کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی وێبینارێک بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ بۆ کاک مستەفا مەولوودی

11:45 - 28 گەلاوێژ 2724

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، وێبینارێکی تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ٣٠ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات لەلایەن کۆمیتەی حیزب لە سوید بۆ کاک مستەفا مەلوودی ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەڕیی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.

سەرەتای وێبینارەکە بە پیرۆزبایی ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزب و هەروەها ساڵڕۆژی وەسەریەککەوتنەوەی ڕێزەکانی بنەماڵەی گەورەی حیزبی دێموکرات لەلایەن بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوید، نەبەز عەلیدووست دەستی پێکرد.

ناوبراو وێڕای بەخێرهاتنی کاک مستەفا مەولوودی ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب دەستپێکی وێبینارەکەی ڕاگەیاند.

کاک مستەفا مەلوودی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی لەو دەرفەتە پیرۆزبایی هەر دووک یادەکەی لە بەشدارانی وێبینارەکە کرد و لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕووداوە خۆش و ناخۆشەکانی مانگی گەلاوێژ وەک: دامەزرانی حیزبی دێموکرات، دەرچوونی فەرمانی شوومی "خومەینی" واتە، جیهاد بە دژی خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٣٥٨دا و هەروەها وەسەریەک کەوتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات دوای ١٦ ساڵ دابڕان کرد.

کاک مستەفا لە قسەکانیدا وتی: هەر وەک چۆن حیزبی دێموکرات بە دامەزرانی بوو بە ئولگوویەک بۆ پێکهێنانی حیزبی مودێڕن لە مێژووی سیاسیی کورددا ئاواش بوو بە ڕچەشکێنی وەسەریەکخستنەوەی هێزی کوردی.

ناوبراو لە وڵامی ئەو پرسیارانەدا کە زۆرجار لە ڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە  دەورووژێندرێن وتی؛ حیزبی ئێمە بەپێی بەرنامەی سیاسیی خۆی بۆ وەدیهێنانی مافەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی ئێراندا تێدەکۆشێ، هەر بۆیە دەبێ لەگەڵ هێزەکانی دیکەی ئێرانی، بەتایبەت سەر بە نەتەوەکانی دیکە لە پێوەندیدا بێت و گرتنەپێشی شێوە جۆراوجۆرەکانی خەباتیش بەپێی هەلومەرج هەر لەپێناو خولقاندنی کەشێکی لەبار بۆ ڕێگاچارەی سیاسیی کێشە ڕەواکەماندایە.

ناوبراو خەباتی جەماوەریی بە هەموو لق و پۆپەکانییەوە وەک شێوەیەکی پێشکەوتوو و سەردەمییانە و لەخۆبوردووانەی چین و توێژەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی بەرز نرخاند.

لە پێوەندی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستاندا دووبارە پێی لەسەر سیاسەتی تا ئێستای حیزب داگرتەوە کە وێڕای پشتیوانی لە خەباتی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان ڕێزمان بۆ سەربەخۆیی سیاسیی هێزە سیاسییەکانی ئەو بەشانە هەیە.

کاک مستەفا لە دوا بڕگەی وتەکانیدا لەسەر بارودۆخی ئێستای حیزب وتی: حیزبی دێموکرات تا ئێستا نیشانی داوە توانای زاڵبوون و تێپەڕاندنی تەنگ و چەڵەمەکانی سەر ڕێگای خەباتی هەیە و پێویستە ئەندامانی حیزب لە حیکمەتی پشتی بڕیاراتی حیزب دڵنیا بن.

دوای وتەکانی کاک مستەفا بەشداران بە پرسیار و پێشنیارەکانیان باسەکەیان دەوڵەمەندتر کرد، کە کاک مستەفا وڵامی پرسیارەکانی دایەوە و وێڕای پێشوازی لە پێشنیارەکان بەڵێنی دا بیانگەیەنێتە بەڕێوەبەرایەتیی حیزب.