کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: هیچ چەکێک لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ئێمە نەنێردراوە

15:59 - 23 جۆزەردان 2726

خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ کاناڵی "ئێران ئینتێرناشناڵ"، باسی لە دەنگۆی ناردنی چەک لەلایەن واشنگتۆنەوە بۆ کوردەکان کرد و هاوکات ئاسۆ و داهاتووی خەباتی گەلی کوردی لە ئەگەری واژۆکردنی هەر جۆرە ڕێککەوتننامەیەک لە نێوان تاران و واشنگتۆندا خستە ڕوو.

سەبارەت بە لێدوانە دووبارەکانی دۆناڵد ترامپ کە وتبووی چەکیان داوەتە کوردەکان بەڵام ئەوان نەیانناردووە بۆ نێوخۆی ئێران، خالید عەزیزی بەتوندی ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند: "تا ئەو شوێنەی پەیوەندیی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە هەیە، ئەم قسانە هیچ ڕاستییەکیان نییە. خەباتی ئێمە دژ بە کۆماری ئیسلامی هەرگیز بەستراوەی چۆنیەتیی پەیوەندییەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل لەگەڵ تاران نەبووە."

 ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕەنگە تیمی ترامپ بەهۆی گەیشتن بە بنبەست لە پلانی کارەکانیاندا، دەیانەوێت کوردەکان بکەنە بەرپرسیار لە نەبوونی پەرەسەندنی خەبات لە نێوخۆی ئێراندا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وتەبێژی حیزبی دیموکرات تیشکی خستە سەر ئەگەرەکانی ڕێکەوتن لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا و جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە ڕێککەوتنانە ناتوانن کۆتایی بە داخوازییەکانی خەڵک بهێنن. عەزیزی وتی: "بە پێچەوانەوە، کۆتاییهاتنی ئەم دۆخە فەرسایشکەرە و شەڕی دەرەکی، وادەکات کێشە نێوخۆییەکانی ئێران، خەباتی گەلانی ئازادیخواز و داواکارییەکانیان زیاتر بێنە پێشەوە. ڕەنگە کۆماری ئیسلامی لە هاویشتنی مووشەک و شەڕی دەرەکیدا هێز بنوێنێت، بەڵام لە بەرامبەر ئیرادەی گەلانی ئێراندا زۆر لاوازە."

بەرێز عەزیزی جەختی کردەوە کە بزووتنەوەی ژینا و خەباتی ٤٨ ساڵەی ڕابردوو سەلماندوویانە کە ڕێژیمی تاران چیتر ناتوانێت دۆخەکە بۆ پێشوو بگەڕێنێتەوە و خەباتی ڕەوای کورد و گەلانی تر تا ڕووخانی یەکجاریی ئەم دەسەڵاتە بەردەوام دەبێت.