کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگواستنی سەیوان ئیبراهیمی بۆ بەندیخانە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی

12:53 - 14 پووشپەڕ 2724

"سەیوان ئیبراهیمی"، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتیی "نۆژین" لە سنە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

بەپێی راپۆرتی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕ، سەیوان ئیبراهیمی کە لە ڕۆژی ٤ی پووشپەڕی ئەمساڵدا پاش کۆتاییهاتنی ماوەی یەک ساڵ بەندکرانەکەی بە تۆمەتی "تێكدانی نەزمی گشتی" لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرابوو، پاش بانگکران بۆ دادگای سنە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٨ مانگ بەندکرانەکەی، ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

سەیوان ئیبراهیمی، لە ڕۆژی ٣ی پووشپەڕدا، لە تۆمەتی "دروستکردنی گرووپ و دەستە بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات" بێتاوان ناسرا و سزای یەک ساڵ بەندکرانەکەی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" بۆ ٨ مانگ کەم کرایەوە.

ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی نوژین، لە گەلاوێژی ١٤٠٢دا، لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەریی سنەوە بە تۆمەتی تیكدانی نەزمی گشتی" بە یەک ساڵ بەندکرانی تەعزیری، لێدانی ٤٠ قامچی و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی "دێزڵاوا"ی کرماشان سزا درا کە لە لقی ١٢ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنەدا سزای دوورخرانەوەکەی بۆ بەندیخانەی دێزڵاوا هەڵوەشایەوە.

سەیوان ئیبراهیمی لە بەفرانباری ١٤٠١دا لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆسییەی هاوسەرەکەی، زارا محەممەدی لە دادگای ئینقلابی سنە دەسبەسەر کرا و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوو.