کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئێڤین سزای لەسێدارەدرانی بەسەردا سەپێندرا

10:38 - 3 گەلاوێژ 2724

پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس، یاریدەدەریی کۆمەڵایەتی و بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئێڤێن، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا'' پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کورد، ڕۆژنامەوان و دەرچووی زانکۆ لە بواری یاریدەدریی کۆمەڵایەتی پاش نزیکەی ساڵێک دەسبەسەرکران، لەلایەن دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تۆمەتی "بەغی" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا و هاوکات سێ ئەندامی بنەماڵەکەشی بە بەندکران سزا دران.

ئەم سزایە لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئیمان ئەفشاری" بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆسیۆنی ڕێژیمی ئێران" دەر کراوە.

سزای پەخشان عەزیزی لە کاتێکدا دەرچووە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی ٨ مانگ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

دادگای ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە لە جۆزەردانی ١٤٠٣دا بەڕێوە چوو و ئەم سزایە ڕۆژی سێشەممە ٢ی گەلاوێژ بە پارێزەری ناوبراو ڕاگەیەندرا.

هاوکات سێ ئەندامی بنەماڵەی ناوبراویش سزا بەندکرانیان بۆ دەرکراوە کە تاکوو ئێستا لەمبارەوە وردەکارییەک لەبەر دەستدا نییە.

٣١ی پووشپەڕ، پەخشان عەزیزی لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا لە بەندیخانەی ئێڤین لەژێر ناوی "نکۆڵیکردن لە هەقیقەت و ئاڵترناتیڤەکەی" وێڕای ئاماژە بە ئازاری "ژن بوون " و "کوردبوون" لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا، ئاماژەی بە ئەشکەنجەی خۆی لە ژووری تاکەکەسی و ڕاگرتنی لە دۆخی نامرۆڤانە کردووە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢، لە تاراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا.

پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٨٨، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران، دژی لەسێدارەدانە سیاسییەکان لە کوردستان، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٤ مانگ دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەم ژنە چالاکە کوردە پاش ماوەیەک لە ئێران چووبووە دەرەوە و چەند ساڵێک لە هەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێ بوو.