ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ئاگۆستی ٢٠٢٤ی زایینی، کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن "پارتی یەکێتیا دێموکڕاتا کورد لە سوریە" بە فەرمی بانگھێشتی ڕێوڕەسمی تەواوکردنی قۆناغی خوێندنی دواناوەندیی خوێندکارانی تاراوگەنشینی کورد لە دوورگەی “شیلەند”ی ئەم وڵاتە کرابوو.
"ئەحمەد ڕەحمانی" بەرپرسی بەشی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حیزب لەم وڵاتە بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی حیزب بەشداری ئەم چالاکییە بوو.
نوێنەری حیزب پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆمیتەی دانمارکی پێشکەش بە بەشداران کرد و لەلایەن بەشدارانەوە بە گەرمی پێشوازی لە پەیامی کۆمیتەی حیزب کرا.
لە بەشێک لە پەیامەکەی کۆمیتەی حیزبدا ھاتبوو:
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ھەر لە سەرەتای دروستبوون و تەمەنی ٧٩ ساڵەی خۆیدا، ھەروەھا بە ئاوڕدانەوەیەک لە دیرۆکی شۆڕش و ڕاپەڕینی سمکۆی شکاک بۆ بواری خوێندن و پەروەردەکردنی زارۆڵەکانی کورد بە خوێندەواری ھەمیشە باوەڕمەند بە پەروردە و فێرکردن بووە و بۆ ئەم مەبەستەش ھەر لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە ئەم ھەوڵە بەردەوام بووە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی تێکۆشانی چەندین دەیە لە خەباتی خۆیدا گرینگییەکی تایبەتی بەم بوارە داوە و ھەمیشە پشتیوانی توێژی قوتابییان و خوێندکاران بووە.
نوێنەری چەندین ھێز و لایەنی سیاسیی کوردستانی، فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان، نوێنەری "پارتی دێموکرات مەسیحییەکان KD "ی وڵاتی دانمارک لەم ڕێوڕەسمەدا بەشدار بوون و پەیامیان خوێندەوە.