کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا مەولوودی: خەڵکی کوردستان سیاسیتر و مافویستتر لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانن

17:03 - 2 گەلاوێژ 2724

مستەفا مەولوودی: خەڵکی کوردستان سیاسیتر و مافویستتر لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانن

 

دیمانە: زانیار حوسێنی

ئاماژە: دوو حەوتوو دوای ڕاگەیاندنی ئاکامی بەناو هەڵبژاردنەکان پرس و پرسیارەکان لەسەر پێگەی سەرکۆماری لە نیزامی کۆماری ئیسلامی، دۆخی خەڵک و بەڵێنەکانی پزشکیان، هێناوەی ڕێفۆڕمخوازەکان بۆ نیشاندنی وێنایەکی دی لە ڕێژیم بۆ تێپەڕین لە قەیرانەکان و هەروەها ئاسۆ و دوورەدیمەنی خەبات و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران بەتایبەت کوردستان، ڕۆژەڤی سیاسیی کۆڕوکۆمەڵە سیاسییەکانن. "کوردستان" بۆ دەرخستنی سیاسەت و خوێندنەوەکانی حیزبی دێموکرات دیمانەیەکی لەگەڵ مستەفا مەولوودی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کردوە.

لەگەڵ ئەوەدا پزشکیان بە کەمترین دەنگ لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە مێژووی ئێراندا ناوی لە سندووەکانی دەنگدان هاتە دەرێ، بەڵام هەر ئەو کەمایەتییە بەشدارەش بەهیوای ئاڵوگۆڕ لە دۆخی وڵاتدا بەشدارییان کردوە. پرسیار ئەوەیە پێگەی سەرکۆمار لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی و ڕادەی دەسەڵاتی بۆ ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتەکانی نیزام و بەڕێوەبەریی وڵات چەندە؟

٦٢ میلیۆن کەس لە ئێران مافی بەشداری و دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی هەبوو، بەڵام بەپێی ئامارەکانی ڕژیم کە جێگای باوەڕ نین و پێوەی دەنرێن، لە دەورەی یەکەمدا بەشداریی خەڵکد کەمتر لە سەدا چل و لە دەوری دووهەمدا کەمتر لە سەدا پەنجا بووە. خۆ ئەگەر ئەم داتایە ڕاستیش بێ، نیزیکەی ١٦ میلیۆن کەس دەنگی داوە بە مەسعود پزیشکیان، یانی نیزیک یەک لە چواری ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو. بەو جۆرە پێگە و پشتیوانی خەڵکی وڵات بۆ پزیشکیان زۆر لاوازە و ناوبراو ناتوانێ زۆر پشتگەرم دەبێ بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە و بەرنامەکانی، جا ئەگەر پرۆژە و بەرنامەیەکیشی هەبێ. چونکی ناوبراو هاوکات لە دەرکەوتنی ئاسایی و هەندێ ڕەخنەی گشتی لە دۆخی وڵات کە لە کێبرکێیەکانی هەڵبژاردندا زۆر ئاساییە، زۆر بەڕاشکاوی ڕایگەیاندوە کە پرۆژەم نییە و پرۆژەی من ئەو ڕێکارانەن ڕێبەر! دیاریی کردون یان دیارییان دەکات!

خۆ ئەگەر چاوێک بە یاسای بنەڕەتی ئێراندا بگێڕێن، دەبینین دەسەڵاتی تەواو بۆ ڕێبەرە و سەرکۆمار لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا نەفەری دووهەمە. بۆیە ئەگەر بیشیهەوێ گۆڕانێکی جیددی لە سیاسەتی گشتیی نیزامدا دروست بکات، لە ڕاستیدا بۆی ناکرێت. دیاریکردنی هێڵی سیاسەتە گشتییەکانی ڕژیم لە دەسەڵاتی ڕێبەردایە و چاوەدێری ئەم هێڵە سیاسییانەش هەر بە ڕێبەرە؛ ڕێبەری کۆماری ئیسلامی فەرماندەری گشتیی هێزە چەکدارەکانە، سیاسەتی ستراتیژیکی دەرەوەی وڵاتیش هەر لە پاوانی ڕێبەردایە، کاربەدەستە پلەبەرزەکان و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ڕێبەر دیارییان دەکات و زۆر ئەرک و سەلاحییەتی دیکە لە دەست ئەودایە و ئێستا باسی ئێمە نییە. سەرکۆمار بەپێی یاسای بنەڕەتی زۆرتر ئەرکی بۆ دیاری کراوە تا سەڵاحییەت و دەستکراوەیی لە کارەکاندا، هەر بۆیە ئەگەر سەرکۆمار بیهەوێ گۆڕانێكی بنەڕەتی دروست بکات، ئەوە لە توانایی و دەست‌ئاوەڵایی سەرکۆماردا نییە؛ ئەزموونی هەشت ساڵ سەرکۆماریی خاتەمی و لەدوای ئەویش ڕۆحانی کە زۆر لە پزیشکیان بەهێزتر بوون، دەرخەری ئەو ڕاستییەن سەرکۆمار لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا ناتوانێ گۆڕانێک دروست بکا.

باسی سەرەکی هەرە ئەوەیە ئاماژەتان پێ دا. ئیسلاح‌تەڵەبەکان ئەوکات و لەوپەڕی بەهێزیی خۆیاندا چییان لە بەرژەوەندیی خەڵک لە ساختاری کۆماری ئیسلامیدا گۆڕی کە لە دۆخی ئێستادا لە دەستیان دێت؟

سێناریۆ جۆراوجۆرەکانی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتداریدا زۆر کەسی تووشی گومان و سەرسووڕمان کردوە؛ ئەو شێوەیە لە پەسندکردنی شیاوی بۆ کاندیدابوون لەلایەن شۆڕای نیگابان یەک لەو سێناریۆیانەیە کە یاری بە شعووری خەڵک دەکات، دەنا بەپێی دەستوری بنەڕەتی دەسەڵاتی تەواو لەدەست ڕێبەری کۆماری ئیسلامی‌دایە و وەک لە ماددەی ١١٣ی یاسای بنەڕەتیدا هاتوە "سەرکۆمار دوای ڕێبەر، بەرپرسی فەرمیی وڵاتە جیا لەو ئەرک و سەلاحییەتانەی بۆ ڕێبەر داندراوە". دەی ئەگەر سەیری ئەرک و دەسەڵاتی ڕێبەریش دەکەی، ڕاستی هەموو دەسەڵاتە کاریگەر و شوێندارەکان لە پاوانی ئەودان. کاتی خۆی خاتەمی دانی بەوە دانا سەرکۆمار تەداروکچییە، یان بە جۆرێکی دیکە بڵێین جێگرە بۆ ڕاپەراندنی کۆمەڵێک کاری سنوودار کە ڕێگای چارە و یەکلاکردنەوەیان هەر لەلای ڕێبەرە و سەرکۆمار بە یاسا دەست و باڵی بەستراوە. لەو چەند ڕۆژەشدا کە باس لە ڕۆڵی سەرکۆمار لە ئێران دەکرا، کۆی جومگەکانی دەسەڵاتیان بە ٢٩ جومگە دانا کە ٢١ جومگە بۆ ڕێبەر و ٧ جومگەیان بۆ ناوەندەکانی ئایینی داناوە و تەنیا یەک جومگەیان بۆ سەرکۆمار هێشتۆتەوە. جیا لەوەش دەڵێن لە ١٨ وەزیر لانیکەم ٩ کەسیان بە ڕەزامەندی خامنەیی دەبێ دیاری بکرێن؛ لام وایە بۆ وەزیرەکانی دیکەش ڕاوێژی لەگەڵ دەکەن. هەر بۆیە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە ئێران لە هەموو ئەو ١٤ خولەی پێشوودا گۆڕانکاریی لە بەرژەوەندیی خەڵکدا لێ نەکەوتۆتەوە، خۆ هەر ئەوکات کە چارەنووسی برایم ڕەئیسی نادیار بوو، و خامنەیی دۆعای خێری بۆ کردن، گوتیشی کە جێی هیچ نیگەرانییەک بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری وڵات نییە، چونکی هەمووی لە بن دەستی خۆی‌دایە. لەوەش بترازێ هەموو ئەو کەسانەی بۆ گەمەی هەڵبژاردن تەئیید دەکرێ، پێشتر بەتەواوی پێبەندیان بە ڕێژیم،  یاسای بنەڕەتی و ڕێبەر سەلماوە و هەموو ئەو نەهامەتییانەش بەسەر خەڵکی ئێران هاتوون، هەموو لە دەورانی سەرکۆماریی سەرکۆمارەکاندا بووە؛ ئەدی بۆ نەیانتوانیوە لە بەرژەوەندیی خەڵکدا کارێك بکەن. خۆ زۆرترین تێرۆرەکان، سەرکوتی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانیش هەر لە سەردەمی بەناو دەوڵەتی "سازندگی" و ڕێفۆڕمخواز و ئێعتدالگەراکاندا کران. بۆیە دۆخ و چارەنووسی دەوڵەتی پزشکیانیش لەوە بەدەر نابێت.

لەگەڵ ئەوەشدا پێتان وانییە هاتنی ڕێفۆڕمخوازەکان لە قۆناغە هەستیارەکانی مێژووی کۆماری ئیسلامیدا ڕێژیمی لە زۆر قەیران ڕزگار کردوە؟ بۆ نموونە ساڵی ١٣٧٦ و دوای بڕیاری دادگای مێکونووس کە خاتەمییان هێنایە پێشێ. یان قۆناغی دوای سەرکۆماری ئەحمەدی‌نژاد بە قوتکردنەوەی حەسەن ڕوحانی و هەروەها لە قۆناغی ئێستای دوای بزووتنەوەی ژینادا؟

لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا دەبینین هەرکات حکوومەت خراپ سیاسەتی کردوە و لەو سۆنگەیەوە بێزاری زۆری لەنێو وڵات و خەڵکدا لێ کەوتۆتەوە، یان دەستێوەردانی ڕێژیم لە ناوچەکەدا سنوورە دیاریکراوەکانی بەزاندوە و  بەرژەوەندیی وڵاتانی ناوچە و هێزە خاوەن بەرژەوەندییەکان لە ناوچەی زیاد لە پێویست وە مەترسی خستوە و ئەگەری کاردانەوە و گۆڕینی دۆخ لەدژی ڕێژیم هەست پێ‌کراوە، یان ڕێژیم خۆی بۆ هەندێ گۆڕانکاری پێویستیی بە گۆڕینی ستراتیژی و ئەجێندای سیاسی بووە، زیرەکانە هاتوە و کەسانێکی وەپێش داوە بۆ ئەوەی لە نێوخۆ خەڵک و لە دەرەوەش وڵاتان و بیروڕای گشتی هەڵخڕێنن. ئەوەی بە پۆلیسی باش و خراپ، یان هەڵبژاردنی خراپ لەهەمبەر خراپتریش ناوی دێت. بەڵام لەگەڵ ئەو گەمە و سیناریۆسازییانە، ئەو نیزامە لەڕووی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و پێوەندیی نێودەوڵەتی ڕۆژ بە ڕۆژ تووشی قەیرانی جۆراوجۆری زیاتر بووە. ئەوە ڕوونە دەسەڵات لە ئێراندا بە ڕێبەرە نەک سەرکۆمار کە ٤ ساڵ جارێک دەگۆڕدرێ. هەروەها لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا زۆر دەسەڵاتی فەرمی و نافەرمی و ئایینی و ئایینزایی سەیر و سەمەرە و هاوتەریب یان بڵێین لەسێبەردا دروست کراون. بۆ نموونە هەر ئێستا کە پزیشکیان بۆتە سەرکۆمار دەیان سایت و نیهاد و ناوەندی جۆراوجۆر و ڕووحانی و مۆرەی نیزامی و ئەمنییەتی خەت و نیشانی قوت بوونەتەوە بۆوەی پشکیان لە کابینەکەیدا هەبێت. کاتێکیش چاو لە سەرکۆمارە هەرە بەهێزەکانی ڕێفۆرمخوازەکان یانی خاتەمی و ڕووحانی دەکەین، دەبینین ئەوانیش هیچیان پێ نەکراوە و تەنانەت هاواریان لێ بڵیند بووە کە ئەو بازنە بچووکە سەڵاحییەتەکەی بە هۆی کۆسپ خستنە سەرڕێی ئەوانی تر کەوتۆتە مەترسی و هیچیان لە دەست نەهاتوە بیکەن. جا کەسێکی وەک پزیشکیان کە بەهەموو حسابێك لە هەردووکیان لاوازترە، سروشتییە چاوەڕوانی زیاتری لێ ناکرێ و دەرگا لەسەر ئەو پاژنەیە دەگەڕێ ٤٥ ساڵە دیاری کراوە.

