کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧٩ گەلاوێژ

22:54 - 20 گەلاوێژ 2724

ئاسۆ مینبەری

لە مێژووی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، ٢٥ی گەلاوێژ وەک ڕۆژی دامەزرانی ئەم حیزبە، گرینگییەکی تایبەتی هەیە. ئەم ڕۆژە نەک تەنیا بۆ حیزبی دێموکرات و لایەنگرانی بەڵکوو بەگشتی وەکوو وێستگەیەکی گرینگ لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چاوی لێ دەکرێت، هەر بۆیە هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا هەوڵ دەدرێت وردبینانەتر لە ڕابردوو چاو لەو مێژووە پڕ هەوراز و نشێوەکەی بکرێت و بە دەرس‌وەرگرن لە نسکۆ و دابڕانەکان و هەروەها ئەزموونە تاڵ و شیرینەکانی مێژووی ئەو حیزبە، هەوڵ بۆ گەشەپێدان و پێشەنگ مانەوەی بدرێت.

حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی خاوەن ئەزموونی نەتەوەیی، خەریکە ٧٩ـەمین ساڵی دامەزارنی خۆی تێپەڕ دەکات و لەم ماوە زەمەنییەدا توانیویەتی وەک حیزبێکی هەڵقوڵاو لە ویست و داخوازی کۆمەڵگەی کوردستان، هەنگاوی بەجێ، جیددی و کارامە لە چوارچێوەی بونیاتنانەوەی کۆمەڵگەی کوردستاندا هەڵ بگرێت. ئەم حیزبە، لە مێژووی خۆیدا، وێڕای کارکردن لەسەر پرسی نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە  ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هیچ‌کات لە پرس و بابەتەکانی دیکەی ئەو کۆمەڵگەیە خافڵ نەبووە و بە بەردەوامی هەوڵی بۆ داوە.

هاوکات لەگەڵ پرسی نەتەوەیی، پرسە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکان، پرسی ژینگە، پرسی ئابووری، جوگرافیا و دێموگرافیای کوردستان، پرسی مێژوو و بە سەدان پرسی دیکە لە دەستووری کاری ئەم حیزبەدا بووە و هەوڵی داوە بە گونجاندنی ئەم بابەتانە لە چوارچێوەی پێڕەو و پرۆگرامی خۆیدا کاریان لەسەر بکات. یەکێک لەو پرسانە کە لە بەرنامە و پێڕەوی حیزبی دێموکراتدا لە سەرەتای دامەزرانیەوە، گرینگیی پێ دراوە، پرسی ژنان بووە.

پرسی ژن لای حیزبی دێموکرات، هەمیشە پرسێکی گرینگ و جێی بایەخ بووە و هەر لە گەلاوێژی ١٣٢٤ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا کە خەریکە ٧٩ ساڵ بەسەر دامەزرانی ئەم حیزبەدا تێدەپەڕێت، بە بەردەوامی هەوڵ دراوە کاری بۆ بکرێت.

هەوڵ و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لە چوارچێوەی مافەکانی ژناندا، تایبەت بە قۆناغێکی دیاریکراو لە خەباتی ئەم حیزبە نەبووە، بەڵکوو بەرنامەیەکی درێژخایەن بووە کە تا ئێستا بەردەوام بووە و بێگومان بەردەوامیش دەبێ.

ئەوەی کە سەبارەت بە پرسی ژنان لەم حیزبەدا گرینگە، ئەوەیە کە لە هیچ قۆناغێکدا ئەم پرسە پەراوێز نەخراوە و هاوکات لەگەڵ تێکۆشان بۆ پرسی نەتەوەیی، خەبات دژی چەوسانەوەی ژنان و دابینکردنی مافەکانیان، بابەتێکی هەستیار و گرینگ بووە.

شێوازی کار و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لەسەر پرسی ژنان، بە پرۆسەیەکی درێژخایەنی مێژوویییدا تێپەڕیوە، بە جۆرێک کە دەتوانین بڵێین، ئەکتی شۆڕشگێرانەی ژنان لە کۆمەڵگەی ئێستای کوردستاندا، بەرهەمی تێكۆشان و ئەرکوەخۆگریی حیزبی دێموکرات لەمبارەوە بووە. هەر لە یەکەم هەنگاوەکانەوە حیزبی دێموکرات بە دژایەتیکردنی نەریتە ناشیرین و دژەژنەکان هەوڵی دا پشتیوانێکی قایم بۆ ژنان بێت و ئەمەش بە تێپەڕبوونی کات توانی تا ڕادەیەکی زۆر، هەستی متمانە بە خۆبوون بۆ خەبات دژی چەوسانەوە و هەڵاواردن لەواندا زیندوو بکاتەوە.

ئەوەی کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لە ژنان بینراوە، ئاکامی ئەو پشتیوانییە قایمە بووە کە توانیویەتی ژنان بێنێتەوە گۆڕەپانی خەباتەوە و بیانکات بە پێشەنگی خەباتەکە. ئەڵبەت نابێ ئەوەمان لە بیر بچێ کە لە پاڵ ئەم پشتیوانییەدا، خودی ژنانیش هەوڵیان داوە لە ژێردەستەیی بێنە دەر و بە خوێندن و بڕینی قۆناغەکانی خوێندن و هەنگاونان لە بازنەی کۆمەڵایەتی و ئابووری، سەربەخۆییەک بەدەست بێنن و وەک مرۆڤ خۆیان پێناسە بکەنەوە و هاتنە مەیدان بۆ وەرگرتنی مافەکانیان بە ئەرکی خۆیان بزانن.

لە دوو ساڵی ڕابردوودا و لە چوارچێوەی شۆڕشی ژینادا، ئەکتی خەباتکارانەی ژنان، بەشێکی زۆری پێوەندیی بەو متمانەبەخشینەوە هەبوو کە لە چوارچێوەی بەرنامەی و گوتاری حیزبی دێموکراتدا پێناسی بۆ کرا، هەروا کە حیزبی دێموکرات باسی لە ئازادیی ژنان و پێشەنگایەتیی خۆدی ژنان بۆ چارەسەرکردنی پرسە پێوەندیدارەکان بە خۆیان دەکرد و ئەوانی بە سەرەکیترین ئەکتەری گۆڕەپانی خەبات دژ بە چەوسانەوەی ڕەگەزی دەزانی، ژنانیش بەرەوپیری ئەم ڕوانینەوە چوون و بە خۆ تەیارکردنی دووبارە بە زانست و تێگەیشتن و بە خوێندنەوەی دروست لە پێگەی خۆیان وەک بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگە، پێگەی ڕاستەقینەی خۆیان دۆزییەوە.

ئێستا کە ٧٩ ساڵ بەسەر دامەزارنی حیزبی دێموکرات وەک حیزبی پێشەنگ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تێدەپەڕێت، نابێ لەبیرمان بچێت کە هەر لە چوارچێوەی ئەم حیزبەدا ژنان هاوتەریب لەگەڵ خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆیان، خەبات بۆ نەتەوەشیان بە ئەرکی خۆیان زانیوە و لەم ڕێگایەدا قورسترین نرخەکانیان داوە. ٧٩ گەلاوێژە کە ژنان لە چوارچێوەی حیزبی دێموکراتدا ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوەیی و خەباتی ڕەگەزین و بە ئیلهاموەرگرتن لە وتە و ئاکاری ڕێبەران و بە پشتبەستن بە بەرنامە و پرۆگرامی ئەم حیزبە لەم چوارچێوەیەدا هەنگاو هەڵدەگرن.

دوکتور قاسملووی نەمر لە کۆبوونەوەیەکدا هاوکات لەگەڵ باسکردن لەسەر پرسی ژنان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لە ئەگەری دابینبوونی مافی نەتەوەییشتماندا، هەوڵەکانی ژنان بۆ دەستخستنی مافەکانیان هەر دەبێ بەردەوام بێ، هەر بۆیە نەک تەنیا بە گەڕانەوە بۆ ئەم ٧٩ ساڵە بەڵکوو، بە تێگەیشتن لە خەبات و تێكۆشانی ژنانی پێشەنگی جیهان و خوێندنەوەی دروست سەبارەت بە کۆمەڵگەی کوردستان و بەستێنی خەبات، دەبێ هەنگاوەکان بۆ دەستەبەرکردنی مافی ژنان بەردەوام بێت و ئەم ئەرکە، بەبێ جیاوازی دەبێ ئەرکی قورسی سەر شانی هەموو تاکە ئازادیخوازەکانی کوردستان بێت.