ناسر ساڵحی ئەسڵ
له ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا، پەیمانی کۆمه‌ڵایه‌تی (قرارداد اجتماعی) واتایه‌کی تایبه‌ت و جیا له پەیمانی کۆمه‌ڵایه‌تیی ڕۆژئاوای هه‌یه. ئه‌م پەیمانە، پەیماننامەی نێوان تاکه‌کان و حكوومەت نییه، به‌ڵکوو وه‌کوو پەیماننامەی کۆمه‌ڵێکه دانه‌ری هیچ ده‌سه‌ڵاتێک نییه و ته‌نیا ده‌ربڕی وه‌فادارییه. هه‌روه‌ها ئه‌و پەیماننامەیە بنه‌ڕه‌تێکی خاوەنداریشی نییه و ده‌ربڕی هیچ په‌یوه‌ندییه‌ک له نێوان مرۆڤه‌کان و شته‌کان و ته‌نانه‌ت له نێوان گەل و دەسەڵات نییه. لێره‌دا خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات "عەلی خامنه‌یی"، ڕێبه‌ری کۆماری ئیسلامییه که خۆی وه‌کوو جێگری "ئیمامی زەمان" له‌سه‌ر زه‌وی ده‌زانێت. پەیماننامەی نێوان خامنه‌یی و گەلانی ئێران ته‌نیا له چوارچێوه‌ی "به‌یعه‌ت" واتا وه‌فاداری ده‌توانێ هه‌بێت. بۆیە ئەگەر گەلانی ئێران له هه‌ڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی‌دا به‌شداریی نه‌که‌ن، وه‌فادارییان بۆ عەلی خامنەیی له‌ده‌ست داوه، په‌یمانیان شکاندووه، ده‌بێ سزا بدرێن و بێبه‌ش بکرێن له سه‌رجه‌م ماف و ئیمکاناتە ماددی و مەعنەوییەکانی ئه‌م وڵاته.
لەلایەکی دیکەوە یاسای بنه‌ڕه‌تی کۆماری ئیسلامی جه‌ختی له‌سه‌ر "گوتاری نه‌ریت‌گه‌رایی ئایدیۆلۆژیک"ه و چینی ڕوحانییه‌تی له سه‌رجه‌م چینه‌کان پێ سه‌رتره و مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگە له‌پێناو گوێڕایه‌ڵی بێ ئه‌ولاو ئه‌ولای خه‌ڵک له ڕێبه‌ر ده‌زانێت. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی یه‌کیەتی (وحدت) و نه جیاوازی دامه‌زراوه. ئه‌م ڕێژیمه بنه‌ڕه‌تێکی جه‌وهه‌ری له مەزهەب و وەلی فەقیهە ساز کردوه و بۆچوونی ئه‌قڵانی و مودێرن ڕه‌ت ده‌کاته‌وه. هه‌ر بۆیە عەلی خامنەیی چاوی له ئاوێته‌کردنی هه‌رچی زیاتری مافه‌کان و یاسای خودایی (به ته‌فسیری به‌رژه‌وه‌ندخوازی خۆی) بڕیوه و ئه‌وان جیا له یه‌ک نازانێت. بەڵام وڵاتی ئێران، پێكهاتەیەكە لە مێژوو، نەتەوە، ئایین، زمان، كولتوور و داب و نەریتی جیاواز، واتا وڵاتی جیاوازییەكانە.
بۆیە لە پارادایمی فیكریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی‌دا گرینگییه‌کی زۆر به عه‌قڵانییه‌تی مرۆڤی نادرێت و ته‌نیا جه‌خت له‌سه‌ر که‌لام و وته‌ی خامنه‌یی (جێگری ئیمامی زەمان) ده‌کرێتەوە. له کو‌لتوور‌ی ڕێژیم‌دا عه‌قڵی مرۆڤ ڕۆڵێکی که‌ره‌سه‌یی هه‌یه. لە چوارچێوەی بنەما فیكرییەكانی ڕێژیم‌دا عه‌قڵ پێش هه‌موو شتێک کارکردێکی په‌روه‌رده‌یی هه‌یه و ده‌بێ سه‌رتربوونی یاساکانی ڕێبه‌ری کۆماری ئیسلامی بسه‌لمێنێت. ئەوە ڕێبه‌رە كە چاره‌نوسی سه‌رجه‌م خه‌ڵکی ئێران ده‌ست نیشان ده‌کات. هیچ تاکێک (له هه‌ر ئاستێکی زانستی) ناتوانێ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی باشتر له‌وه‌یکه ڕێبه‌ر بۆی دیاری ده‌کات، دیاری بکات. شاهید و به‌ڵگه بۆ وته‌ی سه‌ره‌وه بابه‌تی "گه‌مارۆکانی ئابووری" وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ سه‌ر ڕێژیمی كۆماری ئیسلامییە كە به هۆی ده‌ست نه‌کێشانه‌وه‌ی ڕێژیمی ئیران له پیتاندنی ئۆرانیومه. چونكە ته‌نیا یه‌ک فه‌رمانی خامنه‌یی به‌سه بۆ ئه‌وه‌یکه سه‌رجه‌م چالاکییه‌کانی ئه‌تۆمی له ئێران بوه‌ستێ و گشت گه‌مارۆکانی ئابووری سه‌ر ڕێژیم لابچێت.