پێتان وانییە دەمامکەکانی پزشکیان هەر لە چەند ڕۆژی یەکەم و زۆر زوو  لادران؟ بە سەرنجدان با ڕابردووی سەرکۆمارەکانی پێشوو لە چوارچێوەی ڕێژیمدا چ داهاتوویەک بۆ ئەو وێنا دەکەن؟

مەسعود پزیشکیان لە دەورانی کێبەرکێ بەناو هەڵبژاردندا بەنیسبەت لەوانی دیکە قسەی باشتری دەکرد و ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی چاوی زیاتری لەسەر کۆ بێتەوە و کۆمەڵێک ئومید و چاوەڕوانی لەسەر دروست بکرێت. دیارە وەک دەزانین لانیکەم سەتا ٦٠ی خەڵک بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کرد و ئەوەش ئەو خوێندنەوەیەی بۆ دەکرێ کە ئەو زۆرینەیە خوازیاری تێپەڕبوون لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین و هیچ هیوایەکیان بەو ڕێژیمە نییە و بیریان لای ڕووخانی ڕێژیم و گۆڕینی نیزامە. پزشکیان مۆرەی موخلیسی ئەو ڕێژیمە بووە و کارنامەی سیاسیی ئەو لە بەشداریی لە شۆڕشی بەناو فەرهەنگی لە زانکۆکان، لە سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ، یان لە پەردەپۆشکردنی کوشتنی بەئانقەستی زارا کازمی، پەیامنێری ئێرانی-کانادایی لە زیندانی ئیڤینی تاران هەمووان دەیزانین. هەر خۆی لە دەورانی کێبەرکێی هەڵبژاردندا لە زانکۆی تاران بەڕاشکاوی ڕایگەیاند شوێنکەوتووی ڕێبەرە و کەس لەو ئاستەدا نییە ڕەخنە لە خامنەیی بگرێت. تەنانەت هەرچەند بەشێك لە ڕێفۆرمخوازەکان لە دەوری هاڵاوان، بەڵام ئەو زۆر ڕاشکاوانە ڕایگەیاندوە ئوسوولگەرایە. هەروەها نەیشاردۆتەوە کە بۆ کاروباری وڵاتیش بەرنایەکەی ئەوتۆی نییە و چاوی لە زاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامییە و پلان و بەرنامەکانی ئەو جێبەجێ دەکات. لە کاتی سەرکەوتنیشدا بەر لەوەی دەستخۆشی و سوپاس لە خەڵک بکات، سوپاسی ویلایەتی فەقیهی کرد و گوتی ئەگەر ڕێبەری کۆماری ئیسلامی چاکەی لەگەڵ نەکردبا، ناوی ئەو لە سەندوق دەرنەدەهات. جا کەسێک ئەو بەو پێشینەیە چاوەڕوانی گۆران و بابەتی جیددی لێ ناکرێ جا با قسەی باشیشی کردبێ. مێژووی ڕژیمە دیکتاتۆڕەکان لێوانلێو لە قسەی جوان و وێناکردنی داهاتوویەکی باشە بەڵام هەمیشە بەپێچەوانەی قسەکانیان تەنیا لە هەوڵی پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان دابوون و خەڵکیان پشتگوێ خستوە.

حیزبی دێموکرات چەندین هەڵبژاردنی ئەمدواییانەی سەرکۆماری و مەجلیسی لانیکەم لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا بایکۆت کردوە. دەسکەوتەکانی ئەو سیاسەت و هەڵوێستە بۆ حیزبی دیموکرات، بزووتنەوەی سیاسیی کورد و خەڵکی کوردستان چی بووە؟

