کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەندکراوانی ٢ بەندیخانەی دیکە پەیوەست بە سێشەممەی نا بۆ لەسێدارەدان بوون

14:09 - 10 گەلاوێژ 2724

ماوەی زیاتر لە حەوت مانگە بەندکراوانی چەندین بەندیخانە لە ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر سزای لەسێدارەدان لە ئێران، هەڵمەتێکیان دژی سزای لەسێدارەدان دەست پێکردووە. ئەمجارە بەندکراوانی ١٨ بەندیخانەی ئێران بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین دژی سزای لەسێدارەدان مانیان لە خواردن گرت.

ڕۆژی سێشەممە ٩ی گەلاوێژ، لە حەفتەی ٢٧ـەمی هەڵمەتی "نا بۆ لەسێدارەدان" و لە دۆخێکدا کە دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان بە هاووڵاتییان و چالاکوانان نەوەستاوە، بەندکراوانی ١٨ بەندیخانەی ڕێژیمی ئێران بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین دژی سزای لەسێدارەدان مانیان لە خواردن گرت.

زۆرێک لە وڵاتانی جیهان وەک سزایەکی نامرۆڤانە بە تەواوی وازیان لە سزای لەسێدارەدان هێناوە؛ هەتا کۆتایی ساڵی  ٢٠٢٣ی زایینی، لانیکەم ١١٢ وڵاتی جیهان سزای لەسێدارەدانیان بە تەواوی لە یاسادا و ١٤٤ وڵاتیش بە کردەوە ئەم سزایەیان هەڵوەشاندووەتەوە.

بەڵام سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان، ڕێژیمی ئێران لە زیادکردنی دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان بەردەوامە و لەم سزایە بۆ سەرکوتکردن و تۆڵەسەندنەوە لە ناڕازییان و نەیارانی خۆی کەڵک وەردەگرێت.

هەڵمەتی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ و هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدرانی ٤ بەندکراوی سیاسیی کورد دەستی پێ کرد و بەشداربووانی ئەم هەڵمەتە ماوەی ٢٦ حەفتەیە بە مانگرتن داوای هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدانی بەندکراوان دەکەن.