ڕۆژی شەممە ٢٣ی پووشپەڕ، لەلایەن کۆمیتەی ئوتریشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڤییەن لە ٣٥ـەمین ساڵەی شەهیدکردنیاندا بەڕێوە چوو.
ئەم رێوڕەسمە بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڤییەن، مەحکوومکردنی ئەو کردەوە تێرۆریستییە و هەڵوێستی حکوومەتی ئەوکاتی ئوتریش لە یەکێک لە هۆڵەکانی شاری ڤییەن بە بەشداریی نیزیک بە سەد کەس لە کوردەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان، نوێنەرانی پارلەمانی ئوتریش، نوێنەرانی پارلەمانی شاری ڤییەن لە حیزبی سەوزەکان و حیزبی سۆسیال دێموکرات و هەروەها بەشێک لە نوێنەرانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لەژێر ناوی "یادێک لە قوربانییان و خوازیاری دادپەروەری" بەڕێوە چوو.
سەرەتا لەلایەن محەممەد فەقێعەلی، بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە وڵاتی ئوتریش، خۆلەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان ڕاگەیەندرا.
ناوبراو لە پێوەندی لەگەڵ تیرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لەلایەن نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، وتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە شاردنەوە و داپۆشینی ئەو کردوە تێرۆریستییە، لەلایەن کاربەدەستانی ئەو کاتی وڵاتی ئوتریش، نادادپەروەریی دەسەڵاتدارانی وڵاتی ئوتریش دەرهەق بە میللەتی کورد و پێشیلکردنی مافی مرۆڤ و لەبەرچاو نەگرتنی دێموکراسییەک کە بە یەکێک لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی سیستەمی سیاسی خۆیانی دەزانن، کرد.
محەممەد فەقێعەلی ئاماژەی بە باوەڕی قووڵی دوکتور قاسملوو بە دێموکراسی و جێگیرکردنی ئەم چەمکە لەنێو حیزبدا کرد و باسی لە باوەڕ بە چارەسەری هەموو کێشەکان لە ڕێگای وتووێژەوە کرد و ڕایگەیاند کە ئەو هەڵەیەی وڵاتی ئوتریش لە پێوەندی لەگەڵ ئەو تیرۆرەدا و ئازادکردنی تیرۆریستان بوو بە هۆکاری ئەوەی، کە کۆماری ئیسلامی لە درێژەدان بە تیرۆری دژبەرانی خۆی سوورتر بێت و پاش ئەوەش بە دەیان ئەندامی ئوپۆزیسیۆن و بەرچاوتر لە هەموویان دوکتور سادقی شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە بەرلین تیرۆر بکات.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە پەروەندەی تێرۆری دوکتور قاسملوو لای خەڵکی کوردستان کراوەیە و ئێستا پاش ٣٥ ساڵ کاتی ئەوەیە، کە دەسەڵاتدارانی وڵاتی ئوتریش هەڵەی ڕابردووی خۆیان ڕاست کەنەوە و ڕێگا بۆ پێکهێنانی هەیئەتێکی لێکۆڵینەوەی پارلەمانی ئاوەڵا بکەن و کەیسی تێرۆری دوکتور قاسملوو وەگەڕ بخەنەوە.
فەقێعەلی هەروەها خوازیاری پاڵپشتیی سیاسەتمەداران و پارلەمانتارانی ئوتریشی بۆ جارێکی تر وەگەڕخستنەوەی ئەو کەیسە و هەوڵ بۆ دابینکردنی دادپەروەری لەو پێوەندییەدا بوو.
بە دوای ئەودا ئێرنست ڤۆلەر، سەرۆکی یەکەمی پارلەمانی پارێزگای ڤییەن، کە خاوەندارێتی ڕێوڕەسمەکەشی لە ئەستۆ بوو، بە ناوی خۆی و پارێزگاری شاری ڤییەنەوە بەخێرهاتنی بەشدارانی کرد و وتارێکی پێشکەش کرد.
ناوبراو لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە شارەکەی ئەوان شارێکی فرەکولتووریە، خەلکی ١٨٨ وڵات بە کولتووری جیاوازەوە لە شارەکەی ئەواندا دەژین و شاری ئەوان شاری پارێزگاری لە مافی مرۆڤە، بەڵام شتێک کە ئازاردەرە بۆ شارەکەی ئەوان و برێنێکی قووڵە لە مێژووی شارەکەی ئەواندا، ئەو کارەساتەیە، کە لەودا سێ کەسایەتیی کورد، لەلایەن تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کوژران و لەو پێوەندییەدا حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ئەوان لەو سەردەمەدا هیچ کارێکیان نەکرد بۆ ئەوەی تیرۆریستان بە سزای خۆیان بگەن و ئازاد کران.
ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە لە ساڵی ١٩٩٢ لە کاتی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستانی باشووردا کاتێک وەک هەیئەتێک بۆ چاوەدێری هەڵبژاردنەکان لە ڕێگای ئێرانەوە بۆ کوردستان چوون، ماوەی یەک حەوتوو لە پارێزگای ئازەربایجان وەک دیل مامەڵەیان لەگەڵ کراوە و هەروەها کەسێکیش کە وەک چاوەدێر بە سەریانەوە دیاری کراوە و بۆ چوونە باشووری کوردستان کێشەی بۆ ساز کردوون، هەمان کەس بووە کە کاتی خۆی ماڵێکی لەو کۆڵانەی شاری ڤییەن کە کارەساتەکە تێیدا ڕووی داوە بە کرێ گرتووە.
ئێرنست ڤۆلەر لە کۆتایی وتارەکەیدا ئامادەیی خۆی بۆ پاڵپشتی لە داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و وەگەڕخستنەوەی کەیسی تیرۆر و پاڵپشتی بۆ بە تیرۆریست ناساندنی سپای پاسداران دەربڕی.
پاشان لەلایەن دوکتور خوسرەو بەهرامی، کە لەو سەردەمەدا بەرپرسایەتیی کۆمیتەی حیزبی لەسەر شان بووە و ئاگاداری چۆنیەتیی کار و تێکۆشانی دوکتور قاسملوو بووە، وتارێک پێشکەش کرا.
دوکتۆر خوسرەو لە وتارەکەیدا پاش ئاماژە بە چونیەتیی تێکۆشانی دوکتور قاسملوو لە کوردستان وەک شوێنی ئەسڵیی کار و تێکۆشانی و مەئموورییەتەکانی ساڵانەی بۆ دەرەوە بۆ پەرەپێدان بە پێوەندییەکانی حیزب لەگەڵ حیزب و وڵاتان، چۆنیەتیی ڕووداوەکە و چۆنیەتیی بەجێگەیاندنی ئەرکی پۆلیس و دژە تیرۆری ئوتریش و دەستێوەردان و ترساندنی کاربەدەستانی ئوتریش لەلایەن باڵوێزی ئەو کاتی ئێران و هەروەها دەستێوەردانی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی دادی ئوتریش بۆ بە لاڕێدابردنی پرۆسەکە و ئازادکردنی تیرۆریستان و هەوڵی ئەندامانی حیزب و خێزانی دوکتور قاسملوو بۆ ناساندنی تیرۆریستان و بەندکردنیان، ئاماژەی بەوەش دا، کە وڵاتی ئوتریش وەگەڕخستنەوە پەروەندەی تێرۆری دوکتور قاسملوو و ڕوونکردنەوەیەک بە خەڵکی کوردستان قەرزدارە و پێویستە سیاسەتمەداران و دۆستانی کورد لەو بارەوە یارمەتیدەرمان بن و ئەگەر وڵاتی ئوتریش بۆ خۆی لەم کارە ببوێریت، تەنیا ڕێگا دادگای لاهە دەبێت کە کورد ناچارە پەنای بۆ ببات.
دواتر لەلایەن کامران شێخ موحەممەدییەوە موسیقای سروودی "خوایە وەتەن ئاوا کەی" کە دوکتور قاسملوو زۆر حەزی لێ بوو پێشکەش کرا.
پاشان لووکاس هامەر ئەندام پارلمان لە سەر لیستی حیزبی سەوزی ئوتریش لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە شوێنی تیرۆرەکە ٨٠٠ میتر لە باڵوێزی ئێران دوورە و ئەو لەو باوەڕەدایە، کە ئەوە بە هەڵکەوت نەبووە و ئەوە قەتڵێکی پلان بۆ داڕێژراو بووە و ئەو پێی وایە، کە هەموو کون و قوژبنێکی ئەم تێرۆرە بە بەڵگە کراوە و ئەوەی لێرەدا ڕووی داوە، هەڵویستی کاربەدەستانی ئەو کاتی وڵاتی ئوتریش و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی ئابووری و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بووە و وەک هاوکارێکی خۆی، کە سەردەمێک وەزیری ناوخۆ بوو و وتی، کە ئەوە لە ڕاستیدا چۆکدادانی دەوڵەتی ئوتریش لە بەرانبەر فشاری ئێراندا بووە و هەر هەوڵێکی کوردیش بۆ ڕوونبوونەوەی تێرۆرەکە، وەک بێڕێزی بە وڵاتی ئوتریش چاوی لێ کراوە.
لووکاس دەڵێت من بە ڕاستی شەرم دەکەم بە نیسبەت هەڵویستێکەوە، کە کاربەدەستانی وڵاتی ئوتریش گرتوویانە و دەڵێت، کە ئێمە وەک سەوزەکان هەر ئەو کاتیش هەوڵمان دا، کە هەیئەتێکی لێکۆڵینەوەی پارلمانی بۆ ڕوونکردنەوە پێک بێت و ئێستاش ئامادەین ئەو کارە بکەین، بەڵام ئەو کات حیزبەکانی دەسەڵاتدار ڕەدیان کردەوە.
لووکاس لەو باوەرەدایە کە کۆماری ئیسلامی دەبێ گەمارۆیەکی ئابووری وەهای بخرێتە سەر، کە نەتوانی یارمەتی بە گرووپە تیرۆریستەکان بۆ ترساندن و تۆقاندن و تیرۆری دژبەرانی خۆی بە تایبەت کوردەکان بکات و پێی وایە، کە سوپای پاسدارانیش دەبێ بخرێتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانەوە.