دەسکەوتی سیاسی یەک ڕۆژە و کتوپڕ نایەتە دی، بەڵام هەر لە سەرەتاوە کە حیزبی دێموکرات ماهییەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەتەواوی بۆ ڕوون بۆتەوە بەنیسبەت زۆربەی هەڵبژاردنەکانی سیاسەتی بایکۆتی گرتووەتە بەر. ئەوە بۆتە هۆی ئەوەی خەڵک لە هەڵوێست و سیاسەتی حیزب ورد ببنەوە و زۆرتر تێ بفکرن و ئەم ڕێژیمە لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان، تەنانەت لە نێو خەڵکی دیکەشدا بکەوێتە بەر هەڵسەنگاندن و لێكۆڵینەوەی هەموو ئەو کەسانەی کە بە هەستیارییەکی زۆرترەوە لە هەڵبژاردن و بەشداری لە هەڵبژاردن و شوێندانەری و کاریگەرییەکانی ورد دەبنەوە. ئەزموونی هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا نیشانی داوە هەڵبژاردن لانیکەم بە سێ هۆکار لە وڵاتی ئێران ناتوانێ ئەو شوێندانەرییەی هەبێ کە چاوەڕوان دەکرێ؛ یەکەم: لە نیزامی سیاسیی دیکتاتۆریدا وا نییە هەڵبژاردن کاریگەریی جیددی هەبێ. دووهەم: نیزامی سیاسی دێموکراتیک نییە هەتا کەسەکان بتوانن خۆ بپاڵێون و خەڵک بە هەڵبژاردنی باشترین بتوانن گۆڕان لە سیاسەتی دەوڵەتدا دروست بکەن. سێهەم: هەڵبژاردن لە ئێراندا بۆ ئەوەیە بەشی ئیداریی دەسەڵات بەڕێوە بەچێ و مودیرییەت بکرێ و چ ئەنجامێك بخوازن هەر ئەو دەبێ؛ بۆیە بەشداری لە هەڵبژاردندا نەیتوانیوە و ناتوانێ کاریگەر بێ و شوێندانەری هەبێ.

بایکۆت لە کوردستان لەلایەن حیزبەکان و خەڵکدا بەتایبەت لەلایەن حیزبی دێموکرات کە خەڵک پشگیری سیاسەتەکانی دەکەن، توانیویەتی نێوەرۆک و تەواوەتیی ڕێژیم باشتر بە خەڵک بناسێنێ و سەرنجی خەڵکی کوردستان و ئێرانی زۆرتر بۆ لای بابەتە سیاسییەکان ڕاکێشاوە و خەڵک بە چاوێکی زۆر وردبینانە سەیری ڕژیم و کار و کردەوەکانی ڕژیمیان بەتایبەت لە کوردستان کردوە؛ ئەوە کۆمەڵگەی کوردستانی سیاسیتر و ماف‌ویستتر کردوە.

کاتێک دەڵێین لە هەموو ئەو ساڵانەدا خەباتی کوردستان دژی ڕژیم بە شێوەی جۆراوجۆر درێژەی هەبووە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ هەرکات حیزبەکان تێکۆشانی بەرچاوی مەیدانییان هەبووە خەڵک بە هەراوی پشتیوانیان لە حیزبەکان کردوە، یارمەتییان داون و هاوکارییان کردون. کاتێكیش بە هۆکاری سیاسی حیزبەکان نەکراوە تێکۆشانی مەیدانیی بەرچاویان لە ڕۆژهەڵات هەبێت، خەڵک بە خەباتی مەدەنی، کولتووری و کۆمەڵایەتی و نافەرمانییەکانی چەشنی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان خەبات و خۆڕاگریی کورد لە ئێرانیان بە زیندوویی هێشتۆتەوە. ئەو دەسکەوتانەش ئەگەر بەشێکی لە وشیاری سیاسیی خەڵکی کوردستان سەرچاوە دەگرێ. بەڵام بەشی زۆری بۆ حزوور و سیاسەت و بوونی حیزبەکان بەتایبەت حیزبی دێموکرات دەگەڕێتەوە.

بۆچی سیاسەتی بایکۆت، یان بڵێین بەرهەم و دەسکەوتی بایکۆت نەیتوانیوە ببێتە دەسمایە بۆ دیپلۆماسیی ئۆپۆزیسیۆن و بەهێزکردنی پێگەیان لە هاوکێشەکانی پێوەندیدار بە ئێراندا؟

ئێران وڵاتێکی گرینگە، هەڵکەوتەی ژێئۆپۆلیتیکی، مێژوویی، دەوڵەمەندی و توانای خەڵکی تەنانەت هاوسەنگیی سیاسی لە ناوچەدا بۆ کاریگەری و پاراستنی بەرژەوەندی وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی لەو ناوچەدا بەتایبەت بوونی وڵاتانی گرینگ وەک تورکیە و عەرەبستانی سعوودی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بەو هەموو جۆراوجۆرییە سیاسی و تێکەڵاوە و پێکهاتەی زۆر، هەموویان دەستیان داوەتە یەک و تایبەتمەندی تایبەتییان داوە بە ئێران. سروشتییە ڕێبەرانی سیاسیی ئێرانیش ئەو تایبەتمەندییە بەهێزە بۆ بەرژەوەندی و پاراستنی ڕژیم لە ئێران بەکار دێنن؛ بۆیە ئەو هۆیانە دەبنە هۆی بەهێز بۆ ئەوەی زۆربەی وڵاتان بەتایبەت وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی لە دەرەوە و وڵاتانی ناوچەش زۆرتر لە بەرژەوەندی خۆیانی دەڕوانن تا ئەوە بیرێک لە قازانج و بەرژەوەندیی خەڵکی ئێران بکەنەوە. جیا لەوەش لاوازی ئۆپۆزیسیۆن یارمەتی بەو جۆرە سیاسەتەکردنە؛ مادام وڵاتان ئۆپۆزیسیۆنی بەهێزی ڕژیمی ئێران نابینن، ئەولەوییەتی یەکەمیان قازانج و بەرژەوەندی خۆیانە و دەتوانێ بیانوو بێ بۆ سات و سەوداکردنیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و گوێی خۆیان خەواندوە لە ویست و داخوازی ڕەوای خەڵکی ئێران.

کاک مستەفا لە ئێرانی نوقمی قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، کلیلی دەربازبوون لەو دۆخە و ڕێگای سەرکەوتنی خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و ئێران لە چیدایە؟

زۆر ڕوونە کلیلی دەربازبوون لەو دۆخە، تێپەڕێن لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و هێنانەسەکاری حکوومەتی دێموکراتیکی وەڵامدەرە، ئەویش ئێستا بووە بە کەڵکەڵەی فیکری زۆربەی گەلانی ئێران؛ ئەوەی زۆربەی گەلانی ئێران لەئێستا بەشداریی سێناریۆکانی هەڵبژاردنی ڕژیم ناکەن و لە شەقامدا دروشمی مردن بۆ خامنەیی دەڵێنەوە کە بۆتە دروشمی تێپەڕبوون لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. ساڵانە خەڵک ماوە بە ماوە بە بیانووی جۆراوجۆر دەڕژێنە سەرشەقام و ناڕەزایەتی لە جۆری سیاسەتکردن و مودیرییەت و هەڵس و کەوتی کاربەدەستانی ڕژیم دەردەبڕن، خۆپێشاندان دەکەن و دروشم دەڵێنەوە و ئازایانە نواندن دەکەن؛ ئەوە نیشاندەری بوونی بۆشاییەکی گەورە و زۆرە لە نێوان خەڵک و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا. بە بڕوای من جیا لە تێپەڕبوون لە نیزام هیچ ڕێگای دیکە نییە بۆ ئەوەی بیری لێ بکرێتەوە.

سروشتییە چارەنووسی سیاسیی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژهەڵات جیا لە هێندێك تایبەتمەندیی کوردانەی نەبێ، پێوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە چارەنووسی گشتیی گەلانی ئێران کە خەڵکی کوردستان بەتەواوی هەستیان بەو ڕاستییە کردوە؛ ئەوە بەتەواوی بە دروشمی سیاسی حیزبەکان و چۆنیەتیی تێکۆشانیان و چالاکی مەدەنی خەڵکی کوردستانەوە دیارە. ئەگەر گەلانی ئێران بە گشتی قۆڵی هیممەت هەڵماڵن، دڵنیام گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێشەوەن و پێشەنگی خەبات دەبن بۆ لادانی ئەو ڕژیمە کە خەباتێكی ڕەوا، بەرپرسانە و پڕ تێچووی شۆڕشگێڕانە دەکەن هەتا نەمانی ڕژیم و سەرکەوتنی گەلانی ئێران بە دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی.