کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێعدام، شایەدێکی تر لەسەر ناکارامەیی

13:14 - 6 گەلاوێژ 2724

هەردی سەلیمی

حوکم و جێ‌بەجێ‌کردنی ئێعدام یا هەمان کوشتن بە دەستی حکوومەت، سزایەکە گەڕانەوەی بۆ نییە و کار لە کار دەترازێنێ. لە ئێستادا لە زۆریەک لە وڵاتانی جیهان ئەم سزایە هەڵگیراوە و هەوڵ دەدرێ وڵاتانێکی دیکەش بچنە ڕیزی ئەو وڵاتانەی ئەم سزایە هەڵگرن. "ڕێکخراوی نێونەتەوەییی لێبوردن" چەند هۆکار بۆ زاڵمانەبوونی ئەم سزایە دێنێتەوە: سزای ئێعدام ناتوانێ پێشگیری لە ڕوودانەوەی تاوانێک بکات، ئەم سزایە زیاتر لەو وڵاتانە بەڕێوە دەچێ کە سیستمی دادیان کەم‌وکووڕیی هەیە، ئێعدام سزایەکی گرێ‌دراوە لەگەڵ هەڵاواردن‌دا، لەم سزایە بەمەبەستی سەرکوتی سیاسی کەڵک وەردەگیرێ.

کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە نەتەنیا ئەم سزایە دەردەکا و جێ‌بەجێشی دەکات، بەڵکوو بەتەنیایی ڕێژەی ئێعدامی جیهانی دەباتە سەرەوە؛ بۆ نموونە سێ لەسەر چواری ئێعدامەکانی ئەم دوایییانەی جیهان بە دەستی کۆماری ئیسلامییەوە بەڕێوە چووە واتە ٪٧٥ی ئەو ئێعدامانەی لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە هەموو جیهان‌دا تۆمار کراون، لە ئێران‌دا بەڕێوە چوون. هەر کۆماری ئیسلامی لە دوایین کردەوەی کوشتنانەی‌دا "پەخشان عەزیزی" و "شەریفە محەممەدی"ـی بە ئێعدام مەحکووم کردووە، کە لە پاش "شیرین عەلەم‌هۆلی"ـیەوە ئەمە یەکەم سزای ئێعدامە بۆ ژنانی سیاسی.

پەخشانی عەزیزی یاریدەدەری کۆمەڵایەتییە و لە سەردەمی شەڕی نێوخۆییی سووریەدا لەوێ یارمەتیی بە ئاوارە و لێقەوماوانی شەڕ کردووە، بەڵام بەرەوڕووی حوکمی "بغی" بووەتەوە کە بەواتای ئەوەیە کەسێک بە شێوەی چەکداری بەرەوڕووی کۆماری ئیسلامی بێتەوە؛ تەنانەت بۆ ئەم تۆمەتەش هیچ بەڵگەیەکیان بەدەستەوە نییە و وتوویانە: "پەخشانی عەزیزی، لە وڵاتانی سووریە و ئێراق بە شێوەی چەکداری هات‌وچۆی کردووە" کە ئەمەش سەرسوڕمانی پارێزەرەکانی لێ‌کەوتووەتەوە و لە وڵاتێکی شەڕلێدراوی وەک سووریە و هێرشی داعش‌دا کەسێک بۆ دفاع لە گیانی خۆی چەکیشی پێ‌بووبێ، چ پێوەندییەکی بە سیستمی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە؟ بەڵام هیچ وڵامێکیان بۆ نییە و لە ڕاستی‌دا سیستمی قەزاییی کۆماری ئیسلامی وردەکاریی هیچ‌کام لەم پەروەندانە دەرناخات، چونکە دەزانێ هیچ لۆژیکێکی لەپشت نییە.

هەر ئەم سزایەی کە لەسەر شەریفە محەممەدییش دراوە، بە هەمان شێوە ناعادڵانە و نابەرپرسیارانەیە، شەریفە محەممەدی چالاکی کرێکارییە و دە ساڵ لەمەوبەر لە کومیتەیەک‌دا بەناوی "کومیتەی هاواهەنگی بۆ یارمەتی بە پێک‌هێنانی ڕێکخراوی کرێکاری" ئەندام بووە، ئێستا ئەوەیان پێوەند داوەتەوە بە ئەندامەتیی یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و بۆیە سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاندووە.

ڕۆژی پێنج‌شەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣، "کامران شێخە" زیندانیی کوردی سوننی لەسێدارە درا، لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا شەش کەسی تریش بەناوەکانی "ئەنوەر خزری"، "فەرهاد سەلیمی"، "داود عەبدوڵڵاهی"، "قاسم ئابستە"، "ئەیوب کەریمی" و "خوسرەو بەشارەت" هەر لە پێوەندی لەگەڵ ئەم پەروەندەیەدا لەسێدارە درابوون. ئەم حەوت کەسە پاش پتر لە ١٤ ساڵ کە لە زیندان‌دا ڕاگیرابوون و بەرەوڕووی چەندین جۆر ئەشکەنجە ببوونەوە، بەتۆمەتی کوشتنی "مەلا عەبدوڕڕەحیم تینا" یەکێک لە پێش‌نوێژەکانی شاری مەهاباد لە کۆتایی‌دا لەسێدراە دران؛ وەک بڵێی کۆماری ئیسلامی بیهەوێ بڵێ گیانی کەسێکی ئایینی لەگەڵ گیانی حەوت کەسی ئاسایی‌دا بەرامبەرە!

پەروەندەی ئەم کەسانە لەبەردەستی "قازی موقەیسە"دا بوو کە یەکێک لە قازی ئێعدامەکانی کۆماری ئیسلامییە، دادگاییی ئەم چەند کەسە گلەییی ڕێکخراوی نێونەتەوەییی لێبوردنیشی بەدوادا بوو، چونکە ئەوە هیچ هەموو لەژێر ئەشکەنجەدا دانیان بە تاوان‌دا نابوو، دادگایییشیان لەڕاستی‌دا ٥ خولەکی بەڕێوە چبوو کە بۆ سزایەکی وەک ئێعدام کە گەڕانەوەی نییە، زۆر لە کەم کەمترە؛ تەنانەت بە شایەدیی چەندین کەس قازی موقەیسە بەڕاشکاوی وتبووی: "کوردبوون و سوننی‌بوونی ئێوە، خۆی تاوانێکە و بۆ لێخۆش‌بوون نابێ." تەنانەت بۆ چالاکانی ئایینییش کوردبوون، لە ڕوانگەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە تاوانێکە، کە ئەمە پەیامێکی گرنگی تێ‌دایە.

کۆماری ئیسلامی یەک لەو دەسەڵاتانەیە کە لە سزای لەسێدارەدان خۆش نابێت و تەنانەت بووەتە پێناسە هەرەدیارەکەی، بۆیە لەم سزا نامرۆڤانەیە بۆ ترساندن و سەرکوتێکی سیاسی کەڵک وەردەگرێ و دەیهەوێ دەسەڵاتی خۆسەپێنی خۆی لەم ڕێگەیەوە درێژە پێ‌بدات؛ لەگەڵ ئەوەش داخی بەشداری‌نەکردنی خەڵک لە چەندین بەناو هەڵبژاردنی‌دا و هەروەها بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکان‌دا بە ئێعدام دەڕێژێ.