کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاسبکارێکی برینداری کورد چووەتە کۆماوە

13:43 - 31 پووشپەڕ 2724

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپاا ڕایگەیاندووە کە ڕێبوار ڕەشیدی، کاسبکاری کورد کە لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی رێژیمەوە بریندار کرابوو و لاقێکی بڕدرابووەوە لە نەخۆشخانەی سنە لە کۆمادایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە ئاخرین دۆخی ڕێبوار ڕەشیدی لە نەخۆشخانەی سنە بە کوردپای وت؛ ڕێبوار ڕەشیدی کە ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٣، لە ئاکامی تەقەی هێزە نیزامییەکاندا لە سنووری "هەنگەژاڵ" بە چەکی تاپڕ بریندار کرابوو، سەرەڕای ئەوەی کە لاقی لە سەرەوەی ئەژنۆیەوە بڕدراوەتەوە، ئێستا لە کۆمادایە و ئاستی وشیاریشی ٥ ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا وتوویەتی ئیزن بە کەس نادرێت کە لە نەخۆشخانەی سنەدا چاوی بەم کاسبکارە کوردە بکەوێ.

هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٣، بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لە سنووری بانە تەقەیان لەم کۆڵبەرە کرد.

ڕێبوار ڕەشیدی، خەڵکی بانە، خێزاندار و باوکی منداڵێکە.

بەپێی ئاماری بڵاوکراو لەلایەن کوردپاوە، لە ٦ مانگی یەکەمی ٢٠٢٤دا، سەرجەم ١٢ کاسبکار و هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و بریندار کراون.

هەروەها لە ٦ مانگەی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا، ٣٣ کۆڵبەر کوژراون و ٢٥٤ کەسی دیکەش بریندار کراون.