لە وەها پاڕادایمیكی فیكریدا لەلایەك ئه‌ندازیاری‌کردنی هه‌ڵبژاردنه‌کان لە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران، به واتای بوونی دوو هۆکاری «کۆنتڕۆڵ» و «گزه‌کردن» له هه‌ڵبژاردنه‌کانه. کۆنتڕۆڵی هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌و واتایه دێ که له ڕه‌وتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا له ناونووسینی بەربژێرەكانەوە بگره تا به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنه‌کان، و ورده‌کارییه‌کانی به‌ڕێوه‌بردنی کاره‌کان به وردی له‌ژێر چاوه‌دێریی شوڕای نیگه‌هبان و لقه ئه‌منییه‌تی و نیزامییه‌کانی ڕێژیم‌دا ده‌بێ تا به‌ر به هاتنه‌ژوورێی بەربژێرە نه‌خوازراوه‌کان بگیرێ و به‌و جۆره زۆرینه‌ی ده‌نگه‌کان به قازانجی بەربژێرەكان خوازیار و دڵخوازی خامنه‌یی بدرێت. هۆکاری گزه‌کردنیش له‌و کاتانه که کۆنتڕۆڵی هه‌ڵبژاردنه‌کان ئه‌نجامی دڵخوازی عەلی خامنەایی لێ نا‌که‌وێته‌وه که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گیرێت."وەك هەڵبژاردنی سەركۆماری لە ساڵی ١٣٨٨ هەتاویدا.
بۆیە هه‌ڵبژاردن و بڕیاردان لە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی‌دا واتایه‌کی نییه و تاکی گەلانی ئێرانی ته‌نیا له هه‌ڵبژاردنی هه‌ڵبژێردراوه‌کان به ده‌ست کۆماری ئیسلامی ئازاده و نه هه‌ڵبژاردنی هه‌ڵبژێردراوه‌کانی خۆی وه‌کوو تاکێکی ئازاد و سه‌ربه‌ست. تاکی گەلانی ئێرانی ته‌نیا له ده‌نگدانی کۆتایی و بێ بڕیاردان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی کاندیداکان و هه‌روه‌ها به‌رنامەی گروپ و ده‌سته‌کانی سه‌ر به ڕژیم به‌شداری ده‌کات، چونكە ئامانجی ڕێبه‌رانی کۆماری ئیسلامی لە هەڵبژاردن، مل ڕاکێشان بۆ ئیرادەی خەڵک و گۆڕانکارییە دڵخوازەکان لەسەر ویستی زۆرینەی خەڵک و کۆمەڵگە و بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش نییە، به‌ڵکوو پاراستنی بارودۆخی ئێستا، یان گه‌ڕانه‌وه بۆ جیهانی نه‌ریت و خورافاتە. ئه‌وان ته‌نیا له‌و گۆڕه‌پانه‌دا ده‌توانن مانۆر بده‌ن و پله و پێگه‌ی خۆیان بپارێزن و مرۆڤی ئاسایی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنن.
لەلایەكی دیكەوە عەلی خامنەیی که باوه‌ڕی به "پیلانی وه‌هم" هه‌یه، سه‌رجه‌م ڕووداوه سیاسییەكانی ڕێژیمەكەی بە پیلانگه‌لی دەرەكێ پاساو دەدات، هەر بۆیە زۆر به‌باشی له پیلانی "وه‌هم" که‌ڵک وه‌رده‌گرێت. ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هه‌موو جۆره ناڕه‌زایه‌تی و مافخوازییەکی گه‌لانی ئێران، نەتەوە و که‌مایه‌تییه ئایینییه‌کان، ژنان، خوێندکاران، کرێکاران، ڕوناکبیران و سه‌رجه‌م داواکارییه سیاسی و نەتەوەییەكانی گەلانی ئێران وه‌کوو پیلانێک له لایه‌ن دوژمنانی دەرەكێیەوە لێک‌ده‌داته‌وه و سه‌رکوتیان ده‌کات. هه‌ر جۆره داواکارییه‌کی گەلانی ئێران ئه‌گه‌ر داوایەكی سەرەتاییش بێ به‌ره‌نگاری ده‌بێته‌وه و به پیلانی دوژمنان و ڕه‌مزی پرۆژه‌ی ڕووخانی ڕژیم ناوی ده‌بات. که‌وایه "وه‌هم" و "ڕق"، که‌ره‌سه‌یەكی فیڵبازانەی عەلی خامنەیییە بۆ به‌رده‌وامی مانه‌وه (بقا) ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی.
بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو فیڵ و تەڵەكەیە، سەركوتكردنی ڕاپەرێن و بزوتنەوە ناڕەزایەتییە نێوخۆیه‌کانی گەلانی ئێران، بۆ عەلی خامنەیی لە ئیستادا کارێکی قورس و دژوارە. هەر بۆیە عەلی خامنه‌یی ئه‌م جاره بەپێچەوانەی جارانی پێشوو، لە پێش هەڵبژاردنی سەركۆماری پێشوەختەدا، ده‌نگی به‌رزكردەوە و هه‌ڕه‌شه‌کانی له به‌ره‌به‌ری هه‌ڵبژاردن تووندتر کردەوە. جاران ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ وروژاندنی خه‌ڵک و هاندانیان بۆ ده‌نگدان، که‌شی سیاسیی وڵاتی تا ڕاده‌یه‌ک کراوه دەكرد و داوای لە دژبەرانیش دەكرد بەشداریی هەڵبژاردن بكەن. به‌ڵام ئەمجارە بۆ ده‌بێ له‌و کاته هه‌ستیاره‌دا كە ڕێژیم ڕەوایی و شەرعیەتی گەلانی ئێرانی نەماوە و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا تەریك كەوتووتەوە و بە تایبەت پاش شۆڕشی ژینا و ڕاپەرینەكانی دیكە و بەشداریی نەكردنی گەلانی ئێران لە هەڵبژاردنی سەركۆماری برایم ڕەئیسی و خولەكانی مەجلیسەكانی شوورای ئیسلامی و خوبرەگانی ڕێبەریدا، ڕێبه‌ری نیزام ئه‌وا به‌ڕاشکاوی هه‌ڕشه بکات و ڕخنه‌گرانی نیزام به توندی بکوتێ و ده‌زگا ئه‌منیه‌تییه‌کانی نیزام کۆمه‌ڵێک له ڕۆژنامه‌نووسان ده‌ستبه‌سه‌ر بکه‌ن و ڕاده‌ی ڕاودوونان و گرتن و ئیعدامه‌کانی بچێته سه‌رێ؟ ئاشکرایه كە عەلی خامنه‌یی هەم لە بەشداری‌نەكردنی گەلانی ئێران لە هەڵبژاردن و هەم لە بانگه‌وازیی حیزب و ڕێكخراوەكانی ئۆپۆزیسیۆنی نەتەوەكانی ئێرانی بۆ بایكۆتی هه‌ڵبژاردنی ئاگادار بوو و به مه‌ترسی گه‌وره له به‌رانبه‌ر مانه‌وه‌ی ڕێژیمه‌که‌ی ده‌زانێ. هەروەها ترسی سه‌ره‌کیی عەلی خامنه‌یی له‌وه بوو ئۆپۆزیسیۆنی نەتەوەكانی ئێران له ڕێگه‌ی لایه‌نگران و ناڕازییه‌کانی نێوخۆی وڵات، توێژه جۆر به جۆره‌کانی کۆمه‌ڵگەی گەلانی ئێران و بزووتنەوە کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان چالاک بكەنەوە و مەیدانی شانۆگه‌ریی هه‌ڵبژاردن بۆ ڕاپەرین و ناڕەزایەتی و خه‌باتی سیاسی و مه‌ده‌نی بگۆڕن. هەر بۆیە لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەركۆماری ڕێژیم دا بە پێی ئامارەكانی خودی ڕێژیم زیاتر لە ٦٠ لە سەدی گەلانی ئێران هەڵبژاردنی حكوومەتییان بایكۆت كرد. هەر وەها لە خولی دووهەمی كێیبەركێ كانی دوو بەربژێرەكەی ڕێژیم‌دا دیسان زۆربەی گەلانی ئێران بەشدارییان نەكرد و سەركۆماریكی لاواز بە دەنگی ٢٥ لە سەدی بەشداربووان هەڵبژێردەرا.
هه‌نووکه ڕێژیمی عەلی خامنەیی لەلایەك لەگەڵ ڕاپەرین و ناڕەزایەتیی گەلانی ئێران و لەلایەكی دیكەوە لەگەڵ گه‌مارۆ ئابوورییه‌کانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، كە ته‌نگه‌یان به ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی هه‌ڵگرتووه و ڕێژیم له دابینکردنی سه‌ره‌تایی ترین پێداویستییه‌کانی وه‌کوو ده‌وا و ده‌رمان و كاڵا و خۆراک ماوه‌ته‌وه. خامنه‌یی به‌باشی له ناڕه‌زایه‌تی و بێهیوایی گەلانی ئێران له ڕێژیمەكەی ئاگاداره و ده‌زانێ هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌کی بچووک له‌وانه‌یه که‌شێکی به‌رفراوان بۆ ده‌ربڕێنی ناڕه‌زایه‌تی گەلانی ئێران دروست بکا و ئه‌و و داروده‌سته‌که‌ی بۆ هه‌میشه بخاته زبڵدانی مێژووه‌وه. بۆیە خاڵی گرنگ بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بارودۆخی هەنووكەی ئێران، ئه‌وه‌یه یەكەم، كورد وەك نەتەوە كە خاوەن مێژوو و زمان و كولتوور و داب و نەریتی خۆیەتی، دەتوانی لە داوای مافە سیاسی و نەتەوەییەكانی شێلگیرتر و پێداگرتر بێت. دووهەم، بۆ گەیشتن بۆ ئەو ئامانجە ستراتیژیكە، حیزبه سیاسییه‌کانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ده‌بێ یەكگرتوو بن و یه‌ک‌هه‌ڵوێستی خۆیان له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ویست و داخوازییەكانی گەلی كورد پێشان بدەن. هەر وەها كۆدەنگی و یەك هەڵویستی حیزبەكان و چالاكانی مەدەنی و سیاسی نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات بۆ به‌رژه‌وه‌ندییە باڵاكانی مافە سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییەكانی گەلی کورد، مەرجی سەرەكیی هەر پلاتفوڕم و یەكیەتی و هاوپەیمانییەك بێت. دانیشتنی نوێنەرانی گەلی كورد له گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی چ لە دەرەوە و چ لە نێوخۆی وڵات‌دا ته‌نیا لە چواچێوە و به مه‌به‌ستی وتووێژی بێ سه‌ره‌نجام و ده‌رکردنی بەیاننامە، به‌بێ چه‌سپاندنی مافە سیاسی و نەتەوەییەكان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی گه‌لی کورد له مێشک و کرداری لایه‌نی دانووستان ئه‌نجامێکی باشی لێ‌ناکه‌وێته‌وه. كەوابوو دەبی ئەساسی كاری ڕێبەر و دیپلوماتی كورد لە پارادایمی مافە سیاسی و نەتەوەییەكانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا لە دانیشتن و وتووێژەكاندا خۆی دەربخات.
ڕێبه‌رانی کورد ده‌بێ له سه‌رجه‌م دانیشتنه‌کانیاندا له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی باڵاكانی گه‌لی کورد یه‌کده‌نگ بن و هه‌ر پلان و به‌رنامه‌یه‌ک له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیی باڵاكانی گه‌لی کورد هه‌ڵسه‌نگێنن و دواتر بڕیاری کۆتایی له‌سه‌ر بده‌ن. هەر وەها لە سەردەمی شۆڕشی زانیاری‌دا ڕوونکردنه‌وه‌ی پلان و دانیشتنه‌کان بۆ خه‌ڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ده‌توانێ بۆ چاکسازی بڕیاره نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و ڕاپه‌ڕاندنی ئەركی نیشتمانی و نەتەوەیی یارمه‌تیده‌ری كار و تێكۆشان لە پێناو ئامانجە نەتەوەیی و سیاسییەكانی گەلی كورددا بێت.