کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاری بە تۆمەتی بەغی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا

11:07 - 16 پووشپەڕ 2724

شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاری کە ٧ مانگ پێشتر دەسبەسەر کرابوو و ئێستا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ڕەشت دەسبەسەرە، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.

شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاری و خەڵکی ڕەشت لەم دواییانەدا لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ڕەشت بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای ئەندامبوون لە لێژنەی هاواهەنگی بەمەبەستی پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان و نزیکبوونی ئەو ڕێکخراوە لە حیزبی کۆمەڵە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتەکان ئەو سزایە بەشێوەی فەرمی بە پارێزەری شەریفە محەممەدی ڕاگەیەندراوە و ٢٠ ڕۆژ دوای دەرکردنی ئەو سزایە داوای پێداچوونەوە بەو بڕیارە لە دیوانی باڵای وڵاتدا ڕێگەپێدراوە.

جێگەی ئاماژەیە کە دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی شەریفە محەممەدی ڕۆژی شەممە ١٩ی جۆزەردانی ڕابردوو لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ڕەشت بەڕێوە چووە.

شەریفە محەممەدی، هاووڵاتیی تورک و خەڵکی ڕەشت لەلایەن لێپرسانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی سنە، بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاری دەروونی و جەستەییدا بووە.

شەریفە محەممەدی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم و بە توندوتیژی لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ڕەشتدا دەسبەسەر کرا و ماوەی حەوت مانگی ڕابردووی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە و لاکانی ڕەشت و هەروەها گرتنگەی ئیتلاعاتی ئەو دوو شارەدا تێپەڕ کردووە.