی شەهیدانی ٢٢ی پووشپەڕ بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد. پاشان خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان ڕاگەیەندرا.

دواتر پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لەلایەن نەبەز عەلیدووست، بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوید و پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەری بە زمانی سویدی لەلایەن خاتوو ڕێناس محەممەدیان، ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە خوێندرایەوە.

هەروەها پەیامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لەلایەن خاتوو دڵنیا ڕەحیمزادە پێشکەش کرا.

دواتر قادر كاسیرگا  ئەندامی پارلەمانی سوید لە حیزبی سوسیال دێموکراتەکانی سوید پەیامێکی بەو بۆنەوە خوێندەوە و پاشان فرێدریک ماڵم ئەندامی پارلەمانی سوید لە حیزبی لیبراڵەکان چەند وتەیەکی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد.

پێویست بە ئاماژەیە هەردوو پارلمانتار لە وتەکانی خویاندا ئەو کردەوەی کۆماری ئیسلامییان مەحکووم کرد و هەڕەشە و تێرۆری دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بۆ سەر سەروەریی وڵاتانی ئورووپایی وەبیر دەسەڵاتدارانی وڵاتەکانیان و بەتایبەت وڵاتی سوید هێنایەوە.

 هەروەها پەیامی حیزبی گەلی بەلووچستان لەلایەن "فەریبا بەلووچ"ـەوە خوێندرایەوە.