کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لایەنگرانی پزشکیان دەستیان لە کونی هەمبانەکەوە دەرچوو

12:30 - 25 گەلاوێژ 2724

لایەنگرانی پزشکیان دەستیان لە کونی هەمبانەکەوە دەرچوو

 

مەنسور مروەتی

رۆژی ٢١ی گەلاوێژ کابینەی پێشنیاریی مەسعوودی پزشکیان لە مەجلیسی شورای ئیسلامی لەلایەن سەرۆکی مەجلیسەوە خوێنرایەوە و بەپێی ئەو لیستەی خرایە ڕوو، یەکەم هەنگاوی ڕەئیسی لە پێکهێنانی کابینەکەیدا هەنگاوێکی زۆر لاواز بوو و تەنانەت نەیتوانی دڵی لایەنگرانی خۆشی ڕازی بکا. بەمجۆرە لەو بەڵێنانەی کە پزشکیان بە خەڵکی دابوو هەتا ئێستا جگە لە قەولی گوێڕایەڵی بە خامنەیی هیچیان وەدی نەهاتوون و لەوەناچێ بەلایاندا بڕوا.

سەرکۆماری تازە هەر لەسەرەتاوە دیار بوو کە بە ڕێککەوتنێکی نێوان ئیسلاحخوازەکان و ئوسووڵگەراکان لە سندووقەکان هاتووەتە دەرێ و تەنانەت دوای سەرکەوتن و داوای بەشی لایەنەکانی نێودەسەڵات لە کابینەی داهاتوودا بێهزادی نەبەوی، کەسی دیاری نێو ئیسلاحخوازەکان بەئاشکرا گوتی، لێیگەڕێن، ئەو بۆ خۆشی قوربانییە. واتە هیچ دەسەڵاتێکی نییە و کابینەی داهاتوو و دەوڵەتی داهاتوو لە دەسەڵاتی ئەودا نابێ. پزشکیان هەر لە سەرەتاوە و لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا زۆر بە ڕوونی ئەیگوت کە لە خەتی ڕێبەری لا نادا و دواتریش لە یەکەم وتاری دوای سەرکەوتن گوتی، ئەگەر ڕێبەر نەبایە ئەو لە سندووقەکان نەدەهاتە دەرێ.

هەموو ئەوانەی باس کرا ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە لای خەڵک ئاشکرا بوو نە سەرکۆماری تازە لەوانەی پێشووتری خۆی شتێکی تازەی پێ دەبێ و نە کابینەکەی شتێکی سەیروسەمەرە دەبێ بۆ چاکسازی و باشتر کردنی ژیانی خەڵک، بەڵام بەو حاڵەشەوە ئەو بەڵێنانەی دابووی خراپ نییە وەبیری ئەو کەسانە بهێنرێنەوە کە تەماحی خۆیان لە دەسەڵات وای کردبوو بەجیددی هەوڵیان دا شکست بە بایکۆتی بەربڵاوی خەڵک بهێنن و بەهەر جۆرێک بووە خەڵک بهێننە سەر سندووقەکانی ڕەئیدان.

ئەوەی کە پزشکیان لە کاتی بانگەشەکاندا بەڵێنی دا گەشتی ئیرشاد کۆ بکاتەوە و کۆتایی بە سەپاندنی حیجابی ئیجباری بێنێ و فیلترینگ لابەرێ با جارێ بمێنێ، هەرچەند هەر ئێستا ڕوونە کە ئەوە لە توانای ئەودا نییە و ناکرێ و دانانی هەندێک کەس وەک وەزیر بۆ ئەو بوارانە رێک پێچەوانەی بەڵێنەکەیەتی؛ بەڵام هەر لە بنەڕەت‌ڕا قەول و بەڵێنیەکانی بۆ پێکهاتەی کابینەی نوێ سەرنجڕاکێش بوو کە هیچیان نەهاتنە دی.

لە پێکهاتەی کابینە پێشنیارکراوەکەدا تەنیا یەک خاڵ بە ئاشکرا دیارە، ئەویش ئەوەیە هەموو وەزیرەکان بە ڕەزامەندیی خامنەیی و لە ژێر چاوەدێری ئەودا پێشنیار کراون. هیچ‌کام لەو بەڵێنانەش کە دواتر لە شورای راهبوردیی جەواد زەریفیش بۆ پێکهێنانی کابینەدا لەبەرچاو نەگیراون و کابینەکە کابینەییکی تەواو داخراو و ملکەچی ڕێبەرن.

خامنەیی چەندین جار گوتی ئەم کابینەیە دەبێ کابینەیەک بێ لە چەشنی کابینەکەی برایمی ڕەئیسی و ئەلحەق کە چاوی لێ دەکەی شتێکی وەهایە. جارێ لە پێشدا سێ کەس لە وەزیرەکان هەمان ئەوانەی دەوڵەتی ڕەئیسین و جیا لەوەش ئەمە یەکەم جارە سەرکۆمار لە دیاریکردنی کەسەکاندا پرس بە ناوەندە ئیتڵاعاتی و چاوەدێرییەکان دەکا. هیچ کام لە وەزیرە پێشنیارییەکان لە کەسە دیارەکانی نێو ئیسلاحخوازەکانیش نین کە خودی پزشکیان کاندیدای ئەوان بوو.

هەروەها بڕیار بوو لە سەتا بیستی کابینەکە لە ژنان پێک بێ، کەچی تەنیا یەک ژنی تێدایە و ئەویش لە لایەنی ئوسوڵگەراکانە.

سیاسەتی دەرەوەش کە لەژێر دەسەڵات و چاوەدێریی ڕێبەری دایە و بەم وەزیرە پێشنیارییە یان هەر کەسێکی دیکە لەوە ناچێ گۆڕانێکی ئەوتۆ لە ڕوانین و هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە دنیای نێودەوڵەتی بێتە ئاراوە.

بەڵام خاڵی سەرنجڕاکێش تر لەوانەی باس کرا، ئەو بەڵێنانەیە کە لە کاتی بانگەشەکاندا بە نەتەوە نافارسەکان و سونی مەزهەبەکان درابوو. ئەم بابەتە گرینگترین بابەتێکی نێوخۆیی بوو کە لایەنگرانی پزشکیان باسیان دەکرد و بەڵێنیان بە خەڵک دەدا، کەچی لە کابینە پێشنیارییەکەدا، ئەم بابەتە بەهیچ جۆرێک لەبەرچاو نەگیراوە و بەلاشیدا نەچوون. لێردایە دەبێ لەو کەسانە کە بەڵێنی وەهایان بە خەڵک دەدا پرسیار بکرێ، کوا ئەو قەولانەی لە کاتی بانگەشەکاندا بە خەڵکتان دەدا؟

ئەگەرچی ئەم سەرکۆمارە بە کەمترین رێژەی دەنگدانی خەڵک بووەتە سەرکۆمار و ئەوەش بۆ خۆی خاڵێکی لاوازە بەڵام بۆ خۆشی کەسێکی لاواز و گوێڕایەڵە، لەم سۆنگەیەوە ئەی چلۆن دەکرێ بەو هەموو لایەنە تەماحکار و گەندەڵەی نێو پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی سەرکۆمارێکی وەها لاواز و ناسیاسی بتوانێ گۆڕانێک لە دۆخی ئابووری خەڵکدا بکا. چونکە دۆخی ئێران و پێکهاتەی سیاسی ئەو ڕێژیمە ئابووریزانەکانی بە تەواوی خستووەتە پەراوێزەوە و ئەوەی ئابوورییەکەی بەدەستە هەمان گەندەڵە بەناو سیاسیەکانی نێو دەسەڵاتن کە دۆخی خەڵک و ئابووری ئێرانیان گەیاندووتە ئەم ڕۆژە.

بەو پێیەی باس کرا ژێریی سیاسی خەڵکی ئێران لە بایکۆتی هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتووی سەرەکیی مەیدانەکە بوو، دەنا ئەم دۆخە قەیراناوییەی کە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئاخوندی بەسەر ئێرانیان هێناوە، نە بەم مەسعوودی پزشکیانە و نە بە هیچ سەرکۆمارێکی نێو ئەم بازنە داخراوە چاک نابێ و تەنیا ڕێگای ڕزگاریی خەڵک لە گۆڕنان و تێکەوەپێچانی ئەم ڕێژیمەیە.