کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٨ی گەلاوێژ، فیتوای جیهاد و شەڕێکی بەردەوام دژی کورد

23:58 - 27 گەلاوێژ 2724

عەلی بداغی

ئەم شەڕەی کۆماری ئیسلامی لە ئێران بە نەتەوەی کورد دەکات و لە هەموو ڕەهەندکاندا لە ئارادایە، هەر لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧ بە لەشکەرکێشیی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ناوەندی لەسسەر بنەمای فیتوای ئایەتوڵڵا خومەینی بۆ بنەبڕکردنی بەناو “کوفر” لە کوردستان دەستی پێ کرد. کوفرە گەورەکەی کورد ئەوە بوو زۆر زوو جەوهەری دەسەڵاتی نوێی لە تاران ناسی و ئامادە نەبوو ئەو ڕێژیمە بەڕەسمی بناسێ. کوفرەکە ئەوە بوو خەڵکی کوردستان ئەو ماف و ئازادی و دەسکەوتانەیان دەویست کە بەدرێژایی مێژووی هاوچەخ خەباتیان بۆ کردبوو و ڕووبارێک خوێنیان بۆ دابوو. کوفرەکە ڕاوەستان لەبەرامبەر دەسەڵاتی ڕێژیمێکی داپڵۆسێنەر و "نا"گوتن بە توانەوە و بندەستی بوو. ئەوەش لە ڕوانگەی مەلاکانی جەمارانەوە گوناحێکی کەبیرە بوو کە کورد دەبوا تاوانەکەی بدا و لەوکاتەوە گەلی ئێمە ئەوە زیاتر لە چوار دەیەیە تاوانی ماف‌ویستی و ئازادیخوازیی خۆی دەدا.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا پتر لە ٢٢٠٠ کەسی لە کوردستان بە تاوانی! دژایەتی لەگەڵ نیزامی ویلایەتی فەقیهـ ئێعدام کردووە. لە نێوخۆی وڵات، باشووری کوردستان و دەرەوەی وڵات زیاتر لە ٤٥٠ کادر و پێشمەرگە و تێکۆشەری کوردی تێرۆر کردووە. ٣٢ گوندی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵکوژ کردووە و لەو ڕەشەکوژییانەدا ٢٨٠ گوندنشین -پیر و لاو و ژن و منداڵ-ی قەڵاچۆ کردوون، هەروەها ٤١ گوندی بەهۆی خۆڕاگریی خەڵکەکەی تەختی زەویی کردوون. لە مەیدانی شەڕی ڕاستەوخۆشدا بەهۆی هیڕشی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و بەرگریی ڕەوای هێزی پێشمەرگە نیزیک بە حەوت هەزار پێشمەرگەی هێزە سیاسییەکانی کورستان شەهید بوون و بە هەزاران کەس خەڵکی سڤیل و بێ‌دیفاع کە لەنێو ئەوانیشدا دیسان بە سەدان ژن و منداڵ دەبیندرێ گیانیان لێ ئەستێندراوە. زیاتر لە ٢٥٠٠ کەس خەڵکی مەدەنی -شوان، وەرزێڕ، منداڵ، کۆڵبەر و کاسبکار- بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراون و پتر لە ٤٥٠٠ کەسیش هەر بەو هۆیە بریندار و نقوستان بوون.

ئەم شەڕە داسەپاوە لە کوردستان لە هەموو گۆڕەپانەکاندا و بە هەموو مێتۆد و شێوازێک درێژەی هەبووە. کوردستان بەهۆی ڕوانگەی ئەمنییەتی، کەمترین پشکی لە بودجەی وڵات بۆ ئاوەدانی و بۆ وەبەرهێنان تەرخان کراوە، کەچی ئاو، دار، بەرد و زێڕ و کانە سروشتییە سەرزەوی و ژێرزەوییەکانی بەتاڵان براوە و تەنانەت لێڕەوار و دارستانەکانیشی ئاگر دراون و سووتێندراون.

هەژاری، بێ‌دەرەتانی و بێکاریی لەڕادەبەدەر لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران کە لێکەوتەی سیاسەتی پەراوێزخستنی ئابووریی کوردستانن، لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان پەرەی بە دیاردەی کۆڵبەری داوە، بەڵام لەوێندەرێش هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کاسبکاران دەچنە کەمینەوە و دەیاندەنە بەر دەستڕێژ و ڕۆژ نییە چەند کۆڵبەری کورد خەڵتانی خوێن نەکرێن.

ئەم شەڕە لە بەستێنی کولتووری و شەڕی نەرمیشدا هەم درێژەی هەبووە و هەم دەرەنجامی جیاوازتری لێ کەوتووەتەوە. ستراتیژیی شەڕی نەرمی ڕێژیم لەدژی کورد ئەمە بووە کۆمەڵگەی کوردی تووشی قەیرانی شوناس بکا، مێژووی بزووتنەوەی سیاسیی کورد چەواشە و ئاستی داخوازەکانی کورد بۆ لانیکەمی خۆی دابەزێنێ، لە پێگە و هەیبەتی کاریزما و ڕێبەرانی جووڵانەوەی کورد بدا، بە پەرەپێدان بە هەستی ئێرانچیەتی ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانیی خەڵکی کورد لاواز بکا، بە دروست‌کردنی درز و کەلەبەر لەنێوان کۆمەڵگەی کوردستان و حیزبە کوردییەکان لە ئێعتبار و متمانەی هێزە دژبەرەکانی بدا و مەیدانیان پێ چۆڵ بکا و؛ دواجار جۆرێک بنوێنێ کە ئەننەهوو شتێک بە ناوی پرسی کورد لە ئێران‌دا نەبووە و نییە! بۆ ئەو مەبەستەش ئیمکانات و هێزی ماددی و مرۆیی زۆروزەوەندی تەرخان کردووە. بەڵام هەموو ئەو پیلان و پلانە ورد و درشت و نەرم و ڕەق‌ئامێرییانەی کۆماری ئیسلامی نەک سوودێکی ئەوتۆی بۆ ڕێژیم نەبووە، بەڵکوو ئاکامی پێچەوانەشی لێ کەوتووەتەوە. بۆ نموونە:

ڕێژیم زۆر هەوڵی دا کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شوناسی نەتەوەیی خۆی دابماڵێ، کەچی هەر ڕووداوێک و هەنگاوێکی گرینگ و مێژوویی لە پێوەندی لەگەڵ پرسی کورد –تەنانەت لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش-دا، ڕەنگدانەوەکەی لە شەقام و چالاکییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا بە چاوی خۆی دەیبینێ. ڕێژیم هەوڵی زۆری دا دیوارێکی گەورە لە نێوان کوردی شیعە و کوردی سووننە و، دەستەخوشکیی مەهاباد و سنە و کرماشان و ورمێ‌دا دروست بکا؛ بەڵام بوومەلەرزەکەی کرماشان و ئەو حەماسە نەتەوەیی و کوردانەیەی لە ماکۆوە هەتا سەرپیڵی زەهاو وەڕێ خرا، ئەم دیوارەی بەسەر کۆماری ئیسلامی و ستراتیژیستەکانی‌دا ڕماند. چیی نەکرد بۆوەی حیزبی دێموکرات و هێزە کوردییەکانی دیکە لەپێش چاوی خەڵکی کوردستان بخا، بەڵام کاتێک ویستی ئاکامی چوار دەیە هەوڵ و بەرنامەدانان و تێچووەکانی لە مووشەک‌بارانی ١٧ی خەرمانان و پاییزی ١٤٠١ی بنکەکانی حیزبی دێموکراتدا هەڵگرێتەوە؛ مانگرتنەکەی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧، مانگرتنەکانی پاییز و دواتری ١٤٠١ و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان بۆ بەخاوەن‌کردنی کوڕ و کچە پێشمەرگەکانیان و حیزبە خۆشەویستەکەیان تاساندنی.

پاش ٤٥ ساڵ، ٢٨ی گەلاوێژ و ڕۆژیادی فیتوای خومەینی دژی نەتەوەی کورد دەرخەری دوو دنیابینیی جیاوازی کورد و کۆماری ئیسلامی و، هەروەها بەڵگەی بەرحەقی خەباتی کورد لە ئێران لەپێناو مافە نەتەوەیی و مەدەنییە ڕەواکانی لەدژی کۆماری ئیسلامییە.