کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فرانکفۆرت/ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک بەبۆنەی ٣٥ـەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور قاسملوو

16:04 - 30 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی شەممە ٢٣ی پووشپەڕ، بەبۆنەی ٣٥ـەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری شەهید دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو، خۆپیشاندانێکی بەربڵاو لە بەردەم باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە  شاری فرانکفۆرت بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و چەندین حیزب و لایەن و کەسایەتیی کوردستانی و ئێرانی و ئاڵمانی بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

 کاک ناسر پاشازادە دوای بەخێرهاتنی بەشداربووان پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە زمانی کوردی بۆ ئامادەبووان خوێندەوە.

پاشان کاک سوهەیب ڕەزایی پەیامەکەی بە زمانی ئینگلیسی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

دواتر خاتوو لەعلا کەیخوسرەوی پەیامێکی بە زمانی ئاڵمانی خوێندەوە. لە پەیامەکەدا تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت کوشتن و تۆقاندن لە ڕێگای تیرۆر و هەروەها بێدەنگیی وڵاتانی ڕۆژاوایی لەهەمبەر تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران لەپێناو بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری بە تایبەت لە دۆسییەی  ڕێبەری شەهید دوکتور قاسملوو، بە توندی مەحکووم کرا و داوای وەگەڕخستنەوەی دۆسییەی ئەو تاوانە لە دادگایەکی بێلایەندا کرا.

لە درێژەدا چەند حیزب و لایەن پەیامی خۆیان ئاراستەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد کە بریتی بوون لە:

هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە ئاڵمان

حیزبی دێموکراتی پێشکەوتنخوازی کوردی سووریا

ڕێکخراوی پاراستنی گەلانی ژێر مەترسی

(Gesellschaft für bedrohte völlker)

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری

پارتی سۆسیالیستی کوردستان

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک)

کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکیشانی کوردستان ئێران

پاشان خۆپیشاندەران بەرەو ناوەندی شاری فرانکفۆرت وەڕێ کەوتن . لەو بڕگە لە خۆپیشاندانەکە بەڕێز سوڵتان گوڵاوی بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.