کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: ڕێبەرانمان ئەگەر لە سەردەمی زیندووبوونی خۆیاندا بە نەسرەوتنیان خەباتی کوردیان دەبردە پێش، لە نەبوونی خۆشیاندا بۆ ئێمە ئۆلگوون

01:37 - 1 گەلاوێژ 2724

خالید عەزیزی:

ڕێبەرانمان ئەگەر لە سەردەمی زیندووبوونی خۆیاندا بە نەسرەوتنیان خەباتی کوردیان دەبردە پێش، لە نەبوونی خۆشیاندا بۆ ئێمە ئۆلگوون

 

خۆشک و برایانی ئازیز!

میوانانی بەڕێز!

نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان!

 ئەندامانی بەوەفای حیزبەکەی دوکتور قاسملوو!

 زۆر زۆر بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ ئێرە، بۆ پێرلاشێز، بۆ پاریس، ئەو شوێنەی ڕێبەرمان د. قاسملوو بیرەوەری زۆری لێی هەبوو و بەشێک لە ئەندێشەکانی لێرە لە پاریس وەرگرتبوو بۆ ئەوەی بیکا بە بنەمایەک بۆ تێکۆشانی هزری و سیاسیی حیزبی دێموکرات و حیزبی دێموکراتیش بیکا بە بنەمای کاری دامەزراوەیی لە بەردەوامیی تێکۆشان و چالاکییەکانی خۆیدا.

 ڕێک ٣٥ ساڵ پێش ئێستا ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دەوڵەتمەردی گۆڕەپانی سیاسیی ئێران دوکتور قاسملوو لەسەر ڕێباز و مێتۆدی چارەسەری کێشەی کورد لە ئێران لە دانیشتنێکدا کە لە "ڤییەن" لەگەڵ بەناو دیپلۆمات بەڵام لەڕاستیدا تێرۆریست پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی هەیبوو، تێرۆر کرا. ڕەنگە لە یەکەم لێکدانەوەدا لەنێو کۆمەڵانی خەڵک و لەنێو ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا هەروەک لە بەیاننامەکەی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژی ناشتنی دوکتور قاسملوو لێرە باس کرا، تەواوی کوردستان تاسا. بەڵام ئەندێشەی دوکتور قاسملوو، بیر و باوەڕی دوکتور قاسملوو و ئەو حیزبەی کە دوکتور قاسملوو قەوارەکەی داڕشتەوە و خستیەوە سەر پێ، ڕێگای دوکتور قاسملوویان بەردەوام بردووەتە پێشێ. بۆیە زۆری نەکێشا خەمی لەدەستدانی ڕێبەرمان بوو بە بنەمایەک بۆ ڕێبوارانی کە بیکەن بە ڕق و تووڕەیی پیرۆز لە خەبات و تێکۆشانی خۆیان دژی کۆماری ئیسلامی و بیکەن بە فەرهەنگ لەپێناو بەهێزکردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەروەها بیکەن بە عەقڵییەتی جەماوەری بۆ ئەوەی ئەو فەرهەنگە سیاسییەی دوکتور قاسملوو بەرنە نێو کۆمەڵانی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

دوکتور قاسملوو ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و گەورە پیاوی گۆڕەپانی سیاسی ئێران هەروەک چۆن لە تەواوی چالاکی و تێکۆشانی سیاسی، تەشکیلاتی و دیپلۆماسیی خۆیدا ئەو حیزبەی پێگەیاند، بەڵام بە مەرگی جەرگبڕ و تاسێنەریشی بۆچوون و کوردایەتی و حیزبایەتی لە کوردستانی ئێراندا بەهێز کرد. ئەوانەی پێیان وابوو بە تێرۆری دوکتور قاسملوو حیزبی دێموکرات تێدا دەچێ و بە نەمانی دوکتور قاسملوو بیر و هزری ئەو لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ئێران و لەنێو لایەنە ئێرانییەکاندا کاڵ دەبێتەوە و ون دەبێ، هەموو هەڵەیان کرد. هەر ئەو ماوەیە لە جووڵانەوەی ژینادا و لە بۆنە و ڕێوڕسمە نەتەوەییەکانی دیکەدا خەڵکی کوردستانی ئێران و ڕێبوارانی ڕێبواری دوکتور قاسملوو بەردەوام ئەو دروشمە بەرز دەکرایەوە: "قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە".

لەڕاستیدا مەرگی دوکتور قاسملوو شۆڕشێکی دیکەی وەڕێ‌خست و بووە ڕێنسانسێکی دیکە لەنێو حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی کورددا. دوکتور قاسملوو بە مەرگی خۆشی هەزاران ڕێبواری دروست کرد کە جەمعێکی زۆریان ئێستا لێرە لە پاریس لە پێرلاشێز لەسەر گڵکۆی دوکتور قاسملوو دەبینینەوە. ئەوە بۆ جارێکی دیکەش دەریخست دەوڵەتە مەرکەزییەکان ئەگەر بە لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد پێیان وابوو بیرۆکەی کۆمار لەبەین دەچێ و حیزبی دێموکرات دەفەوتێ، دواتر حیزبی دێموکرات زیندوو بووە و درێژەی بە چالاکی و ڕەساڵەتی مێژوویی خۆی دا کە بەشێکی نەتیجەی کار و تێکۆشان و بەرهەمی خۆماندووکردنی ڕێبەرمان دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو بوو. د. قاسملوو حیزبایەتیی نەهادینە کرد، بۆیە تێرۆرکردنی دوکتور قاسملوو لەڕاستیدا نەیتوانی ئەو جووڵانەوەیە بوەستێنێ. خۆ ئەگەر دواتریش دوکتور سادق شەرەفکەندی کاتێک کۆبوونەوەی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست لە ئاڵمان، لە شاری بەرلین بەجێ‌هێشت بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان ڕێگاچارەیەک بۆ دروستکردنی ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگر و بەهێز دژی کۆماری ئیسلامی ببینێتەوە، بینیمان دوکتور شەرەفکەندیشیان تێرۆر کرد، بەڵام دیسان لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا تووڕەیی لە کۆماری ئیسلامی و ئۆمێد و هیوایەکی زۆرتر دروست بوو کە چۆن لەدژی کۆماری ئیسلامی خەبات و تێکۆشانی خۆمان بەرینەپێشێ.

 لەسەر یەک ڕێبەرانمان ئەگەر لە سەردەمی زیندووبوونی خۆیاندا بە تێکۆشان و نەسرەوتنیان حیزبیان ڕێبەری دەکرد و جووڵانەوە و خەباتەکەیان دەبردە پێش، لە نەبوونی خۆشیاندا بۆ ئێمە ئۆلگوون. ئەگەر پێشەوا قازی محەممەد بە بنیاتنانی حیزبی دێموکرات و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان نوور و ڕووناکایی خستە نێو گۆڕەپانی کوردایەتی و ناسیۆنالیزمی کورد، دوکتور قاسملووش بوو بە قۆتب‌نمای ئەو جووڵانەوەیە و مەسیرەکەی دستنیشان کرد و کردی بە حیزبێکی خاوەن دامەزراوەی بەهێز. بۆیە بۆ جارێکی دیکە ئێمە لێرە لە پاریس، لە پێرلاشێز وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هەموو کادر و ئەندامان و لایەنگرانەوە پەیمان نوێ دەکەینەوە ئەو ڕێبازە کە ڕێبازێکی شارستانییە، ڕێبازێکە لەپێناو مافە نەتەوایەتییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێبازێکە بۆ سەقامگیرکردنی دێموکراسی لە ئێران، ڕێبازێکە بۆ ئەوەی میکانیزمی بەکردەوە و چەندوچۆنیی چارەسەری پرسی کورد لە ئێراندا بدۆزرێتەوە، لەو ڕێبازە بەردەوام دەبین. هاوکات لەوەش دڵنیاین ئەگەر لە داهاتووشدا بە تێرۆر، کۆمەڵکوژی و مووشەک و دڕۆن و بە هەموو هێزیانەوە لێمان بدەن، ئەو حیزبەی دوکتور قاسملووی پێگەیاند، دەیان و سەدان کەسی دیکەش پێ دەگەیەنێ و ئەو خەباتە هەتا سەرکەوتن بەردەوام دەبێت.

لێردا جارێکی دیکە لە خزمەت ڕێبەرمان دەڵێن حیزبەکەت بە دوای نسکۆی لەدەستدانی جەنابت ئێستاش بەردەوامە. دوای جەنابت د. سادقی جێگرەوەت و ڕێبەرانی دیکەشمان تێرۆر کران، سەدان کادر و پێشمەرگەشمان لێ تێرۆر کرا و قۆربانییەکی زۆرمان دا، تەنانەت بۆ یەکەم‌جار کۆماری ئیسلامی مووشەکی دوورهاوێژی لەسەر حیزبەکەی جەنابت تاقی کردەوە، بەڵام ئێمە کۆڵمان نەدا و نەوەستاین. لێرە جارێکی دیکە ئەو مزگێنییە دەدەین بە دوکتور قاسملوو کە حیزبەکەی بەڕێزت کە لە قۆناغێکدا تووشی کۆمەڵێک کێشە و موشکیلاتی نێوخۆیی بۆوە، هەموومان بە ەکەوە شانمان وەبەردا و حیزبمان کردە بە یەک. هەروەها هەموومان بەڵێن دەدەین کە بە یەکەیەوە  ئەو حیزبە ئیدارە بکەین و بیبەینە ئەو شوێنەی کە لێی لە دایک بوو، بیبینەوە ئەو شوێنەی سیاسەتی پێ بکەین کە جەنابت هەمیشە ئارەزووت دەکرد حیزبی دێموکراتی کوردستان لە گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بێت.

ڕێبەرمان ڕۆحت شاد و ئێمەش درێژەدری ڕێگات دەبین.