کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ١٢ی ئاگۆست، ڕۆژی جیهانیی لاوان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
ڕۆژی جیهانیی لاوان، کە لەلایەن کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بە دروشمی "بنیاتنانی جیهانێکی باشتر؛ وێڕای لاوان" وەک بۆنەیەکی جیهانی دیاری کراوە، لە سەرجەم لاوانی کوردستان و ئێران پیرۆز بێت.
کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک ڕێژیمێکی دواکەوتوو و داپڵۆسێنەر، نە تەنیا باوەڕی بەم سەرمایە کۆمەڵایەتییە نییە، بگرە زۆرترین دەوری هەبووە لە سەرکوت و ئەشکەنجە و کوشتوبڕی لاوان.
ڕابردوو و ئێستای ئەم ڕێژیمە لە زەوتکردنی مافی ژیانی سەردەمیانە، شکاندنی کەرامەت و بێبەشکردنیان لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و هتد، بەڵگەنەویستە. لە وەها دۆخێکدا، لاوان بە وشیاری و ئیرادەی تێکۆشان لەپێناو ژیانێکی شایستە، لەسەر شەقامەکان و لە خوێندنگاکان و بوارەکانی دیکە، پاڵنەر و بەشداری بزووتنەوە جەماوەری و ناڕەزایەتییەکان بوونە دژ بە ڕێژیم. بە تایبەت کە پێگە و وزەی پەنگخواردووی لاوانی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ لە بزووتنەوەی ژینا، هیچ گومانێکی نەهێشتووەتەوە کە لاوان، وەک سەرمایەیەکی گەورە و پڕبەهای مرۆیی و کۆمەڵایەتی، لە بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش دەوری سەرەکییان هەیە و هێزی بزوێنەری گۆڕانگاریی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتین لە بنیاتنانی داهاتوویەکی جیاواز لە ڕابردوو.
ئەم بۆنەیە لە سەرجەم لاوانی بەهەست و شۆڕشگێڕی ئێران و کوردستان پیرۆز بێت.
مستەفا هیجری
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٣