کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کورد نامەیەکی سەرئاوەڵای بڵاو کردەوە

17:30 - 1 گەلاوێژ 2724

پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین کە زیاتر لە ٨ مانگە دەسبەسەرە، لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا لە بەندیخانەی ئێڤینەوە لەژێر ناوی "نکۆڵیکردن لە  هەقیقەت و ئاڵتیرناتیڤەکەی" وێڕای ئاماژە بە ئازاری "ژن بوون" و "کورد بوون" لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی، ئاماژەی بە ئەشکەنجەکانی خۆی لە ژووری تاکەکەسی و ڕاگرتنی لە دۆخی نامرۆڤانە کردووە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە سەرەتای نامەکەی خۆیدا، ئاماژە بە دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی لە پێش چاوی بنەماڵەکەی بە ڕاکێشانی چەک لەلایەن ٢٠ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەکات و دواتر باس لە ڕاگواستنی بۆ ژووری تاکەکەسی دەکات کە وەبیرهێنەرەوەی تۆمەتی "کورد بوون" و "ژن بوون"ی ناوبراو لە دەسبەسەرکرانی ساڵی ٨٨ دا بووە.

پەخشان عەزیزی لەم نامە سەرئاوەڵایەدا باس لە ڕوانگە، گوتار و خەباتی خۆی بۆ "کورد بوون" و "ژن بوون"، سەرەڕای ئاماژە بە نکۆڵیکردن لەم هەقیقەتە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، باسی لە ئەشکەنجە و جۆری ئاکاری لێپرسەکان کردووە.

پەخشان عەزیزی ئاماژە بە ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونییەکان لە دیوی لێپرسینەوەدا دەکات کە چەندین جار لە دار دراوە، چەندین جار بە کورسییەکەیاندا داوە، بیڕێزییان پێ  کردووە و هەڕەشەیان لێ کردووە، مۆرکی "تەجزیەتەڵەبی" و "ڕەگەزی دووهەم"یان لێ داوە و وەک کەسایەتییەکی تێکشکاوی کۆمەڵایەتی ناویان لێ بردووە .

ناوبراو لە بەشێک لەم نامەیەدا، ئاماژەی بە ٥ مانگ ڕاگیرانی خۆی لە ژووری تاکەکەسی و مانگرتن لە خواردنی بەردەوام کردووە کە تووشی خوێنڕێژیی بەردەوام بووە.

کوردپا لەمبارەوە رایگەیاندووە کە سزای پەخشان عەزیزی بە تۆمەتی "بەغی" دەر کراوە بەڵام تاکوو ئێستا ڕانەگەیندراوە و ئەگەری هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەم سزایە ڕابگەیەندرێ.

سەرماوەزی ١٤٠٢، پەخشان عەزیزی پاش ٤ مانگ لێپرسینەوە لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤینەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم بەندیخانەیە ڕاگوێزرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢، لە تاراندا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا.

پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٨٨، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران، دژی لەسێدارەدانە سیاسییەکان لە کوردستان، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٤ مانگ دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەم ژنە چالاکە کوردە پاش ماوەیەک لە ئێران چووبووە دەرەوە و چەند ساڵێک لە هەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێ بوو.