کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی موژگان کاوسی بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە بە دۆسییەکەی لە دیوانی باڵای ڕێژیم قەبووڵ کرا

14:14 - 10 گەلاوێژ 2724

داواکاریی موژگان کاوسی، لێکۆڵەر و چالاکی بواری زمان و ئێتنیکی خەڵکی کەلاردەشتی مازەندەران، بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە بە دۆسییەکەی لە دیوانی باڵای ڕێژیم قەبووڵ کراوە و دۆسییەکەی ڕادەستی لقی هاوتەریب کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی ''کوردپا''، داواکاریی پێڕاگەیشتنی دووبارە بە دۆسییەی موژگان کاوسی بەندکراوی سیاسییە، لەلایەن پارێزەرەکانی مازیار تاتایی و عوسمان موزەیەنەوە لە دیوانی باڵای ڕێژیمەوە تۆمار کراوە. بڕیارە ڕۆژی ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٣، دۆسییەی موژگان کاوسی جارێکی دیکە لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ساری پێداچوونەوەی پێدا بکرێ.

موژگان کاوسی لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاری ساری، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بە ٣٩ مانگ زیندان، بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەری" بە ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی "چالاکی پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ زیندان، مەحکووم کراوە و لە تۆمەتی "افساد فی الارض"، بێتاوان ناسراوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٢، موژگان کاوسی، لێکۆڵەر و چالاکی بواری زمان و ئێتنیکی خەڵکی کەلاردەشتی مازەندەران، پاش بانگهێشتکران بۆ لقی جێبەجێکاری حوکمە کەیفەرییەکانی ئەم شارە، دەسبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندانی تۆن‌کابۆن کرا.

ڕەشەمەی ١٤٠٢، داواکاریی ئازادیی ئەم چالاکە کوردە بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سارییەوە ڕەت کرایەوە و لە ڕۆژی شەممە ٢٦ی جۆزەردانەوە ناوبراو بە شێوەی زیندانی باز، ماوەی سزاکەی خۆی لە دەرەوەی بەندیخانە تێپەڕ دەکات.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانان، ئەو چالاکە کوردە لە ماڵەکەی خۆیدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بۆ زیندانی تونکابۆن ڕاگوێزرابوو.