پاشان دوکتور هومایون عەلیزادە کە لە سەردەمی وتووێژەکانی دوکتور قاسملوودا یەکێک لە کارمەندە بەرزەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئوتریش بووە و ئێستا کتێبێکی لە ژێر ناوی "ئازاردەر بۆ کەرامەتی مرۆڤ" نووسیوە بەشێک لە کتێبەکەی کە لە پێوەندی لەگەڵ تیرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانیدا نووسراوە خوێندەوە و ئاماژەی بە یەکەمین ئاشنایی خۆی لە ساڵی ١٩٧٧ لە کۆنفرانسێکدا لەگەڵ دوکتور قاسملوو و وردەکاریی چۆنیەتیی وتووێژەکەی دوکتور قاسملوو لە جاری دووهەم و وردەکاریی کات و ساتی دەسپێکی وتووێژەکە و بەشداریی ئەحمەد بین بیلا لە ڕۆژی یەکەم و دواخستنی وتووێژەکە ل لایەن دیپلۆمات تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە بیانووی ئاگادارکردنەوەی ڕەفسنجانی کرد بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە بۆ کات و ساتی گونجاو بۆ تیرۆرەکە کە ڕۆژی ١٣ی مانگ و ڕۆژی چلەی خۆمەینی واتە کۆتایی ماتەمینی لە ئێراند بوو.
بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمەکە بە پۆدیۆمێک دەستی پێ کرد کە بە بەشداریی خاتوون بێریڤان ئەسڵان ئەندام پارلەمانی شاری ڤییەن لە حیزبی سەوز، پرۆفسۆر دوکتور شتێفان گریگات، پسپۆڕی سیاسی، پرۆفیسۆر لە ناوەندی توێژینەوەی دژە جوولەکە و ڕەگەزپەرستی، دوکتور خوسرەو بەهرامی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و چەپەر حاجۆ بەڕێوەبەری پەروەردەی ئاکادێمیی حیزبی سوسیال دیمۆکراتی ئوتریش و ئەندامی شۆرای ناوچەی ٣ی ڤییەن بەڕێوە چوو و وڵامی پرسیاری بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە و پرسیاری بەڕێوەبەری پۆدیۆمەکە، کە لەلایەن محەممەدی فەقێعەلی بەڕێوە چوو دایەوە.
لەلایەن نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوەکانی بەشدار چەند وتار و پەیامێک لە پێوەندی لەگەڵ تیرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانیدا، پلانی داهاتوو بۆ وەگەڕخستنەوەی کەیسی تێرۆری دوکتور قاسملوو، چۆنیەتیی هاوکاری لە نێوان ڕێکخراوە کوردستانییەکان و چۆنیەتیی هاوکاریی کوردەکان لەگەڵ ڕێکخراوە ئوتریشییەکان و پلانی پارێزگاری لە خۆ لە بەرانبەر سیخوڕەکانی کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی تردا پێشکەش کرا .
بە هۆی پشووی هاوینەی ناوەندە سیاسییەکانی ئوتریشی، ئەندامانێکی زۆری پارلەمان و نوێنەرایەتیی حیزبە سیاسییەکان دەرفەتی بەشداربوون لەم بەرنامەیەدا نەبوو، هێندێک لەوانە بە نوسراوە پەیامەکانیان گەیاندبووە دەستی بەرپرسی پەیوەندیەکانی حیزب لە وڵاتی ئوتریش، یەک لەوانە پەیامی سەرکۆماری وڵاتی ئوتریش پرۆفسۆر دوکتۆر ئەلەکساندەر ڤان دەر بێلن بوو و ئەوانی تر بریتی بوون لە:
ـ خاتوون سایە ئەحمەد: بەڕێوەبەری ناوچەی ٩ی شاری ڤییەن لە حیزبی سۆسیال دێموکرات
ـ دوکتور نزار مووسا: بەرپرسی پارتی یەکیەتی کوردستان PKY-S
ـ ئاری میلان: لەلایەن نوێنەرایەتیی خۆبەڕێوەبەری دێموکراسی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە نەمسا
ـ محەممەد ئەمین: پارتی پێشوەرۆی کوردستانی سوریە
ـ مانی دەعوەتگەران: بەرپرسی ڕێکخراوی " ژن، ژیان ، ئازادی“
شایانی باسە چەندین حیزب و ڕێکخراوی دیکەش بەشدار بوون، کە بە هۆی کەمی کات نەتوانرا، پەیامەکانیان پێشکەش بکەن کە بریتی بوون لە :
ـ فۆڕومی ئێرانیەکان: کە ڕێکخەری زۆربەی خۆپیشاندان و میتینگەکانن دژی کۆماری ئیسلامین.
ـ پارتی دیمۆکراتی کوردستانی سووریە
ـ پارتی ئازادی کوردستان
ـ ناوەندی ڕەڤەندی کوردستانی
ـ ڕێکخراوی زاگرۆس
ـ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ـ نوێنەرایەتی کوردانی یارسان