کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٥ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە جۆزەردانی ئەمساڵدا

17:08 - 17 پووشپەڕ 2724

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا لە ڕاپۆرتیکی ئاماریدا باسی لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی مانگانەی کوردپا، ٢٥ هاووڵاتیی کورد لەوانە چالاکێکی مەدەنی، ٣ کەس لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ٣ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا و ڕەپێرێک و هاووڵاتییەکی بەتەمەن بە بەندکران سزا دراون و ژمارەیەکی زۆریش بە هۆی کاردانەوە بە مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

"هێمن مام خوسرەوی" برای شەهید "هەژار مام خوسرەوی"، لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە کاردانەوە بە مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی بانگی ئیتلاعاتی مەهاباد کرا و دوای وەرگرتنی بەڵیننامەی نووسراو ئازاد کرا.

هەروەها لەم ماوەیەدا، ئیرەج محەممەدزادە، ڕۆژنامەوانی کوردی خەڵکی جوانڕۆ و ژینا مودەڕس گورجی، چالاکی بواری ژنان لەلایەن دەزگای بەناو دادوەرییەوە بە بەندکران سزا دران.

لەلایەکی دیکەوە، لە حاڵەتەکانی پیشێلکرانی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا دەکرێ ئاماژە بە دەرکرانی "سومەیە ئەختەرشومار" مامۆستا و ئەندامی کانوونی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان  و پرسی حیجاب بکرێ.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لەم مانگەدا ٣ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم لە سنوورەکانی نەوسوود، بانە و مەریوان کوژراون و ٤ کۆڵبەری دیکەش بە تەقەی ڕاستەوخۆ یان بە هۆی لێدانی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمەوە بریندار کراون.

لەلایەکی دیکەوە ٥ هاووڵاتیی مەدەنیی کورد (٢ کوژراو و ٤ بریندار) بە هۆی تەقینەوەی مین و کەلوپەلی شەڕ لە شارەکانی شنۆ، بانە و قەسری شیرین، کوژراون و بریندار کراون.

هەروەها لە ماوەی ئەم مانگەدا ٤ هاووڵاتیی مەدەنی و کاسبکاری خەڵكی مەریوان، سەردەشت، شنۆ و پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم کوژراون و بریندار کراون.