کاک مستەفا مستەفازادە، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری ورمێ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ڕۆژی هەینی ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی، کاک مستەفا مستەفازادە ناسراو بە (مام مستەفا)، خەڵکی گوندی "سۆماناوا"ی سەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ، بەهۆی بە ساڵاچوویی کۆچی دوایی کرد.
مام مستەفا، کەسایەتییەکی دیار و خۆشەویستی دەڤەری ورمێ بوو. بنەماڵەکەی ئەوان لە بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکانی ناوچەکە بوون کە لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی نەتەوایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە تا بە ئەمڕۆ، بەشدارییەکی کارایان هەبووە و لەم پێناوەدا قوربانیی زۆریان بەخشیوە.
کوڕێکی مام مستەفا بە ناوی عیسا مستەفازادە، وەک پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە ١٨ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە شەڕ دژ بە هێزە داگیرکەرەکان شەهید بوو.
هەروەها لەم بنەماڵەیە، تێکۆشەرێکی دیکە بە ناوی ڕۆستەم مستەفازادە کە پێشمەرگەی حیزب بوو، پاش ئەوەی لەلایەن هێزەکانی دوژمنەوە بە دیل گیرا، لە زستانی ساڵی ١٣٦٥ی هەتاویدا لە سێدارە درا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.