کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانیکەم ٥٥ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی جوولای ٢٠٢٤

11:58 - 13 گەلاوێژ 2724

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانیکەم سزای سێدارەی ٥٥ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کراوە.

ئەو ئامارە بە بەراورد بە مانگی ژوئەن کە ١١ بەندکراو لەسێدارە درابوون، ٤٤ حاڵەت واتا ٤٠٠ لەسەد زیادی کردووە.

بەپێی ئاماری هەنگاو، لە ماوەی مانگی جوولای ٢٠٢٤دا، لانیکەم سزای سێدارەی ٥٥ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە کە ناسنامەی ٤٩ بەندکراو بە تەواوی ئاشکرا بووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی جوولایدا لانیکەم سزای سێدارەی ١٤ بەندکراوی تورک، ٨ بەندکراوی بەلووچ، ٦ بەندکراوی کورد، ٣ بەندکراوی گیلەک و ٣ بەندکراوی لوڕ لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. هەروەها لانیکەم ٧ هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستانیش لە مانگی ڕابردوودا لەسێدارە دراون.

شایەنی باسە کە لە سەرجەم ئەو ٥٥ بەندکراوەی کە لە مانگی جوولایدا لە سێدارە دراون، تەنیا ٢ حاڵەت لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای بەناو دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ٨ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بەبێ ئاگاداریی بنەماڵە و مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان جێبەجێ کراوە.

 لە ماوەی مانگی جوولایدا زیاترین لەسێدارەدرانەکان پەیوەندییان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بووە کە ٣٣ حاڵەت واتا ٦٠٪ی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